دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێران: چیتر تۆڵە لە ئەمریکا ناکەینەوە و ئامادەین بۆ دانوستان

هەرێم نیوز

مەجید تەختڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: سەرەڕای بێمتمانەیی ئێران بە واشنتۆن دوای ئەو زیانە "سەختانەی" ئەمریکا بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیاند، تاران هێشتا باوەڕی بە دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا هەیە.

تەختڕەوانچی بە کەناڵی ئێن بی سیی ڕاگەیاندووە، ئێران چیتر بەنیازی تۆڵەسەندنەوەی هێرشە توندەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی نییە و ئامادەی دانوستانە لەگەڵ واشنتۆن.

بەڵام جێگری وەزیری دەرەوە جەختی لەوە کردەوە کە هەڵوێستی درێژخایەنی تاران ئەوەیە کە هیچ پلانێکی نییە بۆ وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا کردەوەی زیاتر لە ئێرانەوە لە ڕێگادایە، تەختڕەوانچی وتی: تا ئەمریکا هێرش نەکاتە سەرمان، ئێمە وەڵام نادەینەوە.

ئەم هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن ئەگەری هەیە چەند ڕۆژی داهاتوو دانوستانی ئێران و ئەمریکا دەستپێبکاتەوە.

ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکی بە پشت بەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە ڕایگەیاندووە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بەنیازە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ کۆببێتەوە و دەست بە دانوستانەکان بکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تا ئێستا وادەی کۆتایی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە و هیچکام لە وڵاتان بە فەرمی کۆبوونەوەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەشکردووە، ویتکۆف و عێراقچی لە کاتی شەڕی 12 ڕۆژە و دوای شەڕی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان هەبووە، هەروەها بەرپرسانی عومان و قەتەریش ڕۆڵیان هەبووە لە نێوەندگیری نێوان هەردوولا.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ئێران لە ڕۆژانی سەرەتای دوای جەنگ ئامادە نەبوو لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندی بکات، بەڵام ئەم هەڵوێستە وردە وردە نەرمتر بووەتەوە.

پێشتر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستانەکان بدەین، "دەبێت دڵنیابین لەوەی ئەمریکا لە کاتی دانوستانەکاندا جارێکی دیکە ئێمە نەکاتە ئامانج".

کەناڵی 12ی ئیسرائیلیش لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە هەوڵی ئەمریکا و ئێران بۆ دانوستانی باس کردووە و دەڵێت، ئەمەش لە دۆخێکدایە کە پێکهاتەی ئێران لاواز بووە بەهۆی هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکان.

هەروەها ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج لەلایەن ئەمریکاوە پێشنیار کراوە کە میوانداری ئەم دانوستانانە بکات و ئیسرائیلیش لە چەند ڕۆژێک لەمەوبەرەوە لەم هەفتەیەدا لەم پەیوەندیانە ئاگادار کراوەتەوە.

هەروەها کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ڕۆن دێرمر، وەزیری کاروباری ستراتیجی ئیسرائیل کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی لە واشنتۆن کۆبووەوە، تاوتوێی دۆسیەی ئێران و "ئەو هێڵە سوورانەی کە ئیسرائیل بە پێویستی دەزانێت لە پرۆسەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکاندا ڕێزیان لێبگیرێت" کردووە.

هەروەها گرنگیدان بە چاودێریکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و پێشگرتن لە هەر جۆرە پیتاندنی یۆرانیۆم لە مەرجە سەرەکییەکانی حکومەتی نەتانیاهۆیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP