د.جەعفەر عومەر - پزیشکی پسپۆری دەروونی
توشبووان بە نەخۆشی دەروونی، زۆرجار بەهۆی نەزانین لە مامەڵەکردن لەگەڵیان، دەرووندروستییان خراپتردەبێت و دەکەونە دۆخێکی ناهەموارەوە! ئایا ئێمە وەکو خانەوادە، هاوڕێ، کۆمەڵگە، .. چۆن دەتوانین هاوکاری توشبووان بکەین؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زۆرجار ڕووبەڕومان دەبێتەوە و تاکەکانی کۆمەڵگە پێویستییان بە وەڵامە.
لێرەدا ئاماژە بە پێنج خاڵ دەکەین کە دەبێت ئەنجامیان بدەین، هەتا بتوانین ئازاری توشبووان بە نەخۆشی دەروونی کەمبکەینەوە:
یەکەم: هەرگیز مەهێڵە بێئومێد بێت!
بێهیوایی دەبێتە هۆی خراپتربوونی دۆخی دەروونی نەخۆشەکان، بە پێچەوانەشەوە بوونی هیوا دەبێتە هۆی کەمبونەوەی نیشانەکان! لەبەرئەوە هەوڵبدە بەردەوام ئومێدی بۆ دروستبکەیتەوە، ئومێدیان پێبدەن کە:
- چەندین دەرمانی جیاواز و جۆراوجۆر هەن کە دەتوانن ببنە هۆی چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان.
- زانست ڕۆژ بە ڕۆژ پێشدەکەوێت و چارەسەری زیاتر و باشتر دەدۆزرێتەوە.
- چەندین جۆری چارەسەر هەن کە کاریگەری نەرێنی وەکو خەواڵووکردن و گێژبون یان کێش زیادبونیان نییە!
- چارەسەری دەروونی لەسەر شێوازی جەلسات لە کوردستانیش بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە!
- ژمارەی پزیشکانی پسپۆری دەروونی و چارەسەرکارانی دەروونی زیادی کردووە، ئەگەر سودت لە چارەسەرکارێک
وەرنەگرت دەتوانیت بچیتە لای کەسێکی تر
دووەم: بزانە نەخۆشییە دەروونییەکەی چییە!
هەوڵبدە کە ئاشنابیت بە جۆری شڵەژانە دەروونییەکەی، ئەمەش لە چەندین لایەنەوە یارمەتیدەرە:
- دەتوانیت لەسەر نەخۆشییەکە زانیاری تەواو وەربگریت، لە رووی چۆنییەتی توشبوون و چۆنییەتی چارەسەرەکان و هاوکاریکردنیان.
- بە زانینی هۆکاری توشبونەکەی هەوڵدەدەیت هاوکاری بکەیت بۆ نەهێشتنی هۆکاری توشبوونەکە.
- دەزانیت کە دەبێت چی بکەیت هەتا نەخۆشەکە هەست بە ئاسودەیی بکات.
- فشارە دەروونییەکانی لەسەر کەمدەکەیتەوە.
سێیەم: چارەسەرەکانی دەستکاری مەکە
هەرگیز بە قسەی کەسانی ناپسپۆر لە بواری پزیشکی دەروونی چارەسەرەکانی مەگۆرە، و بریار لەسەر وەستاندن، گۆرین یان زیادکردنی چارەسەرەکان مەدە، زۆرکەس بە نەزانانە باس لە نەخۆشی دەروونی دەکەن، نابێت تۆش ببیتە یەکێک لەو کەسانە، لەم هەڵانە خۆت بپارێزە:
- دەرمانە دەروونییەکانی بەبێ ڕاوێژی پزیشک بوەستێنیت یان کەمیان بکەیتەوە یاخود زیادیان بکەیت.
- نەهێڵیت نەخۆشەکە سەردانی چارەسەرکارانی دەروونی بکات بە بیانوی ئەوەی کە تەنها ئامۆژگارییە و خۆی باشتر دەزانێت.
- بەبێ ڕاوێژی پزیشکی دەروونی دەرمانی بۆ بەکاربهێنیت بە بیانوی ئەوە نەخۆشێکی تر سودی لەو دەرمانە بینیوە