دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 پێش 3 هەفتە

کەسایەتیی بەهێز و کەسایەتیی لاواز

محەمەد ئەحمەد محەمەد
كه‌سایه‌تی له‌ ساده‌ترین وێنه‌دا ئه‌و سیفه‌تانه‌یه‌ كه‌ كه‌سێك له‌ كه‌سێكی تر جیا ده‌كاته‌وه‌، ئاشكرایه‌ كه‌ دوو مرۆڤ نییه‌ له‌سه‌ر گۆی زه‌وی له‌ رووی ده‌روونییه‌وه‌ به‌ته‌واوی له‌یه‌ك بچن، به‌ڵام هه‌ندێ جار مرۆڤه‌كان خۆیان ده‌چوێنن به‌ كه‌سێكی تر یان لاسایی كه‌سێكی تر ده‌كه‌نه‌وه‌، تا ئه‌و لاساییكردنه‌وه‌یه‌ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ كه‌سایه‌تییان، لێره‌دا به‌راوردێك ده‌كه‌ین له‌ نێوان كه‌سایه‌تیی به‌هێز و كه‌سایه‌تیی لاواز به‌ پێی چه‌ند سیفه‌تێك و له‌ چه‌ند گۆشه‌نیگایه‌كی جیاوه‌.

بیروڕا و ره‌سه‌نایه‌تی

خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی به‌هێز كۆپی كه‌سێكی تر نییه‌، قسه‌ی كه‌سانی تر دووباره‌ ناكاته‌وه‌، هه‌وڵ ده‌دات بیروڕای تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت، باوه‌ڕی به‌ بیروڕاكانی خۆی هه‌یه‌، ره‌سه‌نایه‌تی له‌ بیركردنه‌وه‌یدا هه‌یه‌، كه‌چی خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی لاواز بیروڕای تایبه‌ت به‌خۆی نییه‌ و له‌ ناخی خۆی قووڵ نابێته‌وه‌ تا ورده‌كارییه‌كان بدۆزێته‌وه‌.
باوه‌ڕبه‌خۆ بوون

خاڵی سه‌ركه‌وتنی مرۆڤه‌ مه‌زنه‌كان باوه‌ڕ به‌خۆبوونه‌، ئه‌م سیفه‌ته‌ یه‌كێكه‌ له‌ سیفه‌ته‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی كه‌سانی خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی به‌هێز، باوه‌ڕبه‌خۆبوون سیفه‌تێكی بۆماوه‌یی نییه‌، هه‌موو مرۆڤێك ده‌توانێت كار له‌سه‌ر ئه‌م سیفه‌ته‌ی خۆی بكات و بیگه‌یه‌نێته‌ لووتكه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مرۆڤی خاوه‌ن كه‌سایه‌تی لاواز‌ باوه‌ڕی به‌خۆی نییه‌، هه‌ست ده‌كات خه‌ڵكی تر له‌و باشتر و زیره‌كتر و به‌خته‌وه‌رترن.

رابردوو و داهاتوو

مرۆڤی خاوه‌ن كه‌سایه‌تی به‌هێز له‌ رابردووی خۆی ناترسێت ئه‌گه‌رچی هه‌ڵه‌شی كردبێت، ئه‌و رابردووی خۆی به‌ ئه‌زموون داده‌نێت و هه‌وڵ ده‌دات سوودی لێ ببینێت و ئه‌و هه‌ڵانه‌ دووباره‌ ناكاته‌وه‌ كه‌ پێشتر كردوونی، هه‌وڵی باشتركردنی ئه‌مڕۆ و داهاتووی ده‌دات، به‌ڵام خاوه‌نی كه‌سایه‌تی لاواز به‌ندی رابردووه‌ بیر له‌ هه‌ڵه‌كانی خۆی و كه‌سانی تر ده‌كاته‌وه‌ و خۆی پێ رزگار ناكرێت.

سه‌ركه‌وتن و شكست

خاوه‌نی كه‌سایه‌تیی به‌هێز نزیكتره‌ له‌ گه‌شبینی و سه‌ركه‌وتن مرۆڤێكه‌ پڕه‌ له‌ وزه‌، پڕه‌ له‌ ژیان، بۆیه‌ نزیكتره‌ له‌ سه‌ركه‌وتن، كه‌چی خاوه‌نی كه‌سایه‌تیی لاواز زۆر جار ره‌شبینانه‌ ده‌ڕوانێته‌ ژیان، وره‌ی رووخاوه‌، پاڵنه‌ری نییه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن.

راستگۆیی و درۆ

كه‌سایه‌تیی به‌هێز پێوه‌ندی به‌ راستگۆییه‌وه‌ هه‌یه‌، خاوه‌نی كه‌سایه‌تیی به‌هێز‌ له‌ دركاندنی راستییه‌كان ناترسێت، درۆ ناكات یان كه‌متر درۆ ده‌كات، له‌ بری ئه‌وه‌ی درۆ بكات هه‌وڵ ده‌دات هه‌ڵه‌ نه‌كات، كه‌چی خاوه‌نی كه‌سایه‌تیی لاواز به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ ده‌دات راستییه‌كان بشارێته‌وه‌، به‌رگه‌ی راستییه‌كان ناگرێت.

هه‌ڵچوون و ئارامی

زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌نی كه‌سایه‌تیی به‌هێزن زوو هه‌ڵناچن و له‌ بری هه‌ڵچوون ئارامی هه‌ڵده‌بژێرن، باشتر ده‌توانن هه‌سته‌كانی كۆنتڕۆڵ بكه‌ن و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ واقیع بكه‌ن، كه‌چی خاوه‌نی كه‌سایه‌تیی لاواز هه‌ڵچوونی زۆره‌، زۆر جار ناتوانێت رێیه‌كی گونجاو بدۆزێته‌وه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌كانی ژیان.

هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی و لێبوردن

خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی به‌هێز به‌رپرسیارێتی كاره‌كانی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی خۆی، دان به‌ هه‌ڵه‌كانی خۆیدا ده‌نێت ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك بكات.

هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكی زۆر خه‌ڵك پێیان وایه‌ داوای لێبوردن نیشانه‌ی لاوازی مرۆڤه‌، به‌ڵام راستی وانییه‌، چونكه‌ داوای لێبوردن نیشانه‌ی به‌هێزیی كه‌سایه‌تییه‌، داوای لێبوردن پێویستی به‌ ئازایه‌تییه‌، ئازایه‌تیش سیفه‌تی كه‌سانه‌ی خاوه‌ن كه‌سایه‌تی به‌هێزه‌، كه‌چی خاوه‌نی كه‌سایه‌تیی لاواز نازانێت كه‌ پێویست ده‌كات داوای لێبوردن بكات و كه‌ی پێویست ناكات، گرفتی له‌ تێگه‌یشتنی خۆی و كه‌سانی تر هه‌یه‌.

پێكه‌نین و گریان

به‌ پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ی زووتر پێده‌كه‌نن و زووتر ده‌گرین كه‌سایه‌تییان به‌هێزتره‌ له‌وانه‌ی كه‌ كه‌سایه‌تییان لاوازه‌، هه‌رچه‌ند له‌ كۆمه‌ڵگادا ئه‌و كه‌سه‌ی زووتر پێده‌كه‌نێ یان ده‌گری به‌ خاوه‌نی كه‌سایه‌تی لاواز داده‌نرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ راست نییه‌، كه‌چی كه‌سی خاوه‌نی كه‌سایه‌تیی لاواز له‌ رووی هه‌ست و سۆزیشه‌وه‌ لاوازه‌، دیمه‌نی پێكه‌نیناوی و خه‌مناك كه‌متر كاری تێده‌كات.

خۆشبه‌ختانه‌ كه‌سایه‌تی سیفه‌تێكی بۆماوه‌یی نییه‌، به‌ڵكو وه‌رگیراوه‌ و به‌شێكی زۆری ده‌روونناسان پێیان وایه‌ كه‌سایه‌تی له‌ پێنج ساڵی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی منداڵیدا دروست ده‌بێت و گه‌شه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ نییه‌ گه‌شه‌كردنی كه‌سایه‌تی راده‌وه‌ستێت له‌و ته‌مه‌نه‌، به‌ڵكو مرۆڤ ده‌توانێت په‌ره‌ به‌ كه‌سایه‌تی خۆی بدات له‌ رێی فێربوون و راهێنانه‌وه‌، هه‌موو مرۆڤێكیش ده‌توانێت كه‌سایه‌تیی خۆی بگه‌یه‌نێته‌ ئاستێكی باڵا، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌ندێ مرۆڤ به‌ ده‌ستی خۆیان كه‌سایه‌تیی خۆیان داده‌گرنه‌ ئاستێكی نزم.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP