دواین هەواڵ

ئابوری‌

 30/05/2023

شاخەوان عەبدوڵڵا هەنگاوی کردەیی دەنێت بۆ گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە

هەرێم نیوز

شاخەوان عەبدوڵا لەبارەی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران رایگەیاند، دو رۆژ لەمەوبەر نوسراوێکی ئاڕاستەی نوسراوێکی ئاڕاستەی لیژنەی دارایی پەرلەمان کردوە بۆ ئەوەی ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار بگوازرێتەوە لەو بڕەی کە بریتییە لە شەش ترلیون دینار و بڕیاری لەسەر دراوە بۆ مناقەلە بەکاربێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نوسراوێکی بڵاوکردوەتەوە و نوسیویەتی، "ئەوە نوسراوی ئیمەیە کە پێش دو رۆژ رەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراقمان کردوە بۆ ئەوەی بڕی ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار بگوازرێتەوە لەو بڕەی کە بریتییە لە شەش ترلیون دینار و بڕیاری لەسەر دراوە بۆ مناقەلە بەکاربێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئێستا کاتی ئەوەیە "کۆتایی بەمزایدە بێت و هەمو ئەو کەس و لایەنانەی دەیانوت پاشکەوتی موچەمان گەڕاندەوە و سوپاسی پەرلەمانتارانی غەیرە کوردیشیان دەکرد گوایە رەزامەندییان داوە بەگەڕانەوەی بڕی 10% پاشکەوتی موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم، کاتی ئەوەیە دۆستەکانتان کە دوێنێ هاوهەڵوێستیان دەردەبری تاقیان بکەنەوە بۆ پشتگیریکردن لەم نوسراوەی ئێمە و پێیان ئیمزا بکەن و دەنگی لەسەر بدەن".

باسی له‌وه‌ش کردووە، "پاشەکەوت بەتەنها نوسین لەسەر کاغەز ناگەڕێتەوە بەڵکو بەوە دەکرێت پارەی بۆ دابینبکرێت و بخرێتە سەر حسابی هەرێم، ئەگەر پارەی بۆ دابیننەکرێت حکومەتی هەرێم نەک هەر ناتوانێت پاشەکەوت بگەڕێنێتەوە، بەڵکو بەپێی ئەو بودجەی بۆی دانراوە بۆ موچە تەنها دەتوانیت موچەی 10 مانگ دابین بکات و دەبێت بگەڕێت بەدوای ئەوەی موچەی ئەو دو مانگە چۆن دابین دەکات".

رونیشیکردوەتەوە، "تەنها بڕی 9 نۆ ترلیون دینار دابینکراوە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەکاتێکدا هەرێم پێویستی بە 10 ترلیۆن و نیو دینارە بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، فەرمون ئەندامانی کورد لەلیژنەی دارایی و ئەو حزبانەی کە ئەندامیان لە دارایی نییە و مزایەدەیان دەکرد بتوانن دۆستەکانتان کە رۆژانە سوپاستان دەکردن قەناعەتیان پێبکەن دەنگ لەسەر ئەم پێشنیارەی ئێمە بدەن ئەوکات منیش سوپاسیان دەکەم و بەخەمخۆری فەرمانبەرانی هەرێمیان دەزانم". 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP