هەرێم نیوز
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار نەگەیشتن بە رێککەوتن، ئەو کات بە دەنگدانی پەرلەمان و بەبەشداری پێکهاتەکانی دیکە، پۆستە یەکلایی دەکرێتەوە.
شەریف سلێمان، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندوە، گفتوگۆ لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەردەوامە، بەڵام تائێستا هەردولا نەگەیشتونەتە رێککەوتن لەبارەی دۆسیە هەڵواسراوەکانی نێوانیان و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
باسی لەوەشکردوە، نوێنەرایەتی کورد لەلایەن هیچ حزبێکەوە قۆرخ ناکرێت و ئەگەر پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار نەگەیشتن بە رێککەوتن، ئەو کات بە دەنگدانی پەرلەمان و بەبەشداری پێکهاتەکانی دیکە، پۆستە یەکلایی دەکرێتەوە.
سەبارەت بە چۆنێتی یەکلاییکردنەوەی پۆستە حکومییەکانیش،ئاماژەی بەوە کردووە، لایەنەکان رەزامەندن لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆکایەتییەکان و پۆستەکانی دیکەی حکومەتی عێراق بەگوێرەی بەرکەوتەی هەڵبژاردن لەناو پێکهاتەکان خۆیاندا یەکلایی بکرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کاندیدی حزبی براوەی هەڵبژاردنەکان دەبێت وەک خاڵێکی سەرەکی دانوستانەکان رەچاو بکرێت.
جەختیشیکردەوە، فراکسیۆنی پارتی پابەندە بە بەشداریکردنی دانیشتەکانی پەرلەمان، هەروەها پابەندی بە دەستور، پرۆسەی سیاسیی و بونی پەیوەندی لەنیوان لایەنەکان تاکە گەرەنتین بۆ رۆیشتن بەرەو کەناری ئارامی.