هەرێم نیوز
فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، لایەنی عێراقی كار دەكات لەسەر ئامادەكارییە پێویستەكان بۆ سەردانی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی بۆ روسیا لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتودا.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەو قسانەی فواد حسێن، ئەمرۆ شەممە، لەمیانی كۆبونەوەیدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیادا هاتون.
سەردانی سودانی بۆ روسیا وەكو وەڵامدانەوەیە بۆ سەردانی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا بۆ عێراق لە مانگی شوبات ئەمساڵدا، كە وەفدێكی لە دیپلۆماتكارانو پیاوانی خاوەنكارو كۆمپانیاكان لەگەڵ خۆی هێنا بوو.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی لەسەر پەرۆشی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست كردەوە و وڵاتەكەی بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕوانی سەردانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیران دەكات بۆ مۆسكۆ.
پەیوەندی عێراق لەگەڵ روسیا پەیوەندییەكی مێژووییە كە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەكێتیی سۆڤیەت كە یەكێك لە گرنگترین هاوپەیمانەكان بوو بەلای بەغدادەوە.
پەیوەندی عێراق لەگەڵ روسیا تەنیا لایەنی سەربازی نەگرتوەتەوە، بەڵكو درێژبووەتەوە بۆ پەیوەندی بەرفراوان لە كەرتە ستراتیژییەكانی تردا بەتایبەتیش كەرتی نەوت.
نزیكەی 50 كۆمپانیای روسی گرێبەستی پەرەپێدانیان هەیە لە كێڵگە نەوتییەكانی عێراقو پرۆسەكانی دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوتدا لە چەند ناوچەیەك.