هەرێم نیوز
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین رایگەیاند، سیستەمی یەکپۆشییان بۆ ساڵی نوێی خوێندن راگەیاندووە و ئامانجیان ئەوەیە جیاوازیی کۆمەڵایەتی کەمبکەنەوە.
د.کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند: "پار لە زانکۆی هەولێری پزیشکی بووم توانیم سیستمی یەکپۆشی تاڕادەیەک لەو زانکۆیە جێبەجێ بکەم، ئەمساڵ لە ئەنجوومەنی زانکۆ پێشنیازم کرد لە زانکۆی سەلاحەدینیش پەیڕەو بکرێت و پرسی چەند خوێندکارێکیشمان کردووە و بیرۆکەکەیان پێ باشبووە."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئامانج ئەوەیە جیاوازیی کۆمەڵایەتی کەمبکەینەوە، چونکە هەستی قوتابییانی هەژار دەبینم، سەردانی بەشە ناوخۆییەکانم کردووە و قوتابی هەیە مانگی جارێک جلی خۆی نەگۆریوە".
دەشڵێت، "ئەو سیستمە وادەکات خوێندکار زیاتر بیر لە خوێندنەکانیان بکەنەوە نەک جل و بەرگەکانیان."
باسی لەوەش کرد، "ماوەی سێ رۆژە راپرسییەکم راگەیاندووە کە تەنیا لە یەکەم رۆژدا، شەش هەزار خوێندکار لەگەڵ ئەوە بووە یەکپۆشی پەیڕەو بکرێت، بڕیارە ئەو راپرسییە تاوەکو هەفتەیەک بەردەوام بێت و دواتر سەرجەم ئامارەکان بڵاودەکەینەوە."
لەبارەی رەنگەکانیشەوە، ئەوەی خستەڕوو، " تائێستا گفتوگۆ لەبارەی رەنگی رەساسی، سپی و رەش کراوە، بەڵام دەکرێت رەنگی دیکەش زیاد بکرێت، یاخود رەنگەکان بگۆڕدرێن."