هەرێم نیوز
شارەزایەکی کەشناسی رایگەیاند، "لە ئەمشەوەوە ئەگەرەکانی بارانبارین زیاتر دەبێت کە تا سبەی پێش نیوەرۆ ناوبەناو ھەورە بروسکە و تاوە باران دەبێت بەتایبەت لە سنووری ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، سبەی سێشەمەش کاریگەری ئەم ناسەقامگیرییە کۆتایی پێدێت"، دەشڵێت، "لە ئێوارەی رۆژی چوارشەمەوە جارێکی دیکە ئەگەر ھەیە شەپۆلێکی دیکەی چڕی باران و ھەورە بروسکە ناوچەکە بگرێتەوە".
ئەمشەو دووشەممە 6ی3ی 2023، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە کاتەکانی ئێستا بەدواوە بەگشتی کاریگەری بای چالاکی باشووری رۆژئاوا کەمدەبێتەوە و ئەگەرەکانی بارانبارین زیاتر دەبێت کە تا سبەی پێش نیوەرۆ ناوبەناو ھەورە بروسکە و تاوە باران دەبێت بەتایبەت لە سنووری ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان کە لەھەندێ کات و ناوچەدا ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزە دەبێت لەگەڵ چالاکبوونی ھەورە بروسکەی بەھێز بە کاریگەری کەمتریش لە سنووری ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاوییەکانی خۆرھەڵاتی پارێزگای ھەولێر ئەگەری باران و ھەورە بروسکە دەبێت تەواوی ناوچەکانی دیکەش ئەگەری نمە باران دەبێت و سبەی سێشەمەش کاریگەری ئەم ناسەقامگیرییە کۆتایی پێدێت .
ئەوەشی خستووەتەڕوو،"لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە 8/3/2023، جارێکی دیکە ئەگەر ھەیە شەپۆلێکی دیکەی چڕی باران و ھەورە بروسکە ناوچەکە بگرێتەوە کە بەھەمان شێوە زیاتر کاریگەری لەسەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، ھەڵەبجە و گەرمیان دەبێت".