دواین هەواڵ

کوردستان‌

 26/05/2023

حکومەتی هەرێم بە توندی وەڵامی بەغدا دەداتەوە

هەرێم نیوز

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو گۆڕانکاریانەی لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدران، "نادەستوریین و دژی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵیە"، دەشڵێت: "بە هیچ شێوەیەک "ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین".

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەو گۆڕانکاریانەی لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە 25ی 5ی 2023 دژی هەرێمی کوردستان، لە سەر پڕۆژە یاسای بودجە ئەنجامدران، نادەستوریین و دژی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵیە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی ڕێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان لە سەر دراوە". 

ئاماژەی بەوەشکردوە، بە هیچ شێوەیەک "ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین جگە لەو  ڕێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی بەڕێز سودانی کراوە".

هەردو ماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 کە شەوی رابردو لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندکران، مشتومڕی زۆریان بەدوای خۆیدا هێنا و نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوی ئیسلامیش لە لیژنەکە کشانەوە، هەردو فراکسیۆنی یەکێتی و نەوەی نوێش دەنگیانپێدا.

بەگوێرەی ماددەی 13ی پرۆژەیاسای بودجە، دەبێت پاکتاوی حسابات لەنێوان ساڵانی 2004 تاوەکو 2022 لەنێوان هەرێم  و بەغدا بکرێت، هەروەها حکومەتی هەرێم پابەند بێت بە هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی سۆمۆوە، داهاتەکەش راستەوخۆ بۆ گەنجینەی وەزارەتی دارایی عێراق بگەڕێتەوە، لەگەڵئەوەشدا هەرێم پابەندی ناردنی داهاتی نانەوتیەکان بێت بۆ حکومەتی فیدڕاڵی، لەبەرامبەریشدا شایستە داراییەکانی بۆ رەوانە دەکرێت.

بەگوێرەی ماددەی 14ی پرۆژەیاسای بودجە، داهاتی نەوتی هەرێم لە هەژمارێکی بانکیدا لە بانکی ناوەندیی دادەنرێت بە بی هیچ لێبڕینێک، وەزارەتی درایی لە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتی خەرجکردن دەداتە سەرۆک وەزیرانی هەرێم، لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردولا پێداچونەوە بۆ ماوەکانی پێشو لە کەرتی نەوت و غاز و پەیوەندییەکانی وەزارەتی نەوتی ناوەند و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکات، پاشان بە سیغەیەکی هاوبەش و پەسەندکراو لە لایەن هەردولاوە پاکتاوی ماوەکانی پێشو ئەنجامدەدرێت.

لە هەبونی هەر ناکۆکییەک لە نێوان حکومەتی ناوەندو حکومەتی هەرێم لەسەر ماف و  پابەندییەکان، یان پابەند نەبون ماوەی 15 رۆژ بۆ چارەسەری کێشەکە دیاریدەکرێت و پاشان شایستە داراییەکانی هەرێم دەبڕدرێت و بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کاردەکرێت، هەروەها دەبێت هەرێمی کوردستان پابەند بێت کە دوای وردبینی دیوانی چاودێری حکومەتی ناوەند زانیارییەکان لەسەر فەرمانبەرانی (شارستانی، سەربازی) بدات بە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP