دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 03/05/2023

هەوكردنی پەردەی مێشك

د. كۆیار شێركۆ
هەوكردنی پەردەی مێشك بەو نەخۆشییە دەوترێت كە پەردەی دەوری مێشك و دڕكەپەتك توشی ئیلتیهاب یان هەوكردن دەبێت و ئەم هەوكردنە دەبێتە هۆی ئاوسانی پەردەی دەوری مێشك. زۆرینەی حاڵەتەكانی هەوكردن لە ڕێی ڤایرۆسەوە ڕوودەدەن، بەڵام بەكتریا ومشەخۆرەكانیش هەندێكجار دەبنە هۆكاری توشبوون بەم نەخۆشییە. هەوكردنی پەردەكانی مێشك لە هەموو تەمەنێكدا لە منداڵییەوە تا كەسانی بە تەمەن ڕوودەدەن و تەنانەت ئەو كەسانەش كە بە هۆكاری تر دەبرێنە نەخۆشخانە مەترسی توشبوونیان بەم نەخۆشییە هەیە، بەتایبەت لە قاوشی نەخۆشییەكانی مێشك و دەماردا. هەوكردنی ڤایرۆسی زیاتر لە منداڵی خوار تەمەن 5 ساڵدا دەردەكەوێت و هەوكردنی بەكتریا لە نێوان 5 بۆ 20 ساڵدا ڕوودەدات.

نیشانەكانی هەوكردنی پەردەی مێشك، سەرەتا نیشانەكانی ئەنفلۆنزای وەرزی لە نەخۆشەكەدا دەردەكەوێت، تایەكی كەم، تەڕبوونی لوت و ئازاری قوڕگ، بەڵام نیشانە سەرەكییەكانی نەخۆشییەكە ڕەنگە لە ماوەی چەند كاتژمێرێك یان چەند ڕۆژێكی پاش ئەم نیشانە سەرەتاییانە دەردەكەون، ئەوانیش بریتین لە بەرزبوونەوەی تای نەخۆشەكە، ئازارێكی زۆر توندی سەر كە لە سەرئێشەی ئاسایی ناچێت، ڕەقبوونی مل، هێڵنج و ڕشانەوە، توشبوون بە گەشكە، تێكچونی باری هۆشداری و لە دەستدانی توانای تەركیز كردن، هەستیاری و بێزاری بەرامبەر ڕووناكی.

وەك ئاماژەم پێكرد ئەم نەخۆشییە لە هەموو تەمەنێكدا ڕوودەدات، بۆیە ناسینەوەی نیشانەكانی لە منداڵی تازە لە دایكبووندا زۆر گرنگە بۆ دایك و باوكان تا منداڵەكان لە لێكەوتە خراپەكانی پارێزراو بن. نیشانەكانی نەخۆشییەكە لە منداڵی تازە لە دایكبووندا، تایەكی بەرز، گریانی بەردەوام، نائارامی یان خەولێكەوتنی بەردەوام، كەمی خواردن، ئاوسانی بەشی پێشەوەی ناوچەوانی كۆرپەكە و ڕەقبوونی ملی.

لە كاتی بوونی تا، سەرئێشە و ڕشانەوە پێكەوە، گرنگە نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە یان پزیشكی نەخۆشییەكانی مێشك و دەمار بكات و چارەسەر بكرێت، چونكە گەر نەخۆشییەكە بە هۆی بەكتریاوە بوبێت و لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا دەرمانی دژە بەكتریا بەكار نەهێنرێت، ڕەنگە مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆش دروست بكات.

لە كاتی بوونی نەخۆشییەكەدا، پێویستە ئەندامانی تری خێزانەكەش ڕاوێژ بە پزیشكی پسپۆرت بكەن تا دڵنیابن لە پێویستی وەرگرتنی چارەسەر بۆ خۆ بە دورگرتن لە توشبوون بە نەخۆشییەكە. 

لێكەوتە خراپەكانی ئەم نەخۆشییە بریتین لە لەدەستدانی توانای بیستن، كەمبوونەوەی توانای فێربوون، لاوازبوونی یادەوەری، گەشكە و كێشەی گورچیلەكان.

پاراستنی پاك و خاوێنی و ئامۆژگاریكردنی منداڵ بۆ دەست شتن پاش چونە تەوالێت زۆر گرنگن و جیاكردنەوەی كەسی توشبوو لە نەخۆشخانەكاندا دەبنە هۆی ڕێگریكردن لە گواستنەوەی نەخۆشییەكە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP