دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 15/09/2023

بۆچی ئێران گەڕی لە حزبەکانی رۆژهەڵات ئاڵاندووە؟

مێژوو دەڵێت: ئەو وڵاتانەى کوردیان بەسەردا دابەشکراوە لەسەر هیچ شتێک کۆک نین مەگەر پرسێک کە پەیوەست بێت بە کوردەوە، ئیتر کێچ دەکەوێتە کەوڵیان و دەرەتانیان لێدەبڕێت و هەرچییان کردووە لەسەرى ڕێکدەکەون، بەجۆرێک خاکى خۆیان دەدەنە یەکتری بەس بۆ ئەوەى کورد نەڵێت هەم، هەروەک ئەوەى سەدام لە ساڵی 1975  بەشێک لە شەتولعەرەبى دایە حەمەڕەزاشاى ئێران بەس لەبەر ئەوەى ئێران پشت لەشۆڕشی کوردبکات و کردیشیان، عێراق و سوریا بێدەنگی دەکەن تورکیا بچێتە خاکەکەیان وبەو مەرجەى کورد هیچی بەهیچ نەبێت، بێدەنگى دەکەن لە تۆپیبارانی ئێران و تورکیا و وەک ئەوەیە نە بایان دیوەو نەبۆران.

وەک شرۆڤەکاران باسیدەکەن کورد لە دواى 2003 بەردەوام ڕەگەزێکی چاکسازیی و پێکەوەژیان و هەستانەوەى بەغداد بووە، بەڵام تائەو کاتەى کە هۆشیان هاتوەتەوە بەبەردا و دواجار هەر ئەو کەسەى کە پەناى بۆ هەولێر دەهێنا، دەچێتە کەشکەلانى فەلەک و دەڵێت: باوکم و باوکت لە مزگەوتێکدا نوێژیان نەکردووە.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئەمجارەیان تاران  و بەغداد چییان لە هەولێر دەوێت؟

بۆچى کارلەسەر لاوازکردنى ئیرادەى کورد و کیانى هەرێمی کوردستان دەکەن؟ لەکاتێکدا کە کیانێکى دەستووری و یاسایی و ڕێگەپێدراوە؟ ئەم یارییانە چییە دەستیان داوەتێ؟

چ پەیوەندییەک لەنێوان تاران و بەغداد دا هەیە بۆ ئەوەى هەڕەشە لەسەر قەوارەى هەرێم دروستبکەن و ئیرادەکەى نەهێڵن؟ هەر بەڕاست تاران و بەغداد چییان لە هەولێر دەوێت؟

هەرچەندە بەشێک لە میدیا روسییەکان ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئێران هەرەشەى زەمینى و لەشکرکێشی ناکاتە سەر هەرێمی کوردستان و سودانى و بەرپرسانى هەرێمیش ڕایانگەیاندووە کە دۆخەکە بەرەو ئارامی دەڕوات و بەوشێوەیەش مەترسیدار نییە، بەڵام وەک هەندێک گرتەى ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە کە ئێران لە جموجوڵێکی سەربازییدایە بەرەو سنورەکانى کوردستان، شارەزایان باسیدەکەن لە رۆژانى داهاتوودا ساڵڕۆژی شەهیدبوونى ژینا ئەمینى و سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکانى ئێرانە، کە لە ژێر دروشمى (ژن-ژیان- ئازادی)دا بەڕێوە چووە و ترسی سەرهەڵدانەوەى خۆپیشاندانەکانیانە.

لەلایەکی تریشەوە چاودێران پێیان وایە ئێرانی پێش شۆرشی ژینا و دوای شۆڕشی ژینا دوو ئێرانی تەواو جیاوازن، چونکە ئەو شۆڕشە رق و توڕەیی گەلانی نیشتەجێی ئێرانی بەتەواوەتی مانیفێست کرد، کە هەریەکەیان داوای جیابونەوەیان دەکرد، بەڵام بۆچی ئێران زیاتر مەراقی لە هێزەکانی رۆژهەڵاتداوە، چونکە دەزانێت ئەوان تاکە ئۆپۆزسیۆنی چەکدار و کاریگەرن و کاتێک شۆڕش دەستپێبکات رۆژهەڵاتییەکان پەنا بۆ حزبە کوردییەکان دەبەن، چونکە هەرهیچ نەبێ ئەوان رێکخستنی چەکداری و ناونیشانێکیان هەیە، بۆیە ئێران زیاتر گەڕی لەوان ئاڵاندووە دەیەوێت چەکیان بکات و ئەو مەترسیە دووربخاتەوە.

لەلایەن خۆشیەوە عەباس نەیلفروشان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ھەرەشەکانی لە ھەرێمى کوردستان بەردەوامە، سەبارەت جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران بۆ چەكکردنی ھێزەكوردییەكانی ئێران کە لە هەرێمی کوردستان لەسەرەتاى هەشتاکانەوە نیشتەجێن و 19/9/2023 دواوادەیە بۆ چەککردنیان و دانانیان لە کەمپێکدا کە نەتوانن هیچ چالاکییەکی سەربازیی نەنوێنن.

ئەو بەرپرسە باڵایەى ئێران دەڵێت ھەموو بژاردەیەك كراوەیە بۆ رووبەروو بوونەوەی ھێزە كوردییەكان، ئەوە لە کاتێکدا کە سەرۆکی یەکێتى نیشتمانی کوردستان چەندرۆژێکە لە ئێرانەو بێگومان یەکێک لە تەوەرەسەرەکییەکانى دیدارەکانى وابەستەى ئەو کێشە چارەنوسسازەیە، وەک شرۆڤەکاران باسیدەکەن، ئەوەی ئێران دەیكات لەبەر ئەوە نییە كە ھێزە كوردییەكان ھەرەشەی جدی بن لە سەر ئاسایشی ئێران و ترسی ئەوەى هەبێت ببنە مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بەڵکو بیانویەکی گەورەیە بۆ دەستێوەردانەکانى لە هەرێمی کوردستان.

دەستێوەردان و ئەگەری هێرشی سەربازیی و لەشکرکێشی چەند ڕەهەندێکی هەیە لەوانەش:

یەكەم: دوور نییە ئێران بییەوێت وەک تورکیا بکات و دوریش نییە لەسەر ئاستى باڵا ڕێککەوتنێکی بێدەنگ و نهێنییان هەبێت و بیانەوێت پێگەى سەربازیی ئێران لە هەرێمی کوردستان بکەنە هەمیشەیی، و ئەمجارەیان بە موشەک و درۆن هێرشەکانى ئەنجام نەدەن و بونى فیزیکی لە بونى هەژمون بەپێویستتر بزانن، بێگومان بەدەر لەوەی لەوانەیە ئێران وەك جارانی پێشوو بە مووشەك و درۆن ھێرش بكاتە سەر پارتە كوردییەكان لە ناو خاكی ھەرێم و وەک چەکوشێکی ئامادە لەسنورى پارێزگاى سلێمانیدا بمێنێتەوەو هەرکات بیەوێت ئامانجە ستراتیژییەکانى خۆی جێبەجێ بکات و ئەم سنورەش بخاتە ژێر هەژمونى ڕاستەوخۆو بێ پێچ و پەناى خۆیەوە.

دووەم، گریمانەیەکی دیکەى ئەم هەڕەشانە ئەوەیە دوورنییە ئێران و عێراق لە رێگەى ئەم ڕێککەوتنەوە، ھێزە عیراقییەكان و بە تایبەتیش ھێزەكانی حەشد لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێم و ئێران جێگیر بكات و ئەمنیەتى ئەو سنوورە درێژەى هەیە لەنێوان عێراق و ئێراندا مسۆگەر بکات و بەمەش بەشێکی دیکەى هەرێمى کوردستان بەمەرەندی ناوچەدابڕێنراوەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمی کوردستانیان بەسەردێت، چون بەشێکی زۆر لە شرۆڤەکاران باوەڕیان وایە کە ئاڕاستە  سیاسییەکانى عێراق لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت و ئاڕاستەدەکرێن.

سێیەم: هەرچەندە هەموان باش دەزانن کە هەرێمی کوردستان کیانێکی یاسایی و دەستورییە و تا هەموارکردنەوەى دەستور هیچی لەگەڵ ناکرێت، هەربۆیە دەمێکە بەدواى جێگە دەستێکی ترەوەن بۆ ئەوەى بیانویەک بە هەرێم بگرن و لاوازی بکەن، بۆیە ئەو شرۆڤەکارانە باوەڕیان وایە ئەوەى دەگوزەرێت کێشەى دارایی و ئابوری نییە و کێشەى بون و مانەوەى هەرێم و قەوارەکەیەتى.
 هەر بۆیە دەتوانین بڵێین: بەغداد بە ھاوكاری ئێران بەو گوشارانەی كە دەستیان پێكردوە دەیانەوێت لە زۆر رووەوە لە پێگەی ھەرێم بدەن. لەوانەش: كارتی نەوت و وزە لە دەست ھەرێم دەربھێنێت. ھەڵومەرجێكی وا دروستبكات كە ھەرێم لە رووی ئابوورییەوە گەشە نەكات و لە جێگەی خۆی بوەستێت.








Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP