دواین هەواڵ

کوردستان‌

 31/05/2023

گۆڕانكاریی لە بەرنامەی كاركردنی مۆلیدە ئەهلییەكان دەكرێت

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، لەسبەینێ پێنجشەممەوە هەركاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە، مۆلیدەكان كاردەكەن و 24 كاتژمێر كارەبای بەردەوام بۆ هاوڵاتیان دابیندەكرێت

كارەبای سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما و بەڕێوەچونی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12، ئاگاداری خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكانی ناو شاری سلێمانی دەكەینەوە، لە سبەینێ پێنجشەممەوە بەرنامەی كاركردنیان دەبێت بە 24 كاتژمێری".

ئەوەشی رونكردۆتەوە، بەپێی بڕیارەكە هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی كوژایەوە پێویستە ئەوان كارەبا بدەن بە هاوڵاتیان.

پێشتر بەپێی خشتەی كارپێكردنی مۆلیدە، لە كاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ بۆ كاتژمێر 1:00ی شەو هەركاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە مۆلیدەكان كارەبایان بۆ هاوڵاتیان دابیندەكرد، تەنها لە رۆژانی هەینی نەبێت كە لە كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ تا كاتژمێر 1:00ی شەو بو.

كارەبای سلێمانی جەختیكردوەتەوە كە لەكاتی كوژاندنەوەی كارەبای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی مۆلیدە و پێدانی كارەبا بەهاوڵاتیان لە 10 خولەك زیاتر بخایەنێت، بەپێچەوانەوە سەرپێچییە و خاوەن مۆلیدەكە سزا دەدرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP