هەرێم نیوز
دوای تێپەڕینی 24 کاتژمێر لە دەستگیرکردنی دوو مامۆستای ئایینیی خەڵکی پیرانشار، دوو مامۆستای ئایینی دیکە بە ناوەکانی مەلا سەید سولەیمان ئەحمەدی و مەلا یوونس نەوخا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکران.
هێزە ئەمنییەکانی ئێران شەوی دووشەممە، 23/01/2023، لە گوندی پەسوێی پیرانشار مەلا شەریف محەممەدپوور و مەلا جەمالەدین واژی، پێشنوێژی مزگەوتەکانی ئەو گوندەیان دەستبەسەر کردووە.
هەروەها پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، لە رێگەی پیرانشار بۆ پەسوێ، مەلا سولەیمان ئەحمەدی و مەلا یونس نۆخاه، مامۆستای ئایینی و وانەبێژی قوتابخانەی ئایینی سەلاحەدینی ئەیوبی پیرانشاریان دەستبەسەر کردووە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، رۆژی دووشەممە، 23/01/2023، مامۆستایانی ئایینیی پیرانشار، شنۆ و نەغەدە و گوندەکانیان پەیامێکی ڤیدیۆییان لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە تێیدا ئاماژەیان بە سێدارە، ڕەشبگیری، ئەشکەنجە و سەپاندنی سزای قورس لەلایەن ناوەندەکانی حکومەتەوە کراوە.