هەرێم نیوز
بەرگری شارستانی سۆران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، باوک و منداڵێک لە ڕوباری چۆماندا خنکان و لە ئێستادا تیمەکانیان تەرمی منداڵەکەیان دۆزیوەتەوە، هەوڵەکانیش بۆ دۆزینەوەی تەرمی باوکی منداڵەکە بەردەوامن.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆران لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمرۆ چوارشەممە منداڵێک لە ڕوباری چۆمان نزیک قوبەی گەڵاڵە کەوتە ناو ڕوبار و خنکا، بەمەبەستی ڕزگارکردنی باوکی بەدوایدا خۆی فڕێدەداتە نێو ڕوبارو بەهەمان شێوە ئەویش دەخنکێت".
ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای ئەوەی تیمەکانمان لە بەرگری شارستانی ئاگادارکرانەوە، دەست بەجێ گەیشتنە شوێنی ڕوداو توانیان تەرمی منداڵەکە بدۆزنەوەو دەری بهێنن، لە ئێستادا تیمەکانمان بەردەوامن لە گەڕان بە دوای تەرمی باوکەکە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، منداڵەکە ناوی (دینا عبدالرزاق عبدالقادر)ـە تەمەنی 11 ساڵە، باوکیشی ناوی (عبدالرزاق عبدالقادر عبدالرزاق)ـە تەمەنی 38 ساڵە، هاوڵاتییەکانیش بەڕەگەز عەرەبن و دانیشتوی شاری هەولێرن بە مەبەستی گەشت و سەیران ڕویان لەو ناوچەیە کردبو.