دواین هەواڵ

کوردستان‌

 24/11/2022

بابەکر زێباری: تورکیا و ئێران بەئەنقەست سنوری خۆیان لەگەڵ ھەرێم کۆنتڕۆڵ ناکەن

هەرێم نیوز

ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، وڵاتانی دەوروبەر بەئەنقەست سنووری خۆیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ ناکەن و دەشڵێت، ژمارەی پاسەوانانی سنوور زیاد دەکرێن. 

بابەکر زێباری، بە پێگەى فەرمى پارتى ڕایگەیاند، "وڵاتانی دەوروبەر بەھانە دروست دەکەن بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان، وڵاتی ئێران لە ناوچەی خواکۆڕکەوە تا سنووری ئەرمینیا و پاکستان و ئەفغانستان ھەمووی تەلبەند کردووە و سنووری کۆنتڕۆڵ کردووە، با سنووری خۆیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستانیش بە ھەمان شێوە کۆنتڕۆڵ بکەن بۆ نەھێشتنی ئاڵۆزییەکانی سەر سنوور، تورکیاش بە ھەمان شێوە پێویستە خۆی سنووری خۆی کۆنتڕۆڵ بکات، چونکە پێویستە ئەو وڵاتانە سنووری خۆیان بپارێزن، خۆ ئێمە بۆیان ناپارێزین.''  

وتیشی: "وڵاتانی دەوروبەر بەئەنقەست سنووری خۆیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ ناکەن، ئەگەر بەئەنقەست نەبێت بۆچی تورکیا سنووری خۆی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە درێژاییی زیاتر لە ٩٠٠ کیلۆمەتر بە شێوەیەک توند کردووە مشکیش ناتوانێت دەرباز بێت لە سنوور، لەگەڵ ئێرانیش تورکیا ٧٠٠ کیلۆمەتری کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام پرسیار لەوەدایە بۆچی تورکیا سنووری خۆی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کە ٣٠٠ کیلۆمەترە، کۆنتڕۆڵی ناکات.''  

ئەوەشی خستەڕو، "سێ لیوای پاسەوانیی سنوور لە ھەرێمی کوردستان ھەن و سەر بە حکوومەتی فیدڕاڵین، پاسەوانی سنوور ڕۆڵی ھەیە لە دانانی بنکەی سنووری، بەڵێنی ئەوەشیان پێ داوین ژمارەی پاسەوانی سنوور زیاد بکرێن لە ھەرێمی کوردستان، ئەوەیش کاریگەریی دەبێت لەسەر زیادکردنی خاڵی سنووری"، زێبارى وایوت.  



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP