دواین هەواڵ

عێراق‌

 18/11/2023

هاوپەیمانی فەتح داوای دەستگیرکردنی حەلبووسی دەکات

هەرێم نیوز 

سەرکردەیەکی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، لە چەند رۆژ داهاتوودا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد حەلبووسی دەردەچێت. 

ئەمڕۆ شەممە (18ـی تشرینی دووەمی 2023) عەلی زوبەیدی، سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، گەشتکردن لە حەلبووسی قەدەغەکراوە و لەژێر فەرمانی مانەوەی بەزۆردایە و لە چەند رۆژی داهاتوودا فەرمانی دەستگیرکردنیشی بۆ دەردەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، "بە دوورخستنەوەی حەلبووسی، پرۆژەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لەباربرا و چەندین دۆسیەی دیکەش هەیە کە رووبەڕووی حەلبووسی دەکرێتەوە و لەسەری سزا دەدرێت".
زوبەیدی داواشی لە دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد پەلە بکەن لە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ حەلبووسی. 

وتیشی ، "چەندین دۆسیەی دیکەی گەندەڵی لەبارەی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگا ئازادکراوەکان (سوننەکان) و سوودمەندانی یاسای دەزگای شەهید و خانەنشینی و دەستپاکی و دۆسیەی زەوییەکانی وەفا لە ئەنبار رووبەڕووی حەلبووسی دەکرێتەوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی 14ـی ئەم مانگە، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا. لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP