سیاسەتی خورمژ لەنێوان ئێران ئەمریکا شەفاعەت بۆ یەکێتی دەکات؟ کۆنگرە پێشوەختەکەى یەکێتى لە کاتێکدا ئەنجامدرا کە کوردستان لەسەر ئاستى ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانى بە چەندین تەمومژ و تەنگەژەو ناهەموارییدا تێپەڕ دەکات، لە لایەکەوە عێراق ملی ناوە لە تەنگەتاوکردنى هەرێم و مرغی لە زۆرشت خۆش کردووە و لە لایەکی تریشەوە کێشەى ئابوری و دارایی و گرتنە بەری ڕێگە یاساییەکان لە دژى هەرێم و قەوارەکەى بوەتە هۆی ئەوەى بگوترێت کوردستان لەبەردەم ئالنگارییەکی گەورەدایە، بێگومان ئەو ئالنگارییەش بەبێ دوو هێزى دیار و لەمێژینەى کوردستان (پارتى و یەکێتى) نەک هەرناکرێت بەڵکو ئەستەمەیشە، بەو پێیەى خەباتێکی مێژویی و خاوەنى هێز و دامەزراوەو دارایی خۆیانن.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کۆنگرە چی لەدۆخی گشتى دەگۆڕێت و چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانى نێوان ئەو حیزبەو لایەنەکان بەتایبەتى (پارتى) و عێراق و وڵاتانى ناوچەکەو بگرە جیهانیش، ئەوە لە کاتێکدا کە ئەم کۆنگرەیە یەکێتى لە حیزبێکی بەرەیی فرەباڵ و فرەبۆچوونەوە دەکاتە حیزبێکی ناوەندگەرا و سەرجەم دەسەڵاتە هەستیارەکانى دەبەخشێتە (بافڵ تاڵەبانى) سەرۆک؟
هەرچەندە ئەو پرسە ناوخۆییە و پەیوەندیی بە چۆینەتى بەڕێوەچوون و پرۆسەى دیاریکردنى کەسەکان و نەبوونى نەیارى دیارى سەرۆکە، بەڵام ئاخۆ لە داهاتوودا ئەم سەرۆکە (تەنهایە) چی دەکات و یەکێتى و پەیوەندییەکانى بەرەو کوێ مل پێدەگرێت، لەکاتێکدا کە شەریکە بەڕێوەبردنى کوردستان و هەر گۆڕانکارییەکى نەرێنى کاریگەریی نەرێنى لەسەر دۆخی هەرێم و ناوچەکەش دەبێت و پێچەوانەکەشى هەر ڕاستە.
سەرەڕای بایکۆتى بەشێک لە ئەندامە دیارو بەرجەستەکانى یەکێتى، سەرکردە سیاسی و سەربازییە ناودارەکان، یان ڕاستتر دورخستنەوەیان و بانگهێشت نەکردنیان بۆ کۆنگرە، کۆنگرە بە بیانووی جۆراوجۆر، دەرکردن و دروخستنەوەى یەکجارەکی دەرکراوەکانى 8 تەمووز و لەسەرو هەموویانەوە (لاهور جەنگی)و هاودەستەکانى یەکلاکردەوە.
لەبەرامبەر ئەوەدا لاهور پێشوەختە بەناوهێنانى (مەلابەختیارى خەزورەى سەرۆکیشەوە) بانگەشەى لیستى هەڵبژاردنى داهاتووى ڕاگەیاندووە و گومانیشى تێدا نییە هەردەنگێک بچێت بۆ ئەو لیستە چاوەڕوانکراوە لە یەکێتى کەمدەبێتەوە، ئەوەش پرۆسەیەکی بیرکارییانەیە، دەنگێک لە لایەک زیاد بکات، بێگومان دەبێت لە بەرامبەرەکەى کەم ببێتەوە، ئەوەش ئاستەنگێکی گەورە بۆ یەکێتى و سەرۆکەکەى دێنێتە پێشەوە و دوور نییە هێندەى تر یەکێتى بچوکتر بکاتەوە.
