دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 18/08/2023

لەژێر سایەى کۆمپانیاکەى ئەبومەهدی موهەندیس دا

پەیمانگایەکی ئەمریکی مەترسییەکانی حەشدی شەعبی لەسەر عێراق و وڵاتانی ناوچەکە ئاشکرا دەکات حەشدى شەعبی، بەوردی حساب بۆ هەمووشتێک دەکات، چاوساغەکانیان لە نێو سوپاى پاسداراندا ئەزمونی چل ساڵەیان هەیە، ئەوان ڕێگەکەیان بۆ کورت دەکەنەوەو ئەوەی لەسەر ئەمانە گوێڕایەڵی سوپایەو هیچى تر، ماوەیەکی زۆرە میدیاکان و ناوەندە پەیوەندیدارەکان بەدواى سەرچاوەى فڕینى درۆنەکانى حەشدەوەن، بەڵام هیچیان دەست ناکەوێت، لەم ڕاپۆرتەدا نهێنییەکانى پشتى ئەو ڕوداوانە ئاشکرادەکرێن.

پەیمانگاى واشنتۆن بۆ لێکۆلینەوە لە کاروباری رۆژهەڵاتى دوور؛ لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات کۆمپانیایەکی حەشدی شەعبی کۆپیکراوى پرۆژەى (خاتم الانبیاء)ەکەى سوپا پاسدارانی ئێرانە کە لەساڵی 1990 ەوە لە لە لایەن گەورە بەرپرسانى سوپاوە دامەزراوە، ئەزمونێکی گوازراوەى ئێرانیەکانە کە دەستى گرتوە بەسەر هەزاران دۆنمەى زەویدا لە سنورەکانى عێراق لەگەڵ هەردوو وڵاتى سعودییەو ئوردون.

لە ڕاپۆرتەکەى پەیمانگاى واشنتۆندا هاتوە: (شرکة المهندس- کە مەبەست لێی ئەبومەهەدی موهەندیسە کە لە3/1/2020 لە لایەن ئەمریکاوە لە ناو فرۆکەخانەى بەغداد لەگەڵ قاسم سولەیمانیدا کرانە ئامانج) ئەو کۆمپانیایە هەستاوە بە ناشتنى ملیۆنێک دار لەنێو پرۆژەیەکدا کە حکومەتى عێراقی بۆ حەشدی شەعبی دابینکردوە لە پارێزگاى موسەنا لە مانگی تشرینى دووەمی 2022 دا.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە لەکاتى کردنەوەى پرۆژەکەدا هەریەک لە (فالح فەیاز و عەبدولعەزیز مەحمەداوى ناسراو بە ئەبوفەدەک) ئامادە بوون کە هەردوکیان لە لیستى تیرۆر و داواکراوەکانى ئەمریکادان بەپێی زانیارییەکانى ڕاپۆرتەکە پرۆژەکە لە لایەن ئەندازیار سەڵاح مەهدییەوە بەڕێوە دەبرێت و  حەشدی شەعبی لە بەرنامەیدا هەیە یەک ملیۆن دۆنم لە حکومەتى عێراقی بە دوو قۆناغ وەربگرێت کە قۆناغی یەکەمیان لە 6/12/2022 چوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، عەباس عەلێوى وەزیری کشتوکاڵی عێراقیش بە کەناڵی –العهد-ى ڕاگەیاندوە کە حەشدی شەعبی لە پارێزگاى موسەنا یەک ملیۆن دۆنم زەوی وەرگرتوە.

راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە لە ئێستادا ئەو زەوییانە لەژێر دەسەڵات و تەسەڕوفى تەواوى حەشدی شەعبیدایە، هەروەها باس لەوەش دەکات سەرمایەى –شرکة المهندس- لە ئێستادا زیاترە لە 100 ملیار دینارى عێراقی کە بەرامبەرە لە 67 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و 90% ى ئەو سەرمایەیە بریتییە لە ڕێککارو بەڵگەنامەى حکومی، سەرمایەى نەقدیشیان بریتیە لە 10% ى ئەو ڕێژەیە و محەمەد شیاع سودانى واژۆی لەسەر مۆڵەتەکەیان کردوە، بەڵام ڕاپۆرتەکە ئەوەى ڕون نەکردوەتەوە ئایا لە کاتى ڕاییکردنى مامەڵەى گواستنەوەى خاوەندارێتى زەوییەکاندا لێخوشبونیان لە پێدانى باج وەرگرتوە یان نەخێر بە خۆڕایی و بێبەرامبەر پێیان دراوە؟ وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە فالح فەیاز و ئەو گروپانەى کە ڕێنمایی لە ئێران وەردەگرن و سەر بەحەشدی شەعبین بەردەوام سەرقاڵی دورستکردن و بونیادنانى کۆمپانیاى نوێن، ئامانجیشیان ئەوەیە وەک کۆمپانیاى –خاتم الأنبیاء- ەکەى سوپاى پاسدارانى لێبکەن کە ئێستا لە لەیستى تیرۆری ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکادایە.

کۆمپانیاى -خاتم الأنبیاء- ساڵی 1990 لەلایەن چەند بەرپرسێکی سوپاى پاسدارانى ئێرانەوە دامەزراوە، بە پێى ئەو ڕاپۆرتە توانیویانە ببنە خاوەنى دروستکردنى 1200 باڵەخانەى گەورە کە تەنها قازانجەکەى بە 50 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و زۆرنەشیان لەڕێگەى گرێبەستى تایبەتەوە بۆیان کراوە، ئەو کۆمپانیایەش لە لایەن یەکێتى ئەوروپاو ویلایەتە یەکگرتوەکانەوە خراوەتە لیستى تیرۆرەوە.
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات لە مانگی ئۆکتۆبەرى 2018 تا مانگی شوباتى 2019 ئەبومەهدی موهەندیس و فالح فەیاز کۆمپانیاى (معتصم) یان بۆ دروستکردنى ڕێگەوبان دروستکردوە کە لە ڕواڵەتدا سەر بە وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بوە، بەڵام دواتر داوایانکردوە خاوەندارێتیەکەى بگوازرێتەوە بۆ سەر حەشدی شەعبی، بەڵام بۆ ئەوەى نەتوانرێت کۆپی خاتەمولئەنبیائی سوپاى پاسداران لە عێراق ڕونەداتەوە ئەمریکیەکان فشاریان دروستکردوەو نەیانهێشتوە خاوەندارێتیەکەى بگوازرێتەوە. ساڵی 2021 هەمان هەوڵ دوبارەکراوەتەوە، فەیاز و ئەبوفەدەک فشارى زۆریان لە مستەفا کازمی کردوە و ویستویانە خاوەندارێتیەکەى بکەن بەناوى –شرکة المهندس-ەوە ، وەک باسدەکرێت بەو مەرجەى پشتیوانى مستەفا کازمی بکەن بۆ ئەوەى خولی دووەم ببێتەوە بەسەرۆک وەزیرانى عێراق، بەڵام کازمی ڕەتیکردوەتەوە و قبوڵی نەکردوە.

ئەوەى جێگەى سەرنجە ئەوەیە هیچ یاساو ڕێنماییەک لە حکومەتى عێراقیدا نییە کە بتوانرێت 2 ملیۆن دۆنم بەیەکجار بدرێتە هیچ کەس و لایەنێک، تا ئێستاش زۆرترین ڕوبەرى زەوی کە درابێت بە کۆمپانیاى ئەلبانى عێراقى دراوە کە بریتییە لە 36 هەزار دۆنم، ئەو زەوییانەش کە دراوە بە حەشدى شەعبی 9%ى تا ئێستا بۆ ناشتنی دار بەکارهێنراوە کەوەک ڕاپۆرتەکەش باسی دەکات ئەو زەوییانە لەبەر وشکى ناوچەکە بەکەڵکی دارناشتن نایەت.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات هۆکارى ڕاستەقینەى وەرگرتنی ئەو زەوییە وشک و دورەدەست و زۆرە ئەوەیە کە بۆ مەبەستى ئەمنى و بەکارهێنانى درۆن و فرۆکەى بێفرۆکەوان بەکاری دەهێنن و لەوێوە دەتوانن وڵاتانى ناوچەکە بخەنە ژێر کۆنترۆلی خۆیانەوە، لەوانەش عەرەبستانى سعودییە، ئوردن، وڵاتانى کەنداوى عەرەبی. وەک لە ڕاپۆتەکەشدا ئاماژەى پێکراوە پێویستە ئەمریکیەکان چاودێری وردى –شرکة المهندس- بکەن، بەتایبەتى کە پەیوەندی ڕاستەخۆی بەو کەسانەوە هەیە کە لە لیستى تیرۆی ئەمریکادان، تا لەوڕێگەیەوە کارە تیرۆریستیەکانیان بۆنەچێتە سەر و نەبنە مایەى هەڕەشە لەسەرناوچەکە و نەبنە بایسی پێشێلکدنى مافەکانی مرۆڤ. ڕاپۆرتەکە باسی لەوەش کردوە کە حەشدی شەعبی نەک هەرئەوەندە بەڵکو ملیۆنەها دۆنم لە زەوییەکانى موسەنا و دیالە  بە بێ مۆڵەت بەکاردەهێنێت لەکاتى موڵکی سەرفی وەزارەتەکانى پیشەسازیی، بەرگریی، نەوت، کشتوکاڵ و وەزارەتى دارایی عێراقن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP