دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 25/08/2022

پیاوێک لە یەک کاتدا توشی ئایدز و ئاوڵەی مەیمون و کۆرنا دەبێت

هەرێم نیوز

هاووڵاتییەکی ئیتاڵی دوای ئەوەی لە گەشتێکی ئیسپانیا دەگەڕێتەوە، پشکنین دەکات و دەردەکەوێت لە یەککاتدا تووشی ئایدز، ئاوڵەی مەیموون و کۆرۆنا بووە. 

پیاوەکە تەمەنی 36 ساڵە و دانیشتووی دوورگەی سیسیلیی ئیتاڵیایە و بە گەشتێک چووبووە مەدریدی ئیسپانیا. دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە، هەندێک نیشانەی ئەو نەخۆشییانەی لێدەرکەوتوون و چووەتە لای پزیشک بۆئەوەی چارەسەر وەربگرێت. بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی ئیتاڵیا، ئەو نیشانانەی لە پیاوەکە دەرکەوتوون بریتیبوون لە تا، سەرئێشە، لاوازی و کۆکە؛ هەروەها "ئاوڵەی گەورەش" لەسەر پێستی دەرکەوتوون. 

سەرەتا تەنیا گومانی ئەوەی لێدەکرا کە تووشی کۆرۆنا بووبێت، بەڵام دواتر دەرکەوت کە تووشی ئاوڵەی مەیموونیش بووە. دوای ئەوەش پشکنینی زیاتری بۆ کرا و دەرکەوت کە ڤایرۆسی HIVـیش لە جەستەیدا بەدەرکەوتووە کە بەرپرسە لە نەخۆشیی ئایدز. ئەوەش دەبێتە یەکەمجار کە لەیەک کاتدا کەسێک تووشی سێ جۆری ڤایرۆسی لەو شێوەیە ببێت. 

بەگوێرەی بەرپرسانی ئیتاڵیا، پیاوەکە، کە دوو قورچکی ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرتووە، ماوەی پێنج رۆژ لە مەدرید ماوەتەوە کە گەشتەکەی لە نێوان 16 بۆ 20ـی مانگی حوزەیران بووە. دوای 9 رۆژ لە گەڕانەوە بۆ ئیتاڵیا، پلەی گەرمیی لەشی بۆ 39 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە پلەی گەرمیی لەش لە باری ئاساییدا 37  پلەی سیلیزییە. 

پیاوەکە نەیشاردووەتەوە کە هاوڕەگەزخوازە و دانی بەوەشدا ناوە کە لە کاتی گەشتەکەی بۆ ئیسپانیا، "سێکسی لەگەڵ پیاوانی دیکەدا" کردووە. 

تەندروستیی ئیتاڵیاش دەڵێت، رۆژی 2ـی ئاب پیاوەکە پشکنینی کۆرۆنای کردووە و دەرکەوتووە کە تووشی کۆرۆنا بووە. رۆژێک دواتر ئاوڵە لەسەر جەستەی دەرکەوتووە کە "ئازاری هەبووە". رۆژی 5ـی ئابیش ئاوڵەکان بە جەستەیدا بڵاوبوونەتەوە و دوای ئەوەی سەردانی نەخۆشخانەی کردووە، پشکنینیان بۆ کردووە و دەرکەوتووە کە تووشی ئاوڵەی مەیموون بووە. دواتر پشکنینی ئایدزیشی بۆکراوە و دەرکەوتووە کە تووشی ئایدزیش بووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP