دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 27/09/2023

مرۆڤایەتى لە بەردەم هیستریاى هێزە ئەتۆمییەکاندايه

سکرتێری گشتى نەتەوە یەکگرتوەکان لە کۆتا کۆبونەوەى ئەنجومەنى گشتى نەتەوەیەکگرتوەکاندا لە رۆژى 26/9/2023 ڕایگەیاندووە:  جیهان لەبەردەم هەڕەشەى لەناوچوندایەو مەترسی ئەتۆمی بەسەر جیهانەوە سێبەرى کردوە و دوور نییە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا کۆتایی بە هەموو شتێک بێت.

ئەنتۆنیۆ گۆترێس، سەبارەت بە هەبوون و پەرەپێدانى چەکی ئەتۆمی و ئەو پێشبڕکێیەی کە خاوەن پرۆژەکانى چەکی ئەتۆم گرتویانەتەبەر، داوای لێکردن کە کاربۆ کەمرکردنەوەى خێراى بەرهەمهێنانى ئەو چەکە مەترسیدارە بکەن، بەتایبەتى ئەو جۆرە فرۆکو ژێردەریاییانەى کە لەتوانایاندا هەیە بۆمب و کڵاوەى ئەتۆمی هەڵبگرن.

گۆترێس لە بەشێکی وتەکانیدا لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى گشتى نەتەوەیەکگرتوەکاندا گوتویەتى: پێشبڕکێیەکی نوێ خەریکە پەیدا دەبێت ئەویش زیادبونى ژمارەى ئەو فرۆکەو ژێردەریاییانەیە کە تواناى هەڵگرتنى چەکی ئەتۆمییان هەیە، وابڕوات لەماوەى دە ساڵی داهاتوودا زۆرپەرەدەسەنێت و ئەوەش هەرەشەیەکی جدی دەبێت لە سەر مرۆڤایەتى.

هەروەها گوتوشیەتى: دروستکردنى ئەو ئامێرانە، لە هەرکات و لە هەرشوێنێکی ئەم جیهانە و لەژێر هەر پاساوێکدا دەستپێکی کارەساتێکی مرۆییە، زیانەکانى بەجۆرێک دەبێت مێژوى مرۆڤایەتى کارەساتى لەو شێوەیەى بەخۆیەوە نەبینیبێت، پەیدا بوونى سەروفیساڵی وەها چەکێک سەرکێشی و شێتیەکە خاوەن ئەتۆمەکان گرتویانەتە بەر، ئەرکی ئێمەیە پێچەوانەى بکەینەوە و ڕێگریی لێبکەین.

ئینیستیوتی ئاشتى نێودەوڵەتى لە ستۆکهۆڵم، هەفتەى پێشوو لە ڕاپۆرتێکدا باسیان لەوە کردووە کە وڵاتانى ئەتۆمی بەشێوەیەکی گشتى و چینیش بەتایبەتى بۆ ماوەى سێ ساڵە پێیان ناوەتە قۆناغێکی نوێی مەترسیدارەوە و سەرمایەگوزارییەکی زۆردەکەن لەبوارى پەرەپێدانى چەکی ئەتۆمیدا، بەتایبەتى لە بواری فرۆکە و ژێردەریایى هەڵگری ئەتۆمیدا.

ئەو ئینیستیوتە ئەوەشى ڕاگەیاندووە کە وڵاتانى خاوەن چەکی ئەتۆمی (بەریتانیا، چین، فەرەنسا، هیند، پاکستان، ئیسرائیل، روسیا و کۆریاى باکور)تەنها لە ساڵی 2022 دا 106% پەرەیان بە کارەکانیان داوە 12 هەزارو 512 بۆمبیان بەرهەمهێناوە ، ئەمەش پێچەوانەى ڕێککەوتن نامەى ئەتۆمییەو لەبری ئەوەى کاربۆ کەمکردنەوەی بکرێت کەچی زیادی کردووە.

وەک شرۆڤەکاران باسیدەکەن، هەرچەندە گۆترێس ناوى هیچ وڵاتێکی بەدیاریکراوى نەهێناوە،بەڵام مەبەستى چین بوە، لەبەر ئەوەى ژمارەى چەکە ئەتۆمییەکانى لە 350 بۆمبی ئەتۆمییەوە گەیاندووەتە 410 بۆمب و کڵاوەى ئەتۆمی، هەروەها کۆریاى باکوریش ژمارەى ئەو ژێردەریایی و موشەکانەى زیاتر کردووە کە تواناى هەڵگرتن و بەکارهێنانیان هەیە ، بەپێى وتەى سکرتێری گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ڕێککارە جیهانییانەى کە هەیە بۆ ڕێگریکردن لە بەرهەمهێنانى چەکی ئەتۆمی زۆر لاوازن و تواناى ڕێگری کردنى بەپەلەیان نییە.

هەربۆیە داواى لە وڵاتانى خاوەن چەکی ئەتۆمی کردووە کە خۆیان بپارێزن لە دروستکردنى ئەو ئامێرە جەنگییانەى مەترسییەکانى چەکی ئەتۆمی بەرەوپێشتر دەبەن، بەتایبەتى فرۆکە، موشەک و ژیردەریایی و کار بەو ڕێککەوتنە بکرێت کە لە ساڵی 1996 واژۆیان لەسەرکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک لەوڵاتانى خاوەن ئەتۆم تا ئێستاش واژۆیان لەسەر ئەو ڕێککەوتنە نەکردووە و پابەند نەبوون و نابن پێوەى و لە هەمان کاتیشدا هیچ یاسایەکى نێودەوڵەتیش نییە کە ناچار بەواژۆکردنیان بکات.

ئەنتۆنى گۆترێس سکرتێری گشتى نەتەوە یەکگرتوەکان ئەوەشى ڕاگەیاندووە کە جیهان ڕێگەیەکی زۆری بڕیوە لەژێر سێبەرى ئەو چەکە ئەتۆمییانەى کە وڵاتان هەیانە، هەربۆیە باشتر وایە جیهان لەو مەترسییە گەورەیە دوربخرێتەوە.

بەپێى ڕاپۆرتەنێودەوڵەتییەکان تا نیوەى یەکەمی ساڵی 2023 لە 12 هەزار و 512 بۆمبی ئەتۆمی 9 هەزارو 576 یان ئامادەى بەکارهێنانن، 3 هەزار و 844 یان بەستراون لە فرۆکە و موشەک، و دوو هەزاریان بەدەست روسیاو ئەمریکاوەن، کە بەڕێژەى 90% ى چەکە ئەتۆمییەکانى جیهان لە ژێردەستى ئەو دوو وڵاتە زلهێزەدایە، هاتنە پێشەوەى وڵاتى چینیش لەم دواییانەدا بۆ پێشبڕکێی ئەتۆمی هێندەى تر دۆخەکەى شڵەقاندووە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن یەک لەسەر دەى ئەو ئەتۆمە ئامادەکراوە بەسە بۆ ئەوەى هیچ زیندەوەرێک لە سەرزەویدا نەهێڵێت و هیچ خانوو بینایەکیش بەپێوە نەمێنێت، پرسیارەکە ئەوەیە: ئاخۆ ئەم هۆشدارییەى نەتەوە یەکگرتوەکان لەپێناوى چیدایەو دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە چی بەمرۆڤایەتى بڵێت؟ جگە لە ترسێکی چاوەڕوانکراو لەو وڵاتانەى لەئەگەرێکی هیستریاییدا هەموو شتێک بەسەریەکدا بدەن، بەجۆرێک هیچ کەس و لایەنێک لێی دەربازنەبێت، یان ئەوەیە لەژێر سایەى ئەو هەڕەشانەدا ڕێگریی لە پەیدابوونی هێزی نوێی ئەتۆمی بگرن و هیچی تر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP