هەرێم نیوز
كردنەوەی گەورەترین كونسووڵخانەی
ئەمریكا لە هەرێمی ئاماژەی پشتیوانییە بۆ ئەو جۆرە حکومڕانییە
ڕۆژی 3ی كانوونی دووەمی 2025 بە ئامادەبوونی بارزانی ڕێوڕەسمی كردنەوەی گەورەترین كونسووڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەم ڕێوڕەسمەدا هەر یەکە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و مایكڵ ڕێگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئامادە بوون پێکەوە جەختیان لەوە کردەوە، ئەمریكا وەك هاوبەشێكی ڕاستەقینە و متمانەپێكراو سەیری هەرێمی كوردستان دەكات.
وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتى، «هاریكاریی و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لاپەڕەی لەبیرنەكراوی مێژوون و بناغەی پتەویان بۆ کاری هاوبەشی ئایندە دروست كردووە»
هەوەها جێگری وەزیری دەرەوەى ئەمریکاش وتی: ئێمە شانازی بە هاوبەشیی قووڵ و درێژخایەنمان دەكەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە بەتوانای متمانەپێكراو لەسەر ئاستی عێراق و تەواوی ناوچەكە لەگەڵمانە.
ئەمریكا پابەندبوونی خۆی بۆ پاراستنی سەقامگیری و مۆدێلی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا دوو خاڵی سەرەکی باس کراون:
یەکەمیان گرنگیی ستراتیژی؛ کە مایكڵ ڕێگەس (جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا) لەوبارەیەوە وتی: کە بوونی هەرێمێکی بەهێز و سەقامگیر، کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریكا و عێراق.
دووەم هەرێم وەک پەناگەیکی ئارام: کە مەسرور بارزانی جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک شوێنێکی ئارام و پارێزراو بۆ هەموو ئەوانە دەمێنێتەوە کە خوازیاری ژیانێکی ئاشتیانەن.
مایكڵ ڕێگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتیشی: «بوونی هەرێمێكی كوردستانیی بەهێز، سەقامگیر و خۆڕاگر، كۆڵەکەیەكی بنەڕەتیی ئەو پەیوەندییە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەمریكا لەگەڵ عێراق هەیەتی».
كردنەوەی گەورەترین كۆمەڵگەی دیپلۆماتیی ئەمریكا لە هەولێر ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان وەك یەكێك لە هاوپەیمانە سەرەكییەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەبێتە میكانیزمێكی گونجاو بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، كە بێگومان عێراق ڕۆڵێكی سەرەكی دەبێت لە گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەكە.
لە هەمان کاتدا بەو مانایە دێت كە ئەمریكا كوردستان و عێراق بەجێ ناهێڵێت، بەڵكو شێوازی مانەوەی خۆی دەگۆڕێت، هەرێمی كوردستانیش لەسەر نەخشەی سیاسەتی تازەی سەرۆك ترەمپ وەك هاوبەشێكی ستراتیژی شوێنی شیاوی خۆی بۆ كراوەتەوە ئەوە لە کاتێکدا ئەمریكا تەنیا دەوڵەتە بە ڕێگەی بازرگانی بووەتە سۆپەرپاوەر، نەك شەڕ.
ئەمەش پێمان دەڵێت: مانەوەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان تەنیا بۆ پاراستنی ئەمنی نییە، بەڵكو بۆ هاوبەشیی ئابوورییە كە لەسەر سیاسەتی «بازاڕی ئازاد»ی ئیدارەی ترەمپ دامەزراوە.
کە ئەمەش لەسەر دوو بنەمایە، یەکەم ئەوە کە دەڵێت "ئاڵا شوێن بازرگانی دەكەوێت" : ئەمە ئەو بنەمایەیە کە دەڵێت لە هەر شوێنێک بەرژەوەندیی بازرگانیی ئەمریكا هەبێت، ئەو شوێنە دەبێتە بەشێك لە ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا و دەیپارێزێت.
دووەم، چارەنووسی هاوبەش: کە ڕایەڵەیەک دروست بووە کە چارەنووسی ئابووریی هەرێم و ئەمریكا بەیەکەوە گرێ دەداتەوە.
لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی هاوبەشی پەرەپێدانی كشتوكاڵ دا هەرێمی کوردستان هەنگاوی بۆ ئەوە هەڵگرتووە و چەندین رێککەوتنى لەگەڵ ئەنجامداون لە ژێر ناونیشانی «لە كێڵگەوە بۆ سفرە و » دەرگای وەبەرهێنان بۆ كۆمپانیاكانی خۆراك لە ئەمریكا کردووەتەوە، بۆ ئەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بێنە كوردستان لە بەرهەمهێنان و پیشەسازیی خۆراكدا وەبەرهێنان بكەن. شەخسی سەرۆكی حكومەتی كوردستان هەوڵیداوە بازاڕی جیهانی بە ڕووی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی هەرێمی كوردستاندا بكاتەوە.