دواین هەواڵ

کلتور‌

 31/07/2022

گەشتەكەی ئیسماعیل بێشكچی لە باوەڕەوە بۆ زیندان

نەجات نوری
هەركاتێك پرسەكە لەسەر كورد و كوردستان بێت من ئامادەم ... بێشكچی

لە نێوان كتێبێكی (654) لاپەڕەیەی دا كە دەكاتە یادەوەریەكانی (ئیسماعیل بێشكچی) و (محەمەد عزەدین) لە توركییەوە كردوویەتی بە كوردی لەم ڕۆژانەدا بڵاوكراوەتەوە، بە توركیش ساڵی 2021 بێشكچی لە توركیا بڵاویدەكاتەوە، هەڵوێستە گرنگەكانی خۆی تێدا ڕادەگەیەنێت و لە هیچ شتێكی خۆی تا ئەم تەمەنەی پەشیمان نییە و بێ دابڕان كۆڵ لە هەڵوێستەكانی خۆی نادات.

ئیتر خوێنەرانی ئێمە بەو حەقیقەتەگەورانە دەگەن كە ڕەنگە بەر لەم كتێبە لە دوورەوە شتێكی كەمیان دەربارەی باوەڕ و ئەخلاقی بێشكچی بیستبێت، بە خوێندنەوەی ئەم یادانە ورد ورد ئێمە دەكەوینە ناو ئازار و باوەڕی ئەو بیرمەند و ڕۆشنبیرە توركانەوە كە لە قووڵایی دەوڵەتی توركیاوە لە ساڵی چلەكانەوە بۆ هەڵماڵینی ئەو پەردە ڕەشانەی دادرابوونەوە بەسەر بوونی كورد دا، دێن بە نووسین و لێكۆڵینەوە و وانە گوتنەوە و دەیان ڕێگای تر هەموو تەمەنی خۆیان بە ڕاستی دەبەخشن و سڵ لە هیچ هۆكارێكی گرتن و ئازار و دەركردن و ڕاوەدوونان ناكەنەوە.

ئیسماعیل بێشكچی كە ئێستا تەمەنی 83 ساڵە، پیاوە كورتە باڵاكە، بریمەندێكی دەگمەن و هەڵكەوتووی تورك، هەر لە تەمەنی لاویەوە پایەكانی دەوڵەتی توركی بۆمبڕێژ كردبوو، ساڵانێك بەشێكی زۆری ناوەند و دادگاكانی ئەو وڵاتەی بە خۆیەوە سەرقاڵكردبوو، هەموو سیاسی و ڕۆشنبیرە توركەكانی هێنابووە سەر گوێگرتن و خوێندنەوەی وانە و كتێبەكانی، 32 كتێب لەبارەی كوردبوون و ڕەوشتی دەسەڵاتی كاربەدەستانی توركیاوە بۆ ڕووداوە جۆر بە جۆرەكان دەنووسێت و بە دوای یەكدا هەموویان قەدەغەدەكرێن، ئەم بیرمەندە توركە ئاوا تەمەنی بە كورد دەبەخشێت و ڕێگای باوەڕ و كتێب و زیندان دەگرێتەبەر و 17 ساڵ لە تەمەنی لە زیندانەكانی توركیادا بۆ خستنە ڕووی ناسنامەی كورد لە باكوری كوردستان دا دەباتە سەر، بوونی ئەو مرۆڤانەی كە دەزانن دەوڵەتەكەیان بەردەوام نەتەوە و ئاین و بیر و باوەڕەكانی ناو خۆیان وەلاوەدەنێن و لە ڕێگای ستەمكاری و جەنگ و وێرانبوونەوە دەیانەوێت ئەو پرسە گرنگانە كۆتایی پێ بهێنێت

بەڵام كەسانی وەكو بێشكچی ناتوانن لەئاست ئەم تاوانە گەورانەدا بێدەنگبن، لێرەوە ئێمە بە باوەڕی كەسانی وەكو بێشكچی دەگەین كە هەموو تەمەنی خۆیان بە كوردبوون و ڕاستكردنەوەی هەڵەی زەقی كاربەدەستانی خۆیان دەبەخشن، بیر و ئەخلاقی مەزنی بێشكچی بەراورد بە ئەخلاق و بیری ئەو بەناو ڕۆشنبیر و سیاسیە كوردانەی كە بێدەنگن لەئاست تاوانەكان دا یان دەبنە داردەستی تورك بۆ سەركورتكردنی گەلەكەی خۆیان، دەمانگەیەنێـتە ئەو باوەڕەی كە بێشكچی بۆتە ئەو قەڵا گەورەیی بە نوكی پێنووسەكەی ئەمانەی ڕاماڵیوەتە ناو زبڵدانی مێژووە.

ئەم كتێبە وەكو یادەوەری كتێبێكی مەزنە بۆ گەیشتن بە گەلێك پرس كە دەبێت لێوەی بە هەڵوێست و باوەڕی زۆركەس دا بچینەوە بۆ پرسی كوردبوون و ئەو ڕەشەكوژیانەی كە لە هەر لە سەرەتایی دامەزراندنی دەوڵەتی توركیاوە دژ بە ئیرادە و باوەڕی كورد لە باكورد هاتۆتە كایەوە. یادەكانی بێشكچی گەشتێكی پڕ لە ئازار و مەرگەساتە بەناو زیاتر لە حەفتا ساڵ لە دەسەڵاتداری تورك و هەڵوێستی زۆر لە كاربەدەست و ڕۆشنبیرە هاوبیرەكانی بێشكچی یە لە قۆناغە جیا جیاكانی توركیادا.

مەزنی بێشكچی لەوەدایە لەم كتێبەوە بەو ڕاستیانە دەگەین كە لە هەر شارێكی توركیادا لەكوێ ناوەندێكی كوردی یان بارەگای ڕۆژنامە و گۆڤارێك یان ڕێكخراوێكی كوردی هەبووبێت ئەم پیاوە مەزنە بەبێ سڵەمینەوە سەردانی كوردوون و بە نووسین و وتار و پێشینیاری گرنگ گرنگ هاوكاری تەواوی كردوون و لە هیچ گرتن و ئاگاداركردنەوەیەك لەو قوناغە پڕ لە ترسانەدا سڵی نەكردۆتەوە و لەسەر هەڵوێست و ئەخلاقی خۆی وەكو بیرمەندێكی گەورە درێژەی بە باوەڕ و بیری خۆی داوە.

ئەم كتێبە وەكو یادەوەری ناخوێندرێتەوە، بەڵكو خوێندنەوەیەكی وردی بیری ئیسماعیل بێشكچی و گەلێك كەسی ترە كە ئێمە لە نێوان بەشەكانی دا بە ناسین و باوەڕیان دەگەین بۆ پرسی كوردبوون و دەسەڵاتی تورك لە زۆر قۆناغی جیا جیادا، كتێبێكی گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنی باوەڕی گەلێك لە حزب و گروپ و كەسایەتی لە حەفتا ساڵی ڕابووردووی توركیادا وەكو تورك، ئاشنابوونە بە ناوی دەیان ڕۆشنبیر و سیاسی و گۆڤار و ڕۆژنامە و گروپ و جوڵانەوەی كورد لە توركیادا، ناساندنی ئەو گەلەیە وەكو گەلی كورد لە ژێر ڕەفتاری دەسەڵاتی جۆراو جۆری تورك دا لە حەفتا ساڵی ڕابووردوودا، كتێبەكە لەوەدا گرنگی زۆر زیاتر دەبێت ناسنامەی بەشێكی ئەو گیراوە كوردانەمان لە گرتووخانەكانی توركیا بە بیروباوەڕی جیا جیاوە پێ ئاشنادەكات،

ئەوەی لەم یاداشتانەی بێشكچی دا هەیە گەڕانەوەیە بۆ هەڵوێست، لێرەدا هەڵوێستی بەشێكی زۆری نووسەران و ڕۆشنیران و مامۆستایانی زانكۆ و ئەندامانی هێزە ئەمنی و سەربازیەكان بە تورك و كوردیانەوە وەكو یەك دژ بە كورد كە دەیان ساڵە كاردەكەن بۆ دەخرێتە ڕوو، بێشكچی لەگەڵ زۆر هەڵوێست و بیری جیا جیادا چ وەكو هاوڕێ توركەكانی خۆی لە زانكۆ و چ وەكو كوردەكان لە زۆر قۆناغ دا بەریەك دەكەوێت، لە نێوان خۆی و ئەو كەسانەدا هەمیشە دژواریەكی گەورە هاتۆتە كایەوە و زۆری ئەو كەسانە لە هەڵوێستەكانی ئەم هەڵهاتوون لە ترسی گرتن و لێپرسینەوە و لە هاوڕێیەتی بۆ هەمیشە دابڕاون و پشتیان تێكردووە، كەچی خودی بێشكچی لە كوێ كۆڕوكۆبوونەوە دەربارەی كوردبوون لە توركیا لە سازكرابێت ئەم لەوێبووە و هیچ درێغی نەكردووە لە وتنی ڕاستیەكان و لەسەر ئەمەش بەردەوام قوربانی بە ژیانی داوە و لەگەڵ دەسەڵاتدارەكان دا هەمیشە پێكیانداداوە.

ئەم پەرتووكە وەكو یادەوەری لەسەر ئەم سێكایەگرنگە كاردەكات:

+ ئەو توركانەی ناتوانن لە كوردبوون نەدوێن.

+ ئەخلاقی ڕۆشنبیران و مامۆستایانی زانكۆ و سیاسیەكان دژ بە كورد.

+ ئەو كوردانەی لە كوردبوونی خۆیان دابڕاون و پشتیان كردۆتە ناسنامەی خۆیان.

لە ڕێگەی ئەم سێ خاڵەوە لەم كتێبەدا ئیسماعیل بێشكچی خاڵ بە خاڵ لەگەڵ هەڵوێستەكانی خۆی دا ئێمە بەرەو ئەو كەلێن و دابڕانە گەورانە دەبات كە نوخبەیەكی تورك وەكو كەسانی سیاسی و ڕۆشنبیر و سەربازوی خستویانەتە نێوان تورك و كوردەوە لە توركیادا، بێشكچی پشت بە دەیان وێنە و بەڵگەو دۆكۆمێنت، دێت ناوەندە گرنگەكانی تورك یەك بە دوای یەكدا سەرقاڵ دەكات و ڕایاندەچڵەكێنێت، دەیەوێت بیانهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی كە ئاوڕێك لە هەڵە كوشندەكانی خۆیان لە مێژووی توركیادا لە ڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی ‌و ڕۆشنبیری و مێژووەیەوە بدەنەوە و ئەو هەڵە گەورانە كە بۆتە بارگرانی گەورە بۆ تورك و كورد لەو وڵاتەدا بەرەو ئاقارێكی تازە بەرن و زەبری هێز و گیانی قین و قڕكردن وەلاوەبنێن و دان بەو حەقیقەتانەدا بنێن كە هیچ هێزێك ناتوانێت بوونی كورد لە توركیادا بسڕێتەوە.

بەمەش ئیسماعیل بێشكچی دێت هەموو تەمەنی خۆی بۆ ئەم پرسە تەرخان دەكات، وەكو بیرمەندێكی مەزن كە لە نێوان لاپەڕەكانی ئەم یادانەدا ئەو هەڵوێستە گەورانەی خۆیمان بۆ دەخاتە ڕوو، لەگەڵ هەر بەشێكی كتێبەكەی دا قۆناغێك لە قۆناغە مەترسیدار و پڕ لە مەرگەساتەكانی ژیانی خۆی و كورد و توركمان بە چەپ و ڕاستیانەوە لە سەر دەستی دەسەڵاتدارانی توركیادا بۆ دێنێتە بەر باس و گفتووگۆ... بەمەش ئێمە لەگەڵ كتێبەكەدا زۆر زیاتر لەوەی ئیسماعیل بێشكچی مان ناسیوە دەناسین و دەزانینن كە لەناو توركەكاندا چەند بیرمەندی وەكو بێشكچی هەن و ژیانی خۆیان بۆ ناساندنی كورد و ئەم پرسە گرنگە تەرخانكردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP