دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 14/11/2023

هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم، ئەگەر و لەمپەرەکان

هەرێم نیوز

ئەگەر هەناردە کردنەوەى نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بابەتێکی گرنگ بێت، ئەوا بۆ حکومەتى عێراقى گرنگترینە، بەو پێیەى شادەماری دابینکردنى بودجەکەی بەڕێژەى (90%) لەڕێگەى فرۆشتنى نەتەوە دابین دەکات و حکومەتى هەرێمی کوردستانیش (80%) داهاتى لە نەوتەوە دەستدەکەوێت، هەربۆیە هەردوولا بەردەوام خەمی ئەو سەرچاوە گرنگەیان هەیەو لە کارە یەکەمینەکانى هەموو حکومەتەکانیانە، گومانیشی تێدا نییە بەشێکی زۆر لە نەوتی عێراقیش دەکەوێتە سنورەکانى هەرێمى کوردستان و تەنانەت بۆری سەرەکی نەوتى هەموو باکوری عێراق لەڕێگەى کەرکووکەوە بە بەندەرى جەیهانى تورکییەوە بەستراوەتەوە، کە لە ساڵی 1973 ەوە بەپێى ڕێککەوتنێک لەنێوان هەردوو وڵات چێکراوەو ساڵی 2010 هەمواری ڕێککەوتنەکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کراوەو تا 2025 درێژکراوەتەوە.

 هەربۆیە بابەتى هەناردەکردنەوەى نەوتى کوردستان بایەخێکی زۆری هەیە و تا حکومەتى هەرێم هەبێت و ئیرادەیەکی بەهێزلە ئارادا هەبێت، هیچ دەسەڵاتێکی عێراقی ناتوانێت هەنگاوی سەرکەوتوو بنێت بە بێ ڕێککەوتنى لەگەڵ هەرێم، هەموو ئەم راستییانەش پاڵ بە عێراقیەکانەوە دەنێت بەردەوام بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە دوایین هەنگاویشیاندا سەردانى وەزیری نەوتى عێراق –حەیان عەبدولغەنی – یە بۆ هەولێر، بەمەبەستى دانیشتن و گفتوگۆکردن لەگەڵ گەورە بەرپرسانى هەرێم و وەزارەتى سامانە سروشتییەکان، بەمەبەستى دۆزینەوەى ڕێگە چارەیەک تا بەزوترین کات نەوتى هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت و سندوقى عێراقیەکانیش پڕبکاتەوە لە پارە.

حەیان عەبدولغەنى بەرلەوەى سواری فڕۆکەکەى ببێت لە گەڵ کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتیەکانى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە؛ ئامانج لە سەردانەکەى بۆ نزیککردنەوەى بۆچونەکانى هەردوولایە سەبارەت بە هەناردەکردنەوەى نەوتى کوردستان، چونکە یاسای بودجەى عێراق پێویستى کردووە لەسەر هەمووان کە بەهاى 450 هەزار بەرمیلى رۆژانەى نەوتى کوردستان بچێتەوە نێو خەزێنەکانى. هەروەها گوتوشیەتى ئێمە بۆ ڕێککەوتن دەچینە هەولێر چونکە بودجەو داهاتى عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت.

یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانى کێشەى نەوت لە نێوان هەرێم و ناوەند بریتیە لەو گرێبەستانەى کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان ئەنجامیان داوەو وەک عێراقیەکانیش دەڵێن لەگەڵ نرخی عێراق و یاسای بودجەکەیاندا نایەتەوە، هەر بۆیە لەدرێژەى وتەکانیدا وەزیری نەوتى عێراق ئەوەشى ڕاگەیاندووە یەکێک لە کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداد بەشى کۆمپانیا بیانیەکان و هەموو ئەو بابەتانەیە کە پەیوەستە بەگرێبەستەکانیانەوە کە ئێمە هەوڵی تەواوەتى دەدەین بۆ چارەسەرکردنیان و لەگەڵ وڵاتى تورکیاش قسەمان کردوە لە بارەى هەناردەکردنەوەى نەوت بۆ بەندەرى جەیهان و لەبارەى تێچون و پرۆسەى گواستنەوەکەیەوە ڕێککەوتنمان کردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا "یەکێک لە گرفتە گەورەکان پێدانی ئەو یەک ملیارە دۆلارەیە، کە کۆمپانیاکانی نەوت داوای دەکەن لەبەرامبەر بەرهەمهێنانی نەوت لە ماوەی ئەم ساڵەدا، کە تا ئێستا عێراق نەچووەتە ژێرباری گەڕاندنەوەی ئەو پارەیە، هەروەها تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت گرفتێکی دیکەیە و جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان داواکاری هەردوو لاى هەرێمی کوردستان و عێراق."

دواى ئەوەى تورکیا لە 25/3/2023 وە بۆری هەناردەکردنى نەوتى بەندەری جەیهانى ڕاگرتووە لەسەر بنەماى داوایەک کە تورکیا داواى یەک ملیارو 500 ملیۆن دۆلار لە حکومەتى عێراقی دەکات کە لەبەرامبەر ڕەوانەکردنى نەوتى ساڵانى 2014 تا 2018 لایانە، وەزیری نەوتى عێراق بە بێ ڕونکردنەوەى تەواوەتى بابەتە ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتوون بە دەستپێکردنەوەى هەناردە کردنى نەوت و نادنى 450 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە نەوتی کوردستان کە دەکاتە 10%ى نەوتى عێراق و 0.5%ى نەوتى هەموو جیهان و ئەم ڕێژانەش لە بوارى دابینکردنى وزەدا بایەخى گەورەیان هەیە، بەتایبەتى لە ئێستادا کە جیهان سەرقاڵی دوو جەنگی گەورەیە یەکێکیان لە نێوان روسیاو ئۆکرانیا و ئەوی تریشیان لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، کە هەردووکیان کاریگەریی گەورەیان لەسەر وزە هەیە، ئاڵب ئەرسەلان بەیرەقدار، وەزیری نەوتى تورکیاش پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئامادەکارییان کردووە بۆ ڕەوانەکردنەوەى نەوتى عێراق.

وەک شرۆڤەکارانى بوارى ئابوری باسیدەکەن، کۆبونەوەى شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق و نوێنەرانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکور) لە دوبەی و پێشنیازی فرۆشتنی ئەو بەشەى، کە پشکی کۆمپانیاکانە بە کۆمپانیای سۆمۆ و ئەویش لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی بکات، هەنگاوێکی باشی لێکتێگەیشتنى هەردوولایە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، لەگەڵ ئەوەشدا سەردانی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و دواتر حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرکرادیەتیی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانى بوارى وزە، دەبێتە هۆی خێراترکردنی رێککەوتن و هەناردەکردنەوەی نەوت کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوەوە دەستپێبکاتەوە، هەرچەندە ڕەخنەگرانى ئەم بابەتەش پێیان وایە هەرچەندە لە ئێستادا ڕێککەوتنیش کرابێت پرۆسەکە بەو ئاسانییە نییەو پێویستى بەکاتى زیاترە کە پێدەچێت دوو بۆ سێ مانگی دیکە بخایەنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP