دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 29/05/2023

کاردۆ محەمەد: پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆی ئەنجام بدرێت

محەمەد جەمال - هەولێر

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان باس لە گرژییەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی کوردستان دەکات و دەڵێت، لایەنەکان ڕێکەوتنێکیان لەسەر پرسی کۆمسیۆن و هەڵبژاردن هەیە و پێویستە پێیوە پابەند بن و هەڵبژاردنیش لە کاتی خۆی ئەنجام بدرێت.

کاردۆ محەمەد، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان بە هەرێم نیوزی ڕاگەیاند، لە کوردستان دا کەم ئیلتیزام بە بنەما یاسایی و دەستوورییەکان دەکرێ کە هەڵبژاردن چوار ساڵە و پێویستە لەکاتی خۆی بکرێ، بەڵام بە بیانووی جۆراوجۆر هەڵبژاردن دوادەخرێت، ئەم دواخستنەش گرفت دروست دەکات کە پەیوەندی بە ناکۆکی و ململانێکان هەیە.

دەشڵێت: ئێمە ئێستا خەریکین کە دامەزراوەکانی کوردستان پەک دەخەین، کە ئەمەش لە قازانجی بەڕێوەبردنێکی باش و ئەزموونی هەرێمی کوردستان دا نیە و هەمووی بە زەرەری میللەتەکەمان دەشکێتەوە و خەڵکی کوردستانیش باجەکەی دەدەن.

کاردۆ محەمەد ڕوونیشی دەکاتەوە، کە دەبێ ڕێز لەدامەزراوەکان و یاساکانی پەرلەمان بگیرێت و بەشێوەیەک بەڕێوە ببرێت کە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و یاساکان خزمەتی پرۆسەی هەڵبژاردن بکات.

وتيشى،  ئێستا دەستپێشخەرییەک هەیە، بۆئەوەی گفتوگۆ لەسەر پرسی هەڵبژاردن بکرێت و کۆمسیۆنیش لە ئێستادا هەڵپەسێردرێت، هەروەها کار لەسەر ئەو مادە یاسایە بکرێت کە پەیوەندی بە پێکهاتەکانەوە هەیە، پاشان کە لایەنەکان لەسەر ئەم پرسە گەیشتنە ڕێکەوتن،  یاساکە هەمووار بکرێتەوە، ئەو کاتە پرسی کۆمسیۆنیش چارەسەر  بکرێت.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP