دواین هەواڵ

کوردستان‌

 06/06/2022

دیزاینێکی نوێ یەکگرتوو بۆ جل و بەرگی هێزەکانی پێشمەرگە پێشنیار دەکرێت

هەرێم نیوز

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی و تیمی یەک پۆشی جل و بەرگی پێشمەرگە دیزاین و شێوازێکی نوێی پێشکەش کردوە بۆ یەک پۆشی پێشمەرگە. 

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ ٦ی ٦ی ٢٠٢٢، سەرۆکایەتی ئەرکان و راوێژکارانی باڵای وەزارەت، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی و تیمی یەک پۆشی جل و بەرگی پێشمەرگە، تاوتوێی دیزاینێکی نوێ و یەکگرتووی پێشنیازکراو یان بۆ ئەفسەران و کارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد، کە لەلایەن تیمی یەک پۆشی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی پێشنیار کراوە، بەشێوەیەک بگونجێت لەگەڵ ئەرک و کارەکانی پێشمەرگەدا".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "تیمی یەک پۆشی جل و بەرگی سەربازی لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی، رەشنووسێکیان ئامادە کردووە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، کە شێواز و سەرجەم وردەکاریەکانی پێویست بە جل و بەرگی سەربازی لە خۆ دەگرێت".

 

ئاماژەی بەوەش کردووە، " بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکایەتی ئەرکان پێشنیارەکانی تیمەکەی پەسەند کردووە و هەنگاو بە هەنگاو پرۆژەی یەک پۆشی جێ بە جێ دەکرێت، هەنگاوی یەکەمیش پۆشاکی مەشق و مەیدانی پێشمەرگە دەست نیشان دەکرێت".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP