دواین هەواڵ

عێراق‌

 پێش 2 هەفتە

شاندێکی باڵای عێراق لەسەر قەیرانی ئاو سەردانی تورکیا دەکات

هەرێم نیوز

وتەبێژی فەرمی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، شاندێکی باڵا بەمەبەستی دانوستان لەسەر دۆسیەی بەردانەوەی پشکی ئاو بۆ عێراق دەچێتە تورکیا، هۆکاری کەمکردنەوەی پشکی ئاویش بۆ نەبونی یاسایەک یان ڕێکەوتنێک دەگەڕێتەوە کە گەرەنتی ڕێژەیەکی دیاریکراوی ئاو بۆ عێراق بکات.

خالد شەماڵ وتەبێژی فەرمی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، تورکیا کاریکرد بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەی بەنداوەکانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێویستی عێراق بۆ ئاو، لەماوەی چەند رۆژی داهاتوشدا شاندێکی باڵای عێراق بەرەو تورکیا بەڕێدەکەون بەمەبەستی دانوستان لەسەر پرسی بەردانەوەی ڕێژەی پێویستی ئاو بۆ عێراق.

ڕاشیگەیاند،  لە ئێستادا 104 بەنداو لەسەر ڕوباری دیجلە و فورات دروستکراوە لە لایەن تورکیاوەو  20 بەنداوی دیکە لەسەر لقە ئاوییەکانی عێراق دروست دەکات هەربۆیە بەهۆی دروستکردنی ئەم بەنداوانەوە  لە لایەن تورکیاوە لەسەر سەرچاوەی سەرەکی ئاوی عێراق دیجلەو فورات، بە شێوەیەکی گشتی سەرجەمی ناوچەکە دوچاری وشکەساڵی بۆتەوە.

وتیشی، "هۆکاری کەمکردنەوەی پشکی عێراق لە ئاو، نەبونی یاسایەک یان ڕێککەوتنێکە کە گەرەنتی ڕێژەیەکی دیاریکراوی ئاو بۆ عێراق بکات، دۆسیەی دانوستانیش لەگەڵ تورکیا زۆر لایەنی دیکەی نێوان هەردو وڵات لەخۆدەگرێت".

هاوکات پێشتریش وائیل عەبدوللەتیف ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبو، عێراق لەگەڵ تورکیا سیاسەتێکی هەڵە پەیڕەو دەکات و هەمو ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان ئەو دو لایەنەدا ئەنجام دراون، کاریان پێناکرێت، چارەسەرەکە لەوەدایە کە حکومەت کارتی ئابوری بەکاربێنێت بە داخستنی سنورەکانی لەگەڵ تورکیا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP