هەرێم نیوز
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا بەردەوام لە گفتوگۆدان لەسەر پرسی ئەمنی سنورەکان، هیوادارن رێککەوتنێکی ئەمنی هاوشێوەی ئێران لەگەڵ تورکیا واژۆ بکەن، دەشڵێت، "لەگەڵ ئەمریکا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بازاڕی دراوی دینار و دۆلار بەیەکەوە ببەستنەوە."
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە کەناڵی "الحرة"ی راگەیاند، پەیوەندییەکانی نیوان ئەمریکا و عێراق لەسەر بنەمای سەربازی و ئاسایش بنیادنرا، ئێستاش لە ئاستێکی باشدایە، هەروەها لە زۆربەی بوارەکاندا گەشەی سەندوە، لە روی چاکسازی ئابوری و گەشەسەندنەوە ئەمریکا پشتیوانی لە عێراق دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم بەندەکانی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران جێبەجێکراوە، سەرجەم ئەو هێزە کوردیانەی لە سنوری نێوان هەرێم و ئێران جێگیرببون، دورخراونەتەوە بۆ چەند بنکەیەکی سەربازی لە نزیک کەمپی ئاوەرەکان.
ئەوەشی خستەڕو، راگرتنی بۆردومانەکانی ئێران لە ناوچەکانی هەرێم، یەکێک بوە لە بەندەکانی رێککەوتنی ئەمنی، لە بەرامبەردا هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دورخرانەوە، ئەو ئەرکەش بە هەماهەنگی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم بە سەرکەوتوی ئەنجامدراوە.
فوئاد حسێن باسی لەوەشکرد، لەگەڵ تورکیادا بەردەوام لە گفتوگۆدان بۆ دورسختنەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی باکوری کوردستان، هیوادارن لەسەر ئەو پرسە رێککەوتنێکی هاوشێوە لەگەڵ تورکیا واژۆ بکەن.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، یەکێک لەو دۆسیە گرنگانەی لە گفتگۆی نێوان ئەمریکا و عێراق باسدەکرێت، دۆسیەی پێکەوەبەستنی بازاڕی دراوی عێراقیە بە دۆلار و هاتنە ناوەوەی دۆلارەوە بۆ ناوخۆی عێراق، دۆسیەی دارایی و بانکی پەیوەستە بە دۆخی دارایی و ئابوری عێراق.