هەرێم نیوز
قوباد تاڵەبانی، لهگهڵ شاندێکی باڵای UN كۆبوهوه و رایگەیاند، داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات ڕۆڵیان هەبێت لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و مسۆگەرکردنی بەڕێوەچونی دروستی پرۆسەی هەڵبژاردن.
نوسینگهی جێگری سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان، لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە ڕۆزماری دیکارلۆ، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی و جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق و لەبارەی پرسەكانی هەڵبژاردن و وزە و كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كرد.
لە کۆبونەوەیەکەدا کە ئهمڕۆ سێشهممه بەڕێوەچو، جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بۆ پەرلەمانی کوردستان کرایەوە، قوباد تاڵەبانی لەمپەڕەکانی بەردەم پرۆسەکەی بۆ شاندی میوان ڕونکردەوە و وتی، بریتین لە "سیستم و بازنەکانی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، کورسی کۆتا و پێکهاتەکان لەگەڵ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن"، داواشیکرد، نەتەوە یەکگرتوەکان ڕۆڵیان هەبێت لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و مسۆگەرکردنی بەڕێوەچونی دروستی پڕۆسەی هەڵبژاردن تا ببێتە بنەمای نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە بۆ خەڵکی کوردستان.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، "پێکهاتە و کەمینەکان ڕێز لێگیراون لە هەرێمی کوردستان، زۆریش مەبەستیانە ئەم پێکهاتانە، ببنە خاوەنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆ و نوێنەرایەتی تایبەتی دڵخوازی خۆیان کە دور بێت لە دەستوەردانی حزب و هێزە سیاسییەکان".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەری گشتگیر و درێژخایەن کردەوە بۆ کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە جۆرێک کە سەقامگیری سیاسی و ئابوری لێبکەوێتەوە، لەم پێناوەشدا ئامادەیی بۆ هەمو هەنگاوێک دەربڕی لەسەر بنەمای دەستور و لێکگەیشتنی هاوبەش.
لەبارەی دۆسیەی وزە، قوباد تاڵەبانی بۆ شاندی نەتەوە یەکگرتوەکانی ڕونکردەوە، "ئەوان مەبەستیانە خەڵکی کوردستان سودمەندی یەکەم بن لە سەرچاوەکانی وزە بەتایبەت غازی سروشتی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و باشترکردنی خزمەتگوزاییەکان بەکاربهێنرێت".
لەبەشێکی تری دیدارەکەدا باسی دۆخی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان کرا و تیایدا قوباد تاڵەبانی بە گرنگییەوە باسی لە رۆڵی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کرد کە پایەی سەرەکی کۆمەڵگای مەدەنین و وتی، "رێکخراوەکان رەخنە و گلەییان لە دەسەڵاتی سیاسی و هێزە سیاسییەکان هەیە و دەبێت رەخنە و گلەییەکانیان بە هەند وەربگیردرێت".
هەر لە کۆبونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی هەوڵەکانی جێنین پلاسخارتی کرد لە عێراق و کوردستان کە هەمیشە بنیاتنەرانە بوە و بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاوی گرنگی ناوە.