دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 19/02/2023

مەیادە نەجاڕ: هەڵوەشاندنەوەی فیدرالییەت بابەتێکی ئاسایی و سانا نیە و هیچ لایەنێک ناتوانێهەرێمی کوردستان بهەژێنێت

 محەمەد جەمال – هەولێر

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بابەتی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان وڵامی ڕۆژنامەی "الصباح"ـی زمانحاڵی حکومەتی عێراقی دەداتەوە و دەڵێت، هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی پشتگیری زۆری هەیە، بۆیە ئەستەمە بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی فیدرالییەت بدرێ.

مەیادە نەجار، شارەزای یاسایی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەرێم نیوز ڕایدەگەیەنێت، چوارچێوەی هەماهەنگی لە ئێستادا بوونەتە دوو بەرە کە بەرەیەکیان پشتگیری حکومەتەکەی سودانی دەکەن و هەوڵی سەرخستنی دەدەن، بەڵام بەرەکەی تر بەپێچەوانەن و دەیانەوێت ئەو حکومەتە سەرکەوتوو نەبێت، بۆیە دادگای فیدرالی بەکاردێنن بۆئەوەی بڕیار لە دژی هەرێمی کوردستان بدات کە قەوارەیەکی دەستوورییە و دەیانەوێت ئەو قەوارە دەستوورییە لاواز بکەن کە بە دەستوور و یاسا و بە دەنگی هاوڵاتییانی کوردستان درووست بووە، بەڵام ئەوەش ئەستەمە بۆیان بکرێت، چونکە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی پاڵپشت و پشتگیری هەیە و ئەوان ناتوانن هەرێمی کوردستان بهەژێنن و لاوازی بکەن.

وتیشی، بڕیاردان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی فیدرالییەت بابەتێکی ئاسایی و سانا نیە، لەبەرئەوەی ئێمە لەژێر فشاری بەرەی ئەمریکا و ڕووسیاین وەک عێراقی فیدرال، ئەو فیدرالییەتەش کە دروست بووە بە خوێنی شەهیدان دروست بووە و ئەوەندە ئاسان نیە کە بە حەزی لایەنێک یاخود بڕیاری ناحەزان هەڵبوەشێتەوە.

نەجاڕ ڕوونیشی دەکاتەوە، ڕاستە فیدرالییەت تاکو ئێستا لە عێراق جێبەجێ نەکراوە و وەکو مەرکەزییەت مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام حکومەتی سودانی دەیانەوێت وەک فیدرالییەت مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام ئەو دەستێوەردانانەی هەرێمی و نێودەوڵەتی وەک کارتێکی فشار لەسەر هەرێمی کوردستان بەکاردێنن، هەروەها دادگای فیدرالیشیان کردۆتە کارتێکی فشار و دژی هەرێمی کوردستان بەکاری دێنن.

 باس لەوەش دەکات کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق چەندین دۆسیەی هەیە، ئەو دۆسییانە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، وەکو دۆسیەی "نەوت و گاز، بودجە، ماددەی ١٤٠ و پێشمەرگە"ـیە، کە تاکو ئێستا یەکلا نەبۆتەوە و بە یاساش یەکلایی نابێتەوە، بەڵکو بە دانیشتن و بڕیار و ڕێکەوتنی سیاسی یەکلایی دەبنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP