دواین هەواڵ

کلتور‌

 30/04/2022

صەلاح جەلال... مرۆڤێك لە تەم برام ئاوا ژیان جوانە

نەجات نوری
كات ژمێر سفر ... مێژوو سفر
خەنجەری خوێن ئاسمان و زەوی هەڵدڕی
خۆر كۆچی كرد
ڕۆح لەسەر جەستە هەڵفڕی
هەرو و هەوا پەتی سێدارەیان هەڵدا
مێژووی جیهان قفڵ درا
قژە سەری هەڵەشیما گەردوونی گرت. 

نامەوێت قسە دەربارەی ئەدەب و نووسینی (صەلاح جەلال) بكەم، ئەوەی بۆ نووسینی ئەم چەند دێڕە پەڵكێشی كردم، وێنەی صەلاح جەلال خۆیەتی، كەسێك ساڵانێكە لە دوورەوە دەیبینم، زۆرجار وەكو تەمێكی سپی سپی بەسەر شەقامەكانی شاردا باڵ دەكێشێت، مات و بێدەنگ بیر دەكاتەوە، لەسەر كورسیەكانی چاپخانەی شەعب، لە بەر ساردی و گەرمی گۆڕەپانەكەی سەرادا، لە تەنیشت ئاهی وێنەكەی بێكەسی شاعیرەوە دەردەكەوێت و قووڵ دەچێتەوە ناخی خۆی.
صەلاح ئەو پیاوەیە گەردوون بە هیچ دەزانێ، دەیەوێت دوووبارە خۆی گەردوونێك بخوڵقنێتەوە تا هەموو مرۆڤە نائومێدەكانی وەكو خۆی، تا هەموو نووسەرە گیرفان بەتاڵ و نەدارەكان، تا هەموو بیرمەندان و فەیلەسوفەكان تێیدا بهێنێتەوە ناو ژیانێكی پڕ لە پەپوولە و جوانی و شەوە... كە دەیبینم بە جانتایەكی پڕ لە كتێبەوە، بە