دواین هەواڵ

عێراق‌

 22/03/2023

ئەردۆغان بەمەرج ئاوی دیجلە بۆ عێراق بەردەداتەوە

هەرێم نیوز

رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی لە ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممەیدا، زانیاریی لەبارەی سەردانەکەی محەمەد سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تورکیا بڵاوکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە، ئەردۆغان بە مەرج رازی بووە بەشێوەیەکی سنووردار ئاوی دیجلە بۆ عێراق بەربداتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی عەرەب، ئەردۆغان بە سودانی گوتووە، لەبەرامبەر بەردانەوەی ئاوی دیجلە بۆ ماوەی مانگێک "پێویستە حکومەتی عێراق هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ بکات دژی پارتی کرێکارانی کوردستان، زیاتر لەوەش ئەو پارتە کوردییە وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت".

رۆژنامەکە ئاماژەی بە وەڵامی سودانی نەکردووە، بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رۆژی یەکەمی سەردانەکەیدا بۆ تورکیا و پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەرۆدغان رایگەیاند، رێگەنادەن لە خاکی عێراقەوە دەستدرێژیی بکرێتە سەر تورکیا.

ئەمە لە کاتێکدایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق  رایگەیاند، پێكەوە رێككەوتین لەسەر بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و چاومان لە زیادكردنی هاوكاری بازرگانییە لەگەڵ عێراقدا. 

وتیشی، عێراق سامانێكی گەورەی غازی هەیە‌و دەكرێت لەماوەی چەند ساڵێكدا هەناردە بكرێت. 
 سودانی باسی لەوەش کرد، رەزامەندیمان دەربڕی لەسەر ئەوەی دەسەڵات بە باڵیۆزی عێراق لە ئەنكەرە بدەین بۆ ئەوەی بەشێوەی راستەوخۆ ڤیزا بە پیاوانی خاوەن كارو وەبەرهێنەرانی توركیا بدات. 
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی، سوپاسی سەرۆكی توركیا دەكەم بۆ زیادكردنی ئاستی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق. 
ئەوەشی خستەڕوو، رێگە نادەین خاكی عێراق بەكاربهێنرێت بۆ هێرشكردن بۆسەر توركیا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP