دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 20/10/2023

موچە بۆکێ ئەولەویەتە و بۆکێش موزایەدە و ئاوی لێڵ؟

دەمێکە کورد گوتویەتى: جوجەڵەکانى لە کۆتایی پاییز دەژمێردرێت، چونکە ئەگەرچی مریشک لەسەرەتای بەهاردا دەکەوێتە هێلکە و دواتر کڕ دەکەوێت و جوجکە هەڵدێنێ، بەڵام هەتا کۆتایی پایز کەم جوجەڵە هەیە بمێنێتەوە و زۆربەیان مردار دەبنەوە، ئەم پەندە کوتومت بەسەر دۆخى ئەم ماوەیەى هەرێمی کوردستاندا دەچەسپێت کە هەندێک لە پارت و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانى کوردستان لەبەرامبەر کێشەى دارایی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد دا گرتیانە بەرو لە سەرەتاى هەفتەى پێشوەوە هەڵای زۆریان دروستکرد و بێ ئاگالەوەی ئەنجامی کۆتایی گرنگە، کە لە دەستى حکومەتى هەرێمى کوردستاندایە، نەک هەڵاى ڕاگەیاندن وکۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت.

دواى سەردانە یەک لەدوایەکەکانى شاندى حکومەتى هەرێم و خودیى سەرۆک وەزیرانیش بەمەبەستى چارەسەرى شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان، لە چەند رۆژی پێشوودا ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی هەرێمى کوردستان بەسەرۆکایەتى تیمێکی باڵای هەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی چڕیانکردوە و لە نزیکەوە تێگەیشتن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دروستکراوە و تەم ومژی نێوان هەردوولادا کۆتایی پێهاتووە و دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەزیری دارایی هەرێم و سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختیان لە کەشێکی دۆستانەی کۆبونەوەکە و لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ لیژنەی دارایی و وەزیری دارایی عێراقدا کردەوە.

ئاواتی شێخ جەناب دەڵێ، زانیارییە داواکراوەکانمان پێشکەش کردوون و باس لە جیاکردنەوەی موچەی موچەخۆرانمان کردووە لە کێشە سیاسییەکان،چوون بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بەو ئاڕاستەیە کارى لەسەردەکەن، وە جەختمان کردوەتەوە کە ناکۆکییە سیاسییەکان نەبنە مایەى برینى قوتى هاوڵاتیان. وەزیری دارایی هەرێم ئەوەشی وتووە، هۆکاری دواخستنی موچەمان بە ڕاشکاوی خستووەتەڕوو و ئەندامانی لیژنەی دارایی و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق هاوڕا و هاوهەڵویست بوون لەسەر ئەوەی بابەتی موچە بەیەکجاری چارەسەر بکرێت، لەو بوارەدا تەنانەت نەیارەکانی شایستە داراییەکانی هەرێمیش گەیشتنە ئەو بڕوایەی کەشاندی هەرێم جدین و زانیاری وردیان پێشکەش کردووە و بیانویان بۆ شۆڤێنییەکانی عێراق نەهێشتوەتەوە کەیاری بەقوت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکەن.

لە لایەکی تریشەوە یوسف کیلابی، کەنەیاری سەرسەختی پشکی هەرێم بو، دوای کۆبونەوەی شاندی هەرێم ڕایگەیاندووە: لە کۆبونەوەکەماندا لەگەڵ شاندی هەرێم بەرچاو رونیمان وەرگرتووە و موچەی فەرمانبەرانمان تاوتوێکردووە کە دەبێت هاوشێوەی موچەخۆرانی عێراق بێت و گوتویەتى، دەبێت عێراق کێشەی موچەخۆرانی هەرێم چارەسەر بکات و توشی کێشەی سیاسیی نەبێت، لێداونەکەى کیلابی لە کاتێکدایە کە بەرچاوڕونى تەواوى وەرگرتووە لە بارەى پابەندبوونى حکومەتى هەرێم بە ڕێککەوتنەکان و ژمارەى دروستى فەرمانبەرانی ، هەربۆیە ئەم لێدوانەی پێچەوانەى لێدوانەکانى پێشووى هات کە بەوردی ئاگاى لە ژمارەو داتاکانی حکومەتى هەرێمی کوردستان نەبووە. دوا بەدواى ئەم کۆبونەوەیە بەوتەی ئاوات جەناب "لێکتێگەیشتنی باش هەیە کە موچەی فەرمانبەران لە ئینفاقی فیعلی بەدەربکرێت و لەڕێی ئەو بانکانەوە دابەش بکرێت کە لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە متمانەیان پێدراوە".

سەبارەت بە وادەی چارەسەرکردنی کێشەکانیش لەگەڵ بەغداد بەتایبەت پرسی موچەی فەرمانبەران، وەزیری دارایی گوتویەتی: "پێشبینی دەکەین لە ساڵی نوێوە کێشەکانمان لەگەڵ بەغداد چارەسەرببن" و گوتوشیەتى : "هەردوولامان هاوڕا و هاوهەڵوێست بووین لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی هەمیشەیی." لێکتێگەیشتنی شاندی هەرێم و بەغدا، دەرخەری ئەوەیە کە لایەنە ئۆپۆزسیۆن و پۆپۆلیستەکان بێ ئاگاکان لەگەمەکانی سیاسەت و لە ماوەی پێشوودا بەچەندین شێوە فریوی موچەخۆران و رای گشتیان دەدات و کورد گوتەنی لەپێڵایەکدا ئاودا دەکەوتنە مەلە، ئەمەش تەنها لەپێناو بێ هیواکردنی زیاتری موچەخۆران و زیادکردنی دەنگەکانیان لەهەڵبژاردن، بەبێ ئەوەی گوێ بەهەستی موچەخۆران بدەن.

بێ ئاگاش لەوەی حکومەتی هەرێم بەئاسانی دەتوانێ کش مەلیکیان پێ بکات و کارتی موزایدە و پۆپۆلیستیان کۆتایی پێبهێنێت. هەربۆیە تەنیا رۆژێک دوای کۆبونەوەی شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق سەردانى هەولێری کردووەو لەگەڵ هەریەکە (نێچیرڤان بارزانى) سەرۆکی هەرێمی کوردستان و (مەسرور بازرانى) سەرۆکی حکومەتى هەرێمی کوردستانی کۆبووەو لە نزیکەوە لەڕێگەچارە دراییەکانیان کۆڵیوییەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی ئەنجومەنى وەزیرانیش، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردووەتەوە ، " بەهانەی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم نەماوە تاوەکو شایستەکانی هەرێم رابگرن. بۆیە پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم، وەک هەموو مووچەخۆرانی پارێزگاکانی عێراق، مانگانە بێ هیچ کێشە و ئاستەنگێک، مووچەکانیان لەڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم وەربگرن ، هەموو ئەمانەش سەلمێنەرى ئەو ڕاستییانە بوون کە حکومەتى هەرێم جدیی بووە بۆ چارەسەرى کێشە داراییەکان و سەرکەوتوو بووە" و بەردەوامبوە لە ناردنى شاند بەمەبەستى دانوستاندن، تا لە کۆتاییدا ئاسۆی لێلی پەیوەندییەکان بەرەو ڕوناکی دەچێت و خەونى ناخۆشى ناحەزەکانیش بەرەو بەتاڵبوونەوە هەنگاو هەڵدەگرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP