دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 27/05/2023

تا کورد نەبێتە سەپانى پوشێ

ناکۆکییەکانى نێوان لایەنە کوردستانیەکان کێشەکان بەکوێ دەگەیەنێت؟

لایەنە کوردییەکان هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان دیدگای جیاوازیان هەبێت و هەریەکەیان بە ئاڕاستەیەک کار بکات، لەوانەیە ئاسایی بێت ، بۆ ناوخۆی کوردستان و هەمان نەفەس و هەمان شێوازی کار بۆ بەغداد لەوانەیە لەبار نەبێت، لایەنە کوردییەکان و لە پێشى هەموشیانەوە بە پلەى یەکەم پارتى و بەدواى ئەویش دا کەمێک یەکێتى بەردەوام جەختیان لە یەک گوتارى و یەک هەلوێستى کردوەتەوە، بەڵام کاتێک ئەم دروشمە هاتوەتە سەر کردار جگە لە پارتى هیچ یەکێکیان خاوەنى قسەى خۆیان نەبوون، بەلایانەوە ئاسایی بوە دەست بخەنە دەستى دوژمنان بەو مەرجەى پشتى براکانیان لەزەوی بدەن،

بەڵام هەر ئەو هەڵوێستانەیان دواجار بەسەر خۆیاندا شکاوەتەوەو هیچ هەنگاوێک بە بێ خواستى هەولێر نەچوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە. کۆتا هەڵوێستیش دوای دەستکاریکردنی هەندێک لە خاڵەکانی پشکی هەرێم لە بودجەی دەوڵەتی عیراق کاردانەوەکانی زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستانى لێکەوتوەتەوە، بەڵام ئاخۆ میکانیزمەکانی کارپێکردنی لەمەبەدواوە، دەرکەوتە و لێکەوتە سیاسیە ستراتیژییەکان و ئابوورییەکانی چی دەبن و ڕێگە چارەکانى کامانە دەبن؟

زۆر جار ئەو دەستەواژەیەمان بەرگوێ کەوتوە کە (بەغدایەکی بەهێز، هەرێمێکی بەهێز) دەهێنێتە پێشەوە، بەڵام پێچەوانەکەى ڕاستەو ئەوەى ئێستا دەگوزەرێت کاتێک بەغداد بەهێزدەبێت یەکەم هەنگاوی بۆ لاوازکردنى هەرێمی کوردستانە، بەداخەوە لەناوخۆی هەرێمیشدا هەناسەیەکی لەو جۆرە لە ئارادایەو دەیەوێت مەرامە شاراوەکانى بەغداد بێنە دی و بزانن یان نە هاوبەشی ناوەند دەکەن بۆ بچوککردنەوەى ڕۆڵی هەرێم و تەنها لەبەر ئەوەى پێگەى پارتى و هاوپەیمانەکانى لەبەغەداد کەمبکەنەوە، ئەوە لەکاتێکدا شەریکی ڕاستەقینەى فەرمانڕەوایی کوردستانن. هەموو ئەم هەنگاوانە جگە لە دوورخستنەوە و پاشەکشەپێکردنی فیکرو ستراتیژی کوردایەتی ، کە لانی کەم ئەم دەستەکەوتەى ئەمرۆی هەرێمی کوردستان سەدساڵی پڕ لە خوێن و بەرخودان و ململانێی فیکریی و کلتووریی و کۆمەڵایەتی ویستووە ،

بەڵام وا خەریکە لەڕێگەى موچە و دابینکردنى بەشە بودجەى هەرێمەوە هەڕاج دەکرێت و ئەو ڕوبارە خوێنە بە هەند وەرناگیرێت. ئەوەى کە بۆ  هەموان یەکلایی بوەتەوە دەسەڵاتی عەرەب (دوێنێی سوننی و ئەمڕۆ شیعی و سبەینێش کەس نایزانێ چیتر) هەرگیز لە خەسڵەتی داگیرکەری خاڵی نەبوەتەوە، دەستبەرداری فیکری داگیرکارى نەبوون، وەک دەگوترێت لە هەلێک دەگەڕێن کە نینۆکی کورد بکەن تا نەتوانێت سەرى خۆی پێ بخورێنێت و هەرجارەى بە بیانویەکەوە،

ئەم نەفەسە داگیرکارییە نەک هەر بەرامبەر کورد بەڵکو بەرامبەر زۆر لەنەتەوەو کەمینەى تریش لە ئارادایە ،بۆیە ئەوەی روویداوە لە چەند رۆژی ڕابوردودا بە بڕواى شرۆڤەکاران تۆخکردنەوەی خەسڵەتی داگیرکەری دەوڵەتی نەتەوەی عەرەبە لەعیراقدا.. وەک شارەزایان باسی دەکەن ئه‌و هه‌وڵ و پیلانگێڕییه‌ دژی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك چۆن له‌ دژی ده‌ستووری عێراق و مادده‌كانیه‌تی، به‌وپێیه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ بنه‌ڕه‌تدا قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ش له‌ ده‌ستووردا جێگیر كراوه‌.

ته‌نانه‌ت دژی یاسا و یاسای ژماره‌ شه‌شی داراییشه کە بەشێک لە حیزبە کوردییەکانیش بەهۆکارى جیاواز کەوتنە تۆڕە چنراوەکەى شۆڤیەنیتی عەرەبی و بێئاگا لەوەى بە پێوەبونى ئەوان قەوارەى کوردستانیش دەکەوێتە مەترسییەوە لەبەر ئەوەى باوەڕیان وایە دەکرێت پارێزگاکانى هەرێمی کوردستانیش وەک هەر پارێزگایەکی تر مامەڵەى خۆی راستەوخۆ لەگەڵ ناوەند بکات، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ هەڵوەشاندنەوەى قەوارەى هەرێمی کوردستانە‌ و کوردگوتەنى ئاوابڕوات کورد لە کوێخایەتى ماڵی خۆیەوە دەکاتەوە سەپانى پوشێ، دواجاریش کێ بەرپرسیارێتى مێژویی ئەم دۆخە هەڵدەگرێت، ڕون و ئاشکرایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP