دواین هەواڵ

کلتور‌

 23/05/2023

لەسەر درامایەک سێ ڕۆژ زیندانی کرام

حەیدەر عەبولرەحمان

زۆرم دەربارەی زنجیرە درامای ئێرانی (پێستی شێر) ی دەرهێنەر (جەمشید مەحموودی) بیستبوو ، بەڵام تا خۆم نەکەوتمە ناخ تەوژمەکانی، نەمزانی دراماش هەیە وەک ماددەی هۆشبەر ئاڵودەی خۆیت دەکات و ئۆقرەت لێ هەڵدەگرێ و وەک شەپۆلێک لەگەڵ خۆیت ڕادەماڵێ،

ئیدی چ پنج و بەربەستێک نامێنێ بتگرێتە خۆی تەنیا خوا نەبێ.

سێ ڕۆژان چ تاوانێکم نەکردبوو سزا درام، خیانەتم لەگەڵ کەس نەکردبوو، لەژوورێکی تەنیادا خۆم زیندانی کرد،

سێ ڕۆژان بەیانیان و ئێواران و شەوان، بەسێ بەش و سی و چوار ئەلقەوە بەدیار ڕووداوەکانی پێستی شێڕ ، ڕادەچڵەکام، لە ناو دیالۆگە ئاگرین و وێنە سیحراوی و گۆرانیە حەزینەکانی، لەگەڵ ئەو باوکە بەد بەختە ژیام ( نەعیم - هادی حیجازی فەر ) کە پانزە ساڵان لەزیندان دابوو، بەو ئاواتەی رۆژێ بێ ئازاد بکرێت و بە (ساحل -- پەردیس ئەحمەدیە) ی کچی شاد بێت، ئەو ساحلەی بە منداڵی لێک جیابوونەوە، بە عازەبی باوکی خۆی بینییەوە

ویستیان هەردوکیان تۆڵەی ئەو لێک دابڕانە دوورو درێژەیان بکەنەوە باوک و کچ بۆ سەیران و کەیف و سەفا ڕوویان لە شیمالی ئێران کرد، نەیانزانی مرۆڤە گورگەکان لێکیان دادەبڕێنن و مەرگەساتەکان ڕوویان تێ دەکەن.

زۆر هۆگری ڕەزا پەروانە( عەلی ڕەزا کەمالی ) ی هاوڕێ ی گیانی بەگیانی نەعیم بووم، دڵسۆزیەکی لەپاکی و دڵسۆزی و قوربانی دانی هاوڕێیەتی نیشان داین، نموونەی نەبێت.
ئەو خۆشەویستی و وەفادارییە ڕەسەنەی لەژنەکەی ڕەزام بینی ( ژیلا شاهی) هەموو خەڵکی فێری زمانی ڕاستەقینەی خۆشەویستی نێوان هاوسەران کرد، هەر جارێ لە ناخی دڵیەوە بەڕەزای مێردی دەگوت (قوربانت بم)، دڵم لەگەڵیا لەبێخەوە هەڵدەکەنا.

کە خۆشەویستی سەدرا ( میهرداد سدیقیان ) بۆ ساحلم بینی، تێگەیشتم کە هێشتا خۆشەویستیە پاکیزەییەکانی سەردەمی مەم و زین لەملاو لەولا هەر ماون.

سەرم لە تواناو دەسەڵاتی هونەریی ئەو سیناریۆ نووس و دەرهێنەرە سوڕمابوو، کە چۆن ئەو خەڵکە بە کۆمەڵەیان پێکەوە خستبووە ژێر سیحری وروژاندن و شاگەشکە بوونە کردووە، کە هەر یەکەو دەستی لەسەر دڵی خۆی داناوە نەوەستێ، کە چۆن دەیانتەزێنێ و هەندێ جاریش ناچاری فرمێسک ڕشتنیان دەکات...

من خۆم سێ جاران لەتاو داهێنانی هەندێ لەدیمەنەکانی ژێر ڕێژنە بارانەکان و سەمای سەدرەو ساحیل، بەناچاری بۆ تاوێک پشووم دا لەتاو شاڵاوی ئەو هەموو جوانیەی داگیریان کردم.

ستاتیکا هەر تەنها لە سیناریۆ و وێنەو هاوێنەکانی کامێرادا نیە، بەڵکو سەرچاوەی هەرە بە تینی دراماکە لە ستاتیکای نواندنی ئەکتەرەکاندایە، کە بەنواندنە بەهێزەکانیان دڵت دەلەرزێنن، لەسەرووی هەمووشیانەوە مەنسوور- کە (موجتەبی پیر زادە) ڕۆڵەکەی دەبینی، ئەو ئەکتەرە ڕه هیبەی ترس و خرۆشێکی تۆقێنەری دروست کردبوو، کە بینەر لەچاوو حەرەکەی ڕوخسارو تێڕامانە کارەباییەکانی هاوێنەی کامیراکانی تێک دەشکاندو لەبێدەنگی و کپ بوونی دا چاوەکانی پئ دادەخستی.

ئەکتەرێکی وەک نەعیم ( هادی حیجازی) کەسایەتیەکی ئەوەندە بەهێزی هەبوو، باڵانسی نواندنی دراماکەی گەیاندبووە لوتکە، بێ ئەوەی هەموو ئەو مەرگەساتانەی ڕوو بە ڕوویان بۆوە، ترس، یا داهێزران، لە ڕوخساریدا دەرکەوێ.

بەڵام وێڕای هەموو موچڕک و وروژاندنە بەتینانەی دراماکە، ئاشناشی کردم بە کۆمەڵگایەکی تاوانکارو مافیاو خوێن ڕێژ، کە لێواو لێوە لە بێ ڕێزی بەرامبەر بە یاساو، کۆمەڵگایەکی بەڕەڵاو تینوو بە غەدرو ڕق و تۆڵەسەندنەو کۆمەڵگایەکی ناشیرین، کە تێیدا یاسا لە داوە مووەک لاوازترە، تەنانەت کوشتن و بڕین و چەقۆ کێشی لەناو جەرگەی بەندیخانەکانیشدا دەکرێت.

ئەوەی لەو درامایەدا کۆمەڵگای ئێرانی ببینێ، بەهەموو ژیانی تێکەڵی نابێت و لێی نزیک نابێتەوە، کۆمەڵگایەک دروشمێکی ئایینی هەڵگرتووە، بەڵام بە سەدان گروپی چەتەگەرو ڕێگرو بکوژو قاچاخچی ئەوتۆی تێدایە، لە هیچ وڵاتێکی مافیایی وێنەی نەبێت.

 

کەس نازانێ ئەو کوشتن و بڕۆیە، چۆن لەژێر سانسۆری توندو تیژی ئەو وڵاتە دەربازی بووە !!

جگە لە تاوان دەرهێنەر زۆر بوێرانە پەنجەی لەسەر مافە زەوت کراوەکانی ژن داناوە لە چەند دیمەنێکدا ژنە غەدر لێکراوەکەی ڕەزا نیشان دەدات، کە بە سیغە ژنی ڕەزایەو هەر سێ مانگ جارێک بە ڕێکەوتن نوێ ی دەکاتەوە، هەمیشە بە دەم گریانەوە ئاواتی ئەوە دەخوازێ، هاوسەرگیری بۆ ئەبەد لەگەڵ ڕەزا بکا، بەڵام ڕەزا ڕێگرە لەبەردەم بەدی هاتنی ئەو ئاواتەی، بۆیە شەوێکیان دڵی خۆی بۆ ڕەزا دەکاتەوەو دەڵێ بۆ هاوسەرگیری نەکەین؟

خۆ من قستی سەیارە نیم هەر سێ مانگ جارێ سیغەکە نوێ دەکەیتەوە؟

بەڵام کاتێ بە ژنەکەی دەڵێ خۆت ئامادەکە دەچین بۆ دادگا، ژنەکە باڵ دەگرێ، وادەزانێ ئەوە ئەوڕۆژەیە چاوەڕوانی دەکرد و لەگەڵ ڕەزا مارە بڕی دەکەن، بەڵام لە ناکاو پێی ڕادەگەیەنن کە ڕەزا خانووی بەناو کردووە، وەک قەرەبووی ئەو غەدرەی ڕەزا لێی کردووە، بۆیە بەدەم گریانەوە بە ڕەزا دەڵێ من پێویستیم بە خانوو نیە، پێویستیم بە تۆیە.

گرنگ دەرهێنەر زۆر بە ڕاستگۆیی گوزارشتی لە هەقیقەتی کۆمەڵگاکەی خۆی کردووە وەک هەیە.

ڕەنگە هەمووتان هەموو شتێ دەربارەی جەمشید مەحموودی نەزانن، بەڵام من کورتە زانیاریەکتان پئ دەدەم ، حەز دەکەم بزانن کە ئەو لە ڕەسەندا ئەفغانیە، بەڵام تەمەنی یەک ساڵ بووە، ڕای کردۆتەپاکستان و پاشان بە یەکجاری لەئێراندا گیرساوەتەوە.

ئێستا لەئێران لەگەڵ (نافید مەحموودی) برا دەرهێنەرو بەرهەم هێنەرەکەی کار بۆ دراماو سینەما دەکەن و تەمەنی چل ساڵێک دەبێت، سیناریۆنووس و بەرهەم هێنەرو دەرهێنەرە، لەڕێگەی فیلمی (چەند کیلۆ مەترێک بۆ خۆشەویستی)، بوو بەخاوەنی ناوداریەتێکی زۆرو چەندین فیلمی بەناوبانگی دروست کردووە وەک:
مردن لە ئاوی پیرۆزدا

چەند کیلۆمەتر لەخۆشەویستی؟
حەوت و نیو
تێکشکاندنی بیست ئێسقان لەیەک کاتدا 1918
دایکێکی مەزن
لەو فیلمانە چەندین خەڵاتی گرانبەهایان وەرگرتووە.
جگە لە (پێستی شێر)چەند زنجیرەیەکی تریشی هەیە وەک:
ئازیزەکەم
سێبەر
لە دوماهیدا دەڵێم: چەند ئەوەندەی ئەو هونەرە گەورانە دەبینین
ئینجا دەزانین ئێمە مانان چەند فەقیرو پەڕپووتین لەوبەرهەمانەی ناوی دەنێین دراما




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP