دواین هەواڵ

عێراق‌

 21/03/2023

ئەردۆغان مژدەی خۆش بەعێراق دەدات

هەرێم نیوز

ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سودانی رایگەیاند، "دەست بە پرۆژەی رێگای ئاسن دەكەین لە بەسرەوە بۆ سنوری توركیا"، دەشڵێت، درك بە كەمی ئاو دەكەین كە عێراق روبەڕووی بوەتەوە، فەرمانمانداوە بەردانەوەی ئاو بۆ روباری دیجلە بەئاڕاستەی عێراقدا زیاد بكرێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق  رایگەیاند، پێكەوە رێككەوتین لەسەر بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و چاومان لە زیادكردنی هاوكاری بازرگانییە لەگەڵ عێراقدا. 

راشیگەیاند، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی هەوڵەكانی روبەڕووبوونەوەی تیرۆر گفتوگۆمان كرد، دەشڵێت، چاوەڕوانیمان لە لایەنی عێراقی ئەوەیە پە**كە**ك*ە وەكو رێكخراوێكی تیرۆریستی بناسێنێت.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، رێككەوتین لەسەر دەستپێكردنی رێگای ئاسن لەگەڵ عێراق، كە لە بەسرەوە دەستپێدەكات بۆ سنوری توركیا. 

وتیشی،  درك بە كەمی ئاو دەكەین كە عێراق روبەڕووی بوەتەوە، فەرمانمانداوە بەردانەوەی ئاو بۆ روباری دیجلە بەئاڕاستەی عێراقدا زیاد بكرێت.

لایخۆشیەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆی بەرهەمدارو جدیمان هەبوو لەگەڵ سەرۆكی توركیا.

وتیشی،  لە گفتوگۆكانماندا لەسەر بەهێزكردنی هاوكاری لە سەرجەم بوارەكاندا دیارترینیشیان بواری ئابوری راوەستاین.

سودانی ئاماژەی بەوەش کرد،  پرۆژەی كەناڵی وشكانی، خۆرهەڵات بە خۆرئاواوە دەبەستێتەوە‌و دەبێت بە رێڕەوێكی جیهانی بۆ گواستنەوەی كاڵاو وزە. 

وتیشی، عێراق سامانێكی گەورەی غازی هەیە‌و دەكرێت لەماوەی چەند ساڵێكدا هەناردە بكرێت. 
 سودانی باسی لەوەش کرد، رەزامەندیمان دەربڕی لەسەر ئەوەی دەسەڵات بە باڵیۆزی عێراق لە ئەنكەرە بدەین بۆ ئەوەی بەشێوەی راستەوخۆ ڤیزا بە پیاوانی خاوەن كارو وەبەرهێنەرانی توركیا بدات. 

سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی، سوپاسی سەرۆكی توركیا دەكەم بۆ زیادكردنی ئاستی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق. 

ئەوەشی خستەڕوو، رێگە نادەین خاكی عێراق بەكاربهێنرێت بۆ هێرشكردن بۆسەر توركیا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP