دواین هەواڵ

کوردستان‌

 31/05/2023

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق هەڵوێستی خۆی بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی هەرێم راگەیاند

هەرێم نیوز

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، ناتوانن هەردو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لە یەککاتدا ئەنجام بدەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەی یاسایی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کۆمیسیاران و ستافی تەکنیکی پێشکەوتوی کۆمسیۆنیان کۆبوەوە، لە کۆبونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوی پارێزگاکان.

لایخۆیەوە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، جەختی کردەوە پێویستە خێراتر ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردن رابگەیەنرێت کە لە ماوەی 24 کاتژمێر زیاتر نەبێت.

ئەوەش هاتووە، سەرۆک و ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاماژەیان بەوەدا کە کۆمسیۆن دەستیکردوە بە دانانی خشتەی کارگێڕی کە دڵنیایی دەدات لە بەردەوامیی پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری بۆ دەنگدەران و تۆمارکردنی هاوپەیمانی و کاندیدەکان.

هاوکات، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کردەوە، کە بڕیارە لە 20ی 12ی 2023 بەڕێوەبچێت، کە کۆی گشتی دەنگدەران 27 ملیۆن کەسە و تائێستا 17 ملیۆن کەس خۆیان لە سیستمی بایۆمەتر تۆمارکردوە و 9 ملیۆن کەسیش خۆیان تۆمارنەکردوە.

پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ناتوانن لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدەن، چونکە لەڕوی تەکنیکییەوە پێویستی بە کات هەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP