محەمەد جەمال – هەولێر
سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان لە بارەی دۆخی فەلەستین و شەری نێوان ئیسرائیل و حەماس دەڵێت، لە ئەگەری بەردەوام بوونی، لەوانەیە شەڕەکە فراوان بێت و پروشکی هەموو ناوچەکە بگرێتەوە.
د. کاوە مەحموود، سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان بۆ هەرێم نیوز وتی، ئەوەی ئێستا لە ناوچەکە ڕوو دەدات، بەشێکە لە ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا، چونکە ئێران وەکو جەمسەرێکی هەرێمایەتی دەیەوێ هەموو بابەتەکان لە چوارچێوەی سیاسەت و بەرژەوەندی خۆی یەکلا بکاتەوە.
وتیشی، ئێران لەوانەیە ڕاستەوخۆ نەچووبێتە ناو بابەتەکەوە، بەڵکو لەڕێگەی گرووپەکانی (مقاومە الاسلامی) کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران ئاشکرایە، هەروەها بەشێکیشن لە هاوکێشەی ململانێکان، شەڕەکە دەکات.
هاوکات ڕوونیشی دەکاتەوە، لە ئەگەری بەردەوامی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لەوانەیە شەڕەکە فراوان بێت و پروشکی هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە، بۆیە چارەسەری سەرەکی ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاری خۆی بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دوو وڵات بەشێوەیەکی ئاشتییانە و دادپەروەرانە، هەروەها هەوڵدان بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی و گەشەپێدان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان دەشڵێت، کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەنها کێشەی گەلی فەلەستین نیە، بەڵکو کێشەی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانیش هەیە لە هەر چوار پارچەی کوردستان کە بەبێ چارەسەرکردنی ئەم دۆزە ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێنشین نابێت لە ئایندەدا.
سەبارەت بە هێز و لایەنە ئیسلامییەکانی کوردستان کە بانگەشەی جیهاد لە دژی ئیسرائیل دەکەن و خەڵک هان دەدەن، دەڵێت، ئەم جۆرە بانگەشانە بەشێکە لە ورووژاندنی خەڵک بەناوی جیهادەوە، ئەویش بەشێکە لەو تەوژمە شەعبەوییە پۆپۆلیستییەی کە هەیە، ئەوەش نە خزمەت بە گەلی فەلەستین دەکات و نە خزمەت بە سەقامگیربوونی ئاشتی دەکات لە ناوچەکەدا، هاوکات بەشێکیشە لە بانگەشەی سیاسی بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵک.