دواین هەواڵ

جیهان‌

 22/06/2022

ئاماری لەسێدارەدان لە ئێران بڵاودەکرێتەوە

هەرێم نیوز

ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووە و راپۆرتێکی تایبەت بە دۆخی خراپی مافه‌كانی مرۆڤ لە ئێران خوێندرایەوە، کە تێیدا هاتووە لە ساڵی 2020 وە تاوەکو ئێستا لانیکەم 615 هاوڵاتی ئێرانی لەسێدارە دراون.

لە راپۆرتەکەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی کە لە لایەن لە لایەن نادا ئەلنەشیف، جێگری گۆتێرێسەوە خوێنرایەوە ئەوەش خراوەتەڕوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 100 کەسی لە سێدارە داوە کە زۆربەیان سەر بە کەمینەکانی ئەو وڵاتەن.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، کوشتاری خەڵک، دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیان و کوشتنی کۆڵبەران کراوە.

ئاشکرای کردووە، لە ساڵی 2020 دا لانی کەم 260 هاووڵاتی ئێرانی لەسێدارە دراون.

ژمارەی لە سێدارە دراوان لە ساڵی 2021دا گەیشتووەتە 310 کەس ولە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لانی کەم 105 کەس لە سێدارە دراون.

هەر بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە لەو 105 کەسە دوو کەسیان منداڵ بوون و له‌ حاڵی ئێستادا 85 منداڵ چاوەڕێی جێبەجێکرانی سزای سێدارەن.

هاوکات، بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی 2020 دا لە ئێران 60 کورد لەسێدارەدراون، لە ساڵی 2021 دا ژمارە لە سێدارەدراوانی کورد 48 کەس بوون و لە سەرەتای ساڵی 2022ش تا ئێستا بە گشتی 239 کەس لە ئێران لە سێدارە دراون کە 33 کەسیان کورد بوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP