دواین هەواڵ

ئابوری‌

 30/05/2023

وەزیرى دارایى: گۆڕانکاریەکانی ناو پرۆژەیاسای بودجە ئاشکرادەکات

هەرێم نیوز

وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم، گۆڕانکارییەکانی نێو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق ئاشکرادەکات و رایدەگەیەنێت، هەر دەستکارییەک بەبێ ئاگاداری و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناکۆکیی دەستورییە و دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم پاشەکەوتی موچەی کردوە بەقەرز، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە پلانی هەیە ئەو قەرزە بداتەوە، لەگەڵئەوەشدا تا موچە دابین نەکرێت، هیچ شتێکی تر تەرخان ناکرێت".

ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم، لەپەیامێکدا بڵاویکردەوە، "ئێمە پاڵپشتین بەو ڕێککەوتننانەی بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردومانە، پابەندین بەو رێککەوتننامەی کە لە 18ی (نیسان/4)ی 2023 لەنێوان وەزیری نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی واژۆکراوە، بۆیە هەر دەستکارییەک کرابێت بەبێ ئاگاداری و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێم، دەستکاریی پڕۆژەیاسای بودجەیە و ناکۆکیی دەستورییە، بە تایبەت بڕیارێکی دادگای فیدڕاڵی هەیە، بڕیاری ژمارە 35 ڕێگری لەوە دەکات پەرلەمان دەستکاریی ئەو ناوەڕۆکانە بکات کە لە حکومەتەوە دەچێن بۆ پەرلەمان، واتە لیژنەی دارایی مافی ئەوەیان هەیە دەستکاریی ژمارەکان بکەن یان لە نێوان بڕگە و ماددەکان گواستنەوە بکەن، بەڵام مافی زیاددکردن یان تەرککردنی ناوەڕۆکیان نییە".

راشیگەیاندوە، "ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانیە ئەو گۆڕانکارییانەی کردویانە، پێمانوایە ئەوە ئاسانکاری بۆ هەردولا دروست ناکات، بە پێچەوانەوە ڕێککەوتنی هەردو لا قورس دەکات و بۆ تێکدانی پەیوەندیی هەرێم و بەغدایە".

ئەوەشی رونکردۆتەوە، ماددەی 13 و 14 زۆر دەستکاری کراوە، لە بڕگەی دوەم (ا) دەستکاریی وشەی "تسلیم" و "تصدیر" کراوە، لە کاتێکدا مافی ئێمە لە موڵکداریەتیی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە شێوەیەکی گشتی ئەو مافەی لە ئێمە سەندوەتەوە و بە پێی ماددەی 111 و 112ی دەستوری عێراق ئەو مافە پارێزراوە بۆ گەل، لە ماددەی 112 پێناسەی کردوە دەڵێت "هەرێم و پارێزگاکان" و لێرەدا مافی ئێمەی پێشێل کردوە، سەرباری ئەوەی ڕێککەوتنمان هەیە لەسەرئەوەی پڕۆسەی نەوتی ئێمە شایەنی بەدواداچونە لەلایەن چاودێریی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم، لەگەڵ کۆمپانیای چاودێریی جیهانی، لێرەدا ئەوەیان زیاد کردوە کە لە دوای هەمو ئەمانە لەلایەن وەزارەتی داراییی عێراقی وردبینی بۆ بکرێتەوە زیادکردنی ئەو بڕگەیەش کێشەدروستکردنە".

ئاوات جەناب نوری ئەوەشی ئاشکراکردوە، "لە بڕگەی (د) قەرزێکی تی بی ئای هەیە، کاتی خۆی کردمان بە 10 ساڵ، لە ڕێککەوتنی بودجەی 2021 کرا بە حەوت ساڵ، ئەوان کردویانە بە پێنج ساڵ، خۆی بڕی بودجەی هەرێم 12.67٪ بە ناهەقە و بەبێ پرسکردن بە هەرێم لە 17٪ کەمکراوەتەوە، ئێمە بەو مەرجە بەوە ڕازی بوین لە مانگی 10 سەرژمێری بکرێت و بەپێیی ئەمە ئەو ژمارەیە دابنرێت، چونکە بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ڕێژەی کورد نزیکەی 14٪ـی عێراقە نەک 12٪. لێرەدا وەکو ئەوەیە قورسایی بخەنە سەر ئەو بودجەی بۆ ئێمە دانراوە، نزیکەی 90 یان 80 ملیار خۆی لە خۆیدا ئەو ئەرکەی لەسەریەتی پێی بەڕێوە ناچێت، ئەوەشیان بۆ زیاد کردوە".

وەزیری دارایی باسی لەوەشکردوە، لە بڕگەی پێنج لە ماددەی 14 لیژنەیەک دروستدەکرێت بۆ بەدواداچونی ئەو ماوەی پێشو واتە لە 2004 بۆ 2022 ئێمە وەکو حکومەتی هەرێم پێشوتر ڕازی بوین لەسەر ئەمە و خۆشمان بۆی ئامادە کردوە، بەڵام لێرەدا شتێکی تریان زیاد کردوە، بەپێی ئەو ناوەڕۆکەی دەڵێت "لەلایەن هەردولا دەبێت قبوڵ بکرێت" ئەوە لابراوە، وەک ئەوەیە حکومەتی ئیتیحادی هەمو بڕیار و مەرجەکانی خۆی بسەپینێت و ئێمەش هیچ ڕامان نەبێت لەسەری.
لە بڕگەی حەوت میلاکاتیان هێناوە، گوایە ژمارەی هەمو فەرمانبەرانی ئێمە پێشکەشی وەزارەتی دارایی کراوە و لەلایەن چاودێریی دارایی وردبینی بۆ کراوەتەوە،

بەوتەی ئاوات جەناب نوری، "لە بڕگەی حەوت میلاکاتیان هێناوە، گوایە ژمارەی هەمو فەرمانبەرانی ئێمە پێشکەشی وەزارەتی دارایی کراوە و لەلایەن چاودێریی دارایی وردبینی بۆ کراوەتەوە، دەتوانین بڵێین ئەوە بیدعەیە، لێرەدا زیادەیەکی بۆ کردوە الشاغل و المشغول، بۆ زانیاری ئەو بابەتەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی بڕاندۆتەوە، کێشەیان بۆ دروستکردوین لەسەر ژمارەی میلاکاتی داوامان کردوە ئێمە 681 هەزارمان هەیە و داوامانکردوە ژمارەیەکمان بۆ زیاد بکەن تاوەکو کێشەی یەکەمەکان و وانەبێژان و گرێبەستانی پێ چارەسەر بکەین، لێرەدا 20 هەزارێکیان کەم کردۆتەوە".

ئەوەشدەخاتەڕو، "کێشەیەکی تر ئەوەیە دایان ناوە ئەگەر لە تێڕوانین ناکۆک بین، لە ماوەی 15 ڕۆژدا ڕاستەوخۆ بودجەی هەرێم ببڕدرێت، بۆچی دەبێت لەسەر جیاوازیی ڕا، ملیۆنێک و 270 هەزار موچە خۆری ئێمە سزا بدرێن؟".
لە هەرێم تا موچە دابین نەکرێت، هیچ شتێکی تر تەرخان ناکرێت

هەر لەبارەی ماددەکانی پەیوەست بە پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق، ئاوات جەناب نوری دەڵێت، "لە ماددەی 9دا هاتوە، دەبێت حکومەتی هەرێم پابەند بێت بەوەی کە موچە یەکەم بێت، ئێمە خۆمان بەشی زۆری بودجەی هەرێممان داناوە بۆ موچە، ئەمساڵ نۆ ترلیۆنمان بۆ موچە تەرخانکردوە کە هیچ ساڵێک پێنج ترلیۆن بۆ بودجەی هەرێم دانەنراوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، لێرەوەش ئاشکرایە لە هەرێم تا موچە دابین نەکرێت، هیچ شتێکی تر تەرخان ناکرێت".
حکومەتی هەرێم ئەو بڕەی کرد بە قەرز لەسەر حکومەت، چونکە پلانی هەیە بیداتەوە، پلانەکەش لەسەر پاشەکەوتی موچەیە

سەبارەت بە پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران، وەزیری دارایی ئاشکرایکردوە، "پاشەکەوتی موچە لەبەر ئەوەی هاتۆتە ناو موزایەدەی سیاسی، تۆ کاتێک نوسراو دەکەیت بەپێ پارە، ئەو پارەیە چۆن دەدەی؟ بۆیە ئێستا سەیر بکەین ئەمە لەگەڵ ئەو پارەیەی هیچی بۆ دیارینەکردوە، هیچ ژمارەیەکی بچوکیشت لە بودجەی هەرێم زیاد نەکردوە، لەگەڵ ئەوەی تی بی ئای مانگانە ڕەنگە بچێتە 170 یان 180 ملیار دینار، ئەمە چۆن دەدەی و کێشەکانی هەرێم چۆن چارەسەر دەکەی، حکومەتی هەرێم ئەو بڕەی کرد بە قەرز لەسەر حکومەت، چونکە پلانی هەیە بیداتەوە، پلانەکەش لەسەر پاشەکەوتی موچەیە".

وتیشی، "ئەوەی ئێمە دەیکەین و پێویستیشە بیکەین و لەسەر هەردولامانە بیکەین، ئەو پارەیە بگەڕێتەوە، بە هیواین هەموی بگەڕێنینەوە بە جارێک، نەوەک بە ڕێژە، بەڵام خۆزگە هەمو لایەک لە موزایەدەی سیاسی دەردەچو و خەمی گرنگمان ئەوە دەبو چۆن خزمەت بە وڵاتەکەی خۆمان بکەین".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP