هەرێم نیوز
هەرچەندە هەر لەسەرەتاوە بیرۆکەى زۆر هەبوون بۆ کۆکردنەوەى جووە پەرت
و بڵاوەکانى جیهان، بەڵام هیچیان وەک فەلەستین و زەوی بەڵێندراو لەبارو گونجاو
نەدەکەوتنە بەرچاو، بەو پێیەى خاڵی بەریەککەوتنى سێ کیشوەرى ئاسیا و ئەرووپاو
ئەفریقیایە، دەکەوێتە سەر دەریاى سپى ناوەڕاست کە بەیەکێک لە دەریا هەرە گرنگەکانى
جیهان دێتە ئەژمار، پاڵپشتى ئاینی جووەکانى هەیەو و خۆیان بە خاوەنى لە مێژینەى
ئەو خاکە دەزانن، ئاوو هەوایەکی لەبارى هەیەو لەگەڵ ئەوەشدا لە فرە خاوەنیدا کەس
نابێتە خاوەنى، هەروەک کوردەواری گوتویانە (چێشتى فرە کابان یان بێ خوێ دەردەچێت
یان سوێر) هەربۆیە زلهێزەکان و لە پێشى هەمووشیانەوە ئەمریکا و بەریتانیا کۆک بوون
لەسەر ئەوەى لەسەر خاکی فەلەستین جووەکان نیشتەجێ بکرێن و دەوڵەتێکیان بۆ
دروستبکرێت.
هەرچەندە دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1948
بەڵام هەنگاوەکانى بێ پیشینە نەبوون، هرتزل لە ساڵی 1896 دا پرۆژەى تایبەتى خۆی
هەبووە بۆ بونیاد نانى ئەو کیانە بەڵام نەچووە بوارى جێبەجێکردنەوە و لە ساڵی 1904
کۆشی دوایی کردو پرۆژەکەى روناکی نەبینى.
لەسەرو بەندی ئەم دانیشتنە نهێنییانەدا و بۆ تەواوکردنى ئەو بیرۆکەیە
لە 2 تشرینى دووەمی 1917 هەنگاوە سەرەتاییەکانى پەیمانى بەلفۆڕ بۆ دورستکردنی دەوڵەتێکی
جولەکە لە سەر خاکی فەلەستین دەستى پێکردووە ، ئەویش بە گۆرینەوەى نامە لە نێوان (ئارسەربەلفۆڕ)
وەزیری دەرەوەى بەریتانیا و (لۆرد لیۆنێل رۆچێڵد) کەسایەتى دیارو بەرجەستەى جوەکان
لە بەریتانیا و پاش چەند رۆژێکیش ئەو نامەیە لە رۆژنامەکاندا بڵاوکرایەوە تا ڕای
گشتى بۆ دروستبکرێت لە لایەک و لە لایەکى تریشەوە بدرێت بە گوێی عەرەبەکاندا.
وەزیری دەرەوەى بەریتانیا لە کاتى روداوەکانى جەنگی جیهانى یەکەمدا بیری
لەوە کردوەتەوە کە پەیوەندییەکانى لەگەڵ جوەکاندا باشتر بکات و بۆ ئەو مەبەستە رۆژی
7/2/1917 لە کۆبونەوەیەکی هاوبەشى نێوان (مارک سایکس) و سەرکردە جووەکا (حایم وایزمان)
بریاریاندا پرۆژەیەکی گشتگیر بۆ دروستکردنى دەوڵەتێکی جولەکە تا 19/6ى هەمان ساڵ پێشکەش
بکەن.
رۆژی 31/ تشرینى یەکەمى 1917 کۆتایی بە پرۆژەکە هات و دەستکرا بە پڕوپاگەندە
بۆ دروستکردنى ئەو دەوڵەتە و لەسەرەتاوە بانگەشەى ئەوە دەکرا کە بۆ خۆپەنادان لە
کوشتار و لەناوچونی جولەکەیە و دواتریش هیچ ڕەفتارێکی ناشایستە و دژە مرۆیی لە دژى
فەلەستینییەکان ئەنجام نادرێت و مەبەستیانە لە سنورێکى دیاریکراودا حکومەتەکە
دروست بکەن کە زیان بە سەروەریی فەڵەستین نەگەیەنێت. ئەمەش لە پێناوى هێورکردنەوەى
ڕای نەیارەکان، بەتایبەتى مەسیحی و موسڵمانەکان، بەو پێیەى ئەوانیش لە ڕوانگەى
دینییەوە خۆیان بە خاوەنى زەوییەکانى فەلەستین دەزانن.
پەیمانى بەلفۆڕ کە لە نوسینى نامەیەکەوە سەرچاوەى گرتووە، شوێنەوارێکی
گەورەى لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە جیهانیشدا جێهێشتووە، هەرچەندە پێچەوانەى ئەو
بەڵێنانە بوو کە پێشتر بەریتانیا بە شەریفی مەککەى دابوو لە نامەکانى ناسراو بە (شەریف
مەکماهۆن) دا، ئەنجامى پەیمانى بەلفۆڕیش دروستکردنى دەوڵەتێکى ئاینى زایۆنی بوو بۆ
جوەکانى هەموو دونیا.
دەسەڵاتى بەريتانيا زۆر بە جدى كارى بۆ پابەندى بە بەڵێنى بەلفۆڕەوە
كردووە، زۆر بەجديش كارى بۆ پابەندنەبوون بە بەڵێنەكانى کە بەعەرەبى دابوو نەكرد، بۆخی وازی لە ئینتیدابەکەى هێناو فەڵەستينى
خستە ژێر دەسەڵاتى جوەکان و ئاسانكاریى بۆ کردن تا لە وڵاتانى جيهانەوە کۆچ بکەن
وپڕچەکیان كردن، تا لەو ناوچەيە نيشتەجێ ببن، رێگەشى لە عەرەبەكانى ئەو ناوچەيە
گرت چەكيان دەستبكەوێت، عەرەبەكانيش كۆبوونەوە تا (شەريف حوسێن) لە حيجاز دوور بخەنەوە
و، هيچ شوێنێكى نەبێت لە رۆژهەڵاتى ئەردەندا.
دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر خاكی فەلەستین جێگەی مشتومڕێكی زۆرە
و تا ئێستاش جێگەی سەرنج و تێڕامانی ئەوانەیە كە گرنگی بە مێژووی ئەو ناوچەیە دەدەن،
بەشێك پێیان وایە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل گەڕانەوی مافێكی مێژوویی جوەكانەوە
و لە دێر زەمانەوە خاكی خۆیان بووە، بەشێكی دیكەش باس لەوە دەكەن دروستكردنی ئەو دەوڵەتە
بۆ ژمارەیەكی ئێجگار كەمی جوو لە سەر زەویی فەلەستین ستەمێكی گەورە بووە بەریتانیەكان
لەو خەڵكەیان كردووە.
پەیمانى بەلفۆڕلە کاتێکدا دراوە کە نەیارەکانى رۆژئاوا تێکشکاوی
جەنگی جیهانى یەکەم بوون، جەنگەکەش بەرەو کۆتایی دەڕۆشت و هەموانیش بیریان لەوە
نەدەکردەوە بەرەیەکی دیکەی جەنگ بکەنەوەو لە جەنگێکی تر هەڵبچنەوە، هەرچەندە ڕێژەى
جولەکەکانى فەلەستین تا ئەوکاتەش 3%ی بووە، بۆ زیادکردنى ئەو ڕێژەیە بەنهێنى لە
ساڵی 1882 ەوە دەستکراوە بە کۆچی جووەکان، لەهەمان کاتدا لە نێو پەیماننامەکەدا
هیچ سنورێک نەبۆ فەلەستین و نەبۆ کیانە نوێیەکەىش دیارى نەکراوە، بەڵام لەنێو
جووەکاندا دروشمی (لەفوراتەوە تا نیل، خاکی تۆیە ئیسرائیل)یان بەو پێدەدا، هانى
جووەکانى جیهانیان دەدا کە هەرچى موڵک و ماڵیان هەیە بیفرۆشن و بەرەو ئەو
سەرزەمینە دێرینەى خۆیان بگەڕێنەوە.
دروستبوونى دەوڵەتى ئیسرائیل، بوەتە بەردی بناغەى ناکۆکییەکی
نەتەوەیی و ئایینى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا و لەو کاتەوە تا ئێستا چەندین جەنگی
جۆراوجۆر ڕویانداوە، سەرەڕای زیانە مادی و مرۆییەکان زلهێزەکانیش بەردەوام
پشتیوانى دەوڵەتە نوێیەکەیان کردووە، کە لە ئێستادا سەرەڕای ئەوەى یەکێکە لە هێزە
ئەتۆمییەکان بەردەوام بەرەو فراونخوازیی هەنگاو دەنێت.