هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک رایگەیاند، کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستانە، دەشڵێت: "نابێت رێگەبدەین عێراق بخرێتە نێو شەڕ و کێشە و ئاڵۆزیی زیاترەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک وتى: "20 ساڵ ئەزموونی ئازادی لە عێراق دەکرا زۆر باشتر بووایە. ئەگەر دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرابا و فیدراڵی کە سیستمی عێراقە و گەلی عێراق دەنگی بۆ داوە، جێگیربکرابا. جێبەجێنەکردنی سیستمی فیدراڵی، پابەندنەبوون بە دەستوورەوە زۆر کێشە و ناکۆکیی سیاسیی هێناوەتە ئاراوە و ناسەقامگیریی هەمەلایەنەی لە عێراق دروستکردووە. وایکردووە کە سەقامگیریی عێراق هەمیشە بە لەرزۆک ببیندرێت."
وتیشى: "پێمانوایە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق."
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، "ئازایەتیی راستەقینە چارەسەرکردنی كێشەکانە؛ شەڕ جگە لە پەرەسەندنی بیری تۆڵەسەندنەوە و توندوتیژی و وێرانکاری، هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە."
سهرۆكی ههرێمی كوردستان ئاماژهی بهوهشدا، شەڕی ئیسرائیل و حەماس جارێكی دیكە ئەو راستییەی سەلماند كە ئاسایشی جیهان چەمكێكی واتادار و راستەقینەیە، بەرفراوانبوونی شەڕەكە و تێوەگلانی زیاتری وڵاتانی ناوچەكە و جیهان لە كێشەكەدا، دۆخەكە سەختتر و ترسناكتر دەكات، لە دۆخێكی ئاوادا ئێمە لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەبێ لە هەموو كاتێك زیاتر، بەوپەڕی وشیارییەوە مامەڵە بكەین، هەر چۆنێك بێت بە هیچ پاساوێك نابێت ڕێگە بدەین عێراق بخرێتە ئەم شەڕە و ناكۆكیی زیاترەوە، چونكە زیانێكی زۆری لێ دەدات.
نێچیرڤان بارزانی، لهمیانهی وتارهكهیدا وتیشی، كێشەكان بە دواخستن و كپكردن چارەسەر ناكرێن، بەڵكوو گەورەتر دەبن و ڕۆژێك خراپتر دەتەقێتەوە، هێز و شەڕ و توندوتیژی هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات، رەنگە لە كات و دۆخێكدا بۆ ماوەیەك كپ و بێدەنگیان بكات، بەڵام كێشەكان قووڵتر دەكاتەوە، ڕێگەی ڕاست ئاشتییە، ئازایەتیی راستەقینەش چارەسەركردنی كێشەكانە، شەڕ جگە لە پەرەسەندنی بیری توندوتیژی و وێرانكاری، هیچی دیكەی لێ ناكەوێتەوە، ئەوكاتیش هەموان دەبێ باجی گەورە بدەن، ڕێك وەك ئەوەی ئێستا لە ناوچەكەدا هەیە.
له كۆتاییدا سهرۆكی ههرێمی كوردستان باسی لهوهش كرد، چارەسەری دوو دەوڵەت وەك لە بڕیارە نێودەوڵەتییەكاندا هاتووە كە مافی بوون و ئاشتی بۆ هەردوو لا مسۆگەر بكات،. تاكە ڕێگەی نەمانی ئاڵۆزییەكان و كۆتاییهێنانە بە كێشەكان، چەندین دەیەیە لە شەڕ و پێكدادان تێپەڕین، هیچ ئەنجامێكی نابێت نە بۆ فەڵەستین و نە بۆ ئیسرائیل، چارەسەر ئازایەتی و ئیرادەی جددییە بۆ ئاشتی، ئێستا كاتی ئەوەیە هەموو جیهان هەوڵ بدات ئەم شەڕە ڕابگیرێت، كوشتن و زیانی مەدەنی لە غەززە كۆتایی پێ بهێندرێت، دیل و بارمتە مەدەنییەكان ئازاد بكرێت، دوای ئەوەش چارەسەری بنەڕەتیی كێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل جێبەجێ بكرێت لەسەر بنچینەی دوو دەوڵەت، ئەگینا دووبارەكردنەوەی مێژوو هەمان ئەنجامی ئێستای دەبێت و دیسان بەیانییەك لەناكاو لەگەڵ خراپتربوونی كێشەكە بەئاگا بێینەوە.