پرسیارەکە ئەوەیە: ئەگەر یەكێتی كورسییەكانی كەم بكات چارە نوسی بەكوێ دەگات ؟ یان دەتوانێت چی بكات؟ ئایا دەبێتە ئۆپۆزسیۆن یان هانا بۆ پارتی دەبات هەتا پشکی لە حکومەتی داهاتوو مسۆگەر بێت و بەوەش سەنگ و قورساییەکەى جارانى دەمێنێت؟ هەرچەندە لە ڕابوردوودا گۆڕان هەمان زیانى چاوەڕوانکراوى (لیستەکەى لاهور) لە یەکێتى داوە، لەکاتى پاشەکشەى گۆڕانیش دا نەوەى نوێ تاڕادەیەک جێگەى گرتوەتەوەو نەیارەکانى لەخۆی کۆکردوەتەوە، بەڵام لێرەشەوە نادیارییەکی تر سەرهەڵدەدات ، کە ئایا یەکێتی هەروا بەسانایی رێگا بە شاسوار و نەوەی نوێ دەدات دەنگەکانی یەکێتی ببەن، ئاخۆ لەبری پەنا بردن بۆ پارتى غروری مێژویی و بنەماڵەیی سەرۆک ڕێگە بەوە دەدات لەگەڵ شاسوار نزیک ببێتەوە؟ یان ئەوەیە لەقاڵبیان دەدات و کارە ژێربەژێرییەکانى جارانى (ئەلبیسەکە) دەخرێنەوە کار کە بەرامبەر گۆڕان و ئیسلامیەکان کردیان؟
لە لایەکی ترەوە بەشداریکردنى (نێچیرڤان بارزانى- جێگری سەرۆکى پارتى و سەرۆکی هەرێمی کوردستان) لە کۆنگرەی پێنجەمداو پێدانى وتارێک، ئاماژە نییە بۆ ئەوەى کە پارتى نایەوێت دەستبەرداریی یەکێتى ببێت و دەیەوێت بیهڵێتەوە، چونکە هێشتا بۆ ئەم قۆناغەى کوردستان پێویستە؟ ئاخۆ یەکێتى دەست بۆ پارتى ڕادەکێشێت و سەرۆکە نوێیەکە جارێکی تر وتە بەناوبانگەکەى باوکی(مام جەلال) دووبارەدەکاتەوە کە گوتى: ئەگەر بارزانى لە دەرگاوە دەرم بکات لە پەنجەرەوە دەچمەوە ژوور، یان هەر لە سەر ئینکاریی سیاسی بەردەوام دەبێت و چش لەهەرچی شت هەیە دەیکات و خۆی ڕادەستى چارەنوسی نادیاری خۆی دەکات؟
ئیتر با پەیوەندییە ناوخۆییەکانى یەکێتى دواى کۆنگرە لەگەڵ هێزە سیاسیی و مەزهەبییەکانى عێراق دا بوەستێت، کە ئەگەر هەنگاوی هەڵە هەڵبگرێت زیان لەو هەموو بونیادنانە دەدات کە پێکەوە لەگەڵ (پارتى بەپلەى یەکەم) و هێزە کوردییەکانى تریش نراوە لەبەغداد، چونکە نیازێکی زۆری شیعە و عەرەبە شۆڤێنیەکان هەیە کە مرغیان لە هەڵوەشاندنەوەى قەوارەى هەرێم خۆشکردوەو خوازیاری ئەوەن ئەو هێمنى و ئاسایش و پێشکەوتنەى بونیادنراو لەبار ببرێت و بەتەواوەتى قەوارەى هەرێم هەڵبوەشێتەوە. لەسەرو هەمووشیانەوە ئاخۆ ڕای ئێران لەبارەى دەرئەنجامەکانى کۆنگرەوە چی دەبێت و پەیوەندییەکانى یەکێتى لەداهاتوودا لەگەڵ ئەو وڵاتە کاریگەرەدا چی دەبێت؟
لەکاتێکدا سەرانسەرى سنورى یەکێتى بە ئێرانەوە لکاوە و هیچ دەروازەیەکی تری نییە. پرسیارەکە ئەوەیە سەرۆکە (کولفیکولەکە)ى یەکێتى چۆن دەتوانێت لەنێوان ئێران و ئەمریکادا باڵانس ڕابگرێت و توشى کێشەى جەوهەری نەبێت؟ ئاخۆ چی لە کۆمەڵە و دیموکرات و هێزە نەیارەکانى ئێران دەکات؟ چۆن لایەکیان باوەڕپێدەهێنێت یاخود درێژە بە هەڵوێستى –خورمژ-ەکەى جاران دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا ئاخۆ ئێران چیتر بە سیاسەتى نەشیش بسوتێت نە کەباب قایل دەبێتەوە؟
کۆتا کێشەى چارەسەر نەکراوى یەکێتیش کە (نەبیستراوە) هیچ کەس لە کۆنگرە باسی لێوەکردبێت، قەیرانی پشتیوانى پەکەکەو ناڕەزایەتیەکانى توركیایە لە یەكێتی، ئاخۆ لەو بارەیەوە بەچ ئاراستەیەك دەبێت؟ ئایا یەكێتی دەتوانێت ئەو دۆخە كۆتای پێبێنێت یان بەپێچەوانەوە، ئەوە لە کاتێکدا مانگ نییە جارێک و دوان سنورى ئاسمانى هەرێم نەبەزێنرێت و لە قوڵایی دەسەڵاتى یەکێتیدا هێرش ئەنجام دەدات و دواترینیشیان هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەى عەربەت بووە. ئەمەى باسکرا قەیران و ئەگەرەکانى بەردەم یەکێتى دواى کۆنگرەپێشوەختەکەیەتى، لەگەڵ ئەوەشدا هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەى کە سیاسەت دایک و باوکی نییە، پلەکانی بەدەستهێنانیش لەنێوان (سفر بۆ سەد) دایە، چەندە ژمارەى بەدەستهاتوو بۆ یەکێتى باشتر بێت، ئەوەندە دەبێتە براوەو بە پێچەوانەکەشەوە هەر ڕاست.