دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 19/11/2023

سیناریۆکانى پشت لادانى حەلبوسی ، عێراقێک بە بێ سوننە ‎

شیعە چۆن دەیەوێ هەژموون بکات بەسەر پێکهاتەکانی عێراقدا؟!

‎لەوەتەى عێراق لە ساڵی 1921 ەوە بوەتە کیانێکی سەربەخۆ، لەژێرسایەى ئینگلیزەکاندا دەوڵەتى ڕاگەیاندووە، لە عەرەبستانى سعودییەوە پادشایەکیان بۆ هێناوە، تا 2003 سوننەکان دەسەڵاتداربوون و شیعەکانیش کەمینەو کەمدەسەڵات و ڕەوێنراوو تۆقێنراوبوون، بەڵام لەپاش هاتنى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى بۆ عێراق، بە ناڕاستەوخۆ عێراقیان ڕادەستى شیعەکان کردوەو تا ئێستا زۆرینەى دەسەڵات لای شیعەکانە و سونەکانیش بونەتە کەمینە، ئەویش ئەوانەیان کە لەگەڵ دەسەڵاتدا وێکدێنەوە، ئەگینا سونەکانى دەرەوەى دەسەڵات جگە لە خەڵکێکی پەراگەندەو دەرکراو و ڕاوەدونراو هیچی تر نین، جگە لەوەش لەسەردەمى سەرهەڵدانى داعشیش دا ناوچە سونییەکانى وێرانکرد، لە موسڵ، تکریت و سامەڕادا جگە وێرانەیەک هیچ تریان لەدواى خۆیان جێنەهێشتووە، پرسیارەکە ئەوەیە؛ لە هەڵمەتى ئەمجارەى دورخستنەوەى محەمەد حەلبوسی لە ئەندامێتى ئەنجومەنى نوێنەران چی پەیامێکی لەپشتەوەیەو لەوێشەوە عێراق بەرەوکوێ ئاڕاستە دەکرێت؟ ‎

دادگاى فیدراڵی لەڕێگەى نامەیەکی واتساپەوە، لەنێو گەرمەى کۆبونەوەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دا سەرۆکی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەسەر داوای پەرلەمانتارێکی وازهێنراو بەناوى –لەیس دلێمی – سوننە مەزهەب و هاوڕێی خۆی لەکارەکەى دوورخستەوە، بەو پێیەى کە بە گزی و فێڵ لە پەرلەمان دەرکراوە، حەلبوسیش لەنێو کۆبونەوەکەدا دواى خوێندنەوەى نامەکە، ڕایگەیاندووە: دادگاى فیدراڵی لەبڕیارێکى نامۆدا مافی ئەندامێتى منى لەپەرلەمان سەندوەتەوە، هەرچەندە ئەم کارە پێچەوانەى دەستوورە لەگەڵ ئەوەشدا نازانم لەکوێوە چپاندویانە بەگوێیاندا، هەروەها ڕاشیگەیاندووە کە پەنا بۆ یاسا دەبات و لەو بابەتە بێدەنگ نابێت.

‎دواى بڕیارەکەى دادگا، -پارتى تەقەدوم- کە حەلبوسی سەرۆکایەتى دەکات لە پرۆسەى سیاسی کشایەوە، ئەم هەنگاوەش بە ئەگەرى پەکخستنى هەڵبژاردنی ئەنجومەنى پارێزگاکان لێکدراوەتەوە و هەندێکی دیکەش پێیان وایە حەلبوسی نایەوێت لە پەنجەرەوە بگەڕێتەوە، بەڵکو دەیەوێت لەڕێگەى هەڵبژاردنەکانەوە بەهێز و شکۆی خۆیەوە بگەڕێتەوە نێو پرۆسەى سیاسی و لە داهاتوشدا بەپۆزەوە بچێتەوە سەر کورسی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام هێشتا دیارنییە چەندە بەخت یاوەری دەبێت و لەیاری نێوان ئێران و ئەمریکادا ئەو هەلەى بۆ هەڵدەکەوێت.

‎خالد عەرداوی، پسپۆڕی یاسایی بە –الجزیرة- ى ڕاگەیاندووە ئەم کارە ناکۆکی زیاتر لە نێو پێکهاتەکانى عێراقدا دروستدەکات و ڕێگەش بۆ دەستێوەردانى دەرەکی ئاسانتر دەکات، بەپێى بۆچونەکانى ئەو شرۆڤەکارە جگە لەوەى بڕیارەکە یاساییە، بەڵام لێدانە لە پێگەى سونەکان و نەهێشتنى متمانەیانە لەنێو سونەکان و پێکهاتەکانى تری عێراق، بەتایبەتى لە سەروبەندی هەڵبژاردنى پارێزگاکاندا کە بڕیارە پێش لە کۆتایی ئەمساڵ و لەرۆژى 18/12/2023 ئەنجام بدرێت. ‎لەبەرامبەر ئەوەدا عەقیل ردێنى، وتەبێژى هاوپەیمانێتى نەسر کە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانى پێشووى عێراق سەرۆکایەتى دەکات ڕایگەیاندووە، دادگاى باڵا بەرزترین دەسەڵاتى دادوەرییە لە عێراقدا، بڕیارەکانیشی کۆتایی پێهێنەر و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکانى تر جێبەجێی بکەن، لەدرێژەى وتەکانیدا گوتویەتى: لەڕێگەى یاساوە عێراق لە لە کێشە سیاسی و ئابورییەکان دوردەخرێنەوە، بۆیە پێویستە هەمووان پێوەى پابەندبن. ‎

عەلی نەجدییە توێژەری سیاسی و نزیک لە محەمەد حەلبوسیش ڕایگەیاندووە، ئەم هێرشە لەناکاوە بۆسەر سەرۆکی پەرلەمان و حیزبی تەقەدوم ترسان بووە لەو جەماوەرە زۆرەى سونەکان لە بەغداد بەتایبەتى لەداوى کشانەوەى سەدر لە پرۆسەى سیاسی و ئەو بۆشاییەش سونەکان پڕیان دەکردەوە، بۆیە بەخێرایی و پێش لە ئەنجامدانى پرۆسەى هەڵبژاردنى پارێزگاکان ئەنجامیان داوە.

‎هەندێک لە شارەزایان باس لەوەش دەکەن پڕکردنەوەى شوێنى حەلبوسی، لەنێو پێکهاتەى سونەکان، یان لەدەرەوەى ئەوان، مایەى ناکۆکییەو پێناچێت هەروا بە ئاسانى تێپەڕبکات، ئەوە لەکاتێکدا پێگەى سەرۆکایەتى پەرلەمان پشکی سونەکانى عێراقە. ‎لە لایەکی تریشەوە بەشێک لە شرۆڤەکاران باوەڕیان وایە، هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی (محەمەد حەلبوسی) لەئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق، بڕیاری ئێرانە و دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تەنها بڕیارەکەی ڕاگەیاندووە.

بەمەش یەکەم هەنگاوی ئاسانکاری بۆ ئەمریکا نراوە بۆ هەڵوەشاندنەوە و خستنی حکومەتەکەی سودانی و گەڕاندنەوەی سوننەی میانڕەوی بەناو لیبراڵە بۆ دەسەڵات. ‎بە پێچەوانەى ئەم بۆچونەشەوە بەشێکی دی بە لێدان لەهەژمونی ئەمریکا لەناوچەکە و دەستگرتنی ئێران بەعێراقەوە وێناى دەکەن، بەو پێیەی تەنها ناوچەیە کە ئێران هێشتا هەژمونی تێدا ماوە بەتایبەتر دوای داپچڕاندنی جوگرافی ئێران لە سوریا و لوبنان کۆی ئەمانە هۆکاری ڕاستەقینەی ئەو دورخستنەوەیەن.

‎لە لایەکی تریشەوە، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دواپێشهاتەکانی دۆخی سیاسی عێراقەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوەتەوە و دەڵێت: ئاڵۆزییەکان زیاتر و قووڵتر دەکاتەوە، ئەمە لەکاتێکدا چاوەڕوانییەکان ئەوەبوون ئەو ئاڵۆزیی و کێشانەى کە هەن چارەسەر بکرێن نەک بابەتى زیاتریان لەسەر کەڵەکە بکرێت بەجۆرێک کە ئاشتى کۆمەڵایەتى و سەقامگیرى دەخاتە مەترسییەوە". ‎هەروەها ،هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتیش ره‌خنه‌ له‌ بڕیاره‌كانی دادگای فیڕداڵی عێراق ده‌گرێت و ده‌ڵێت، دادگای فیدڕاڵی نادەستورییە و "بڕیارەکانی بە سیاسی دەکات بۆ یەکلاکردنەوەی پاکتاوی سیاسی ناوخۆیی".

‎ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە 329 ئەندام پێکهاتووەو لەو ژمارەیەش تەنها 37 ئەندامیان سەر بە حیزبەکەى حەلوبسی سوننە مەزهەبن و زۆرینەشی شیعەکانى عێراق پێکیانهێناوە کە لە ئێرانەوە نزیکن، حەلبوسی پێشتر پارێزگاری ئەنبار بوەو لە ساڵی 2018 بۆیەکەمجار بوەتە سەرۆکی پەرلەمان و لە هەڵبژاردنى 2021 یش دا بۆ دووەمجار بەسەرۆکی ئەنجومەنى نوێنەران هەڵبژێردراوەتەوە و لە رۆژى سێ شەممە 14/11/2023 بەبڕیارێکی دادگاى فیدراڵی بە تاوانى گزى و وازهێنانى پەرلەمانتارێکى سوننە مەزهەب پۆستەکەى لێسەنراوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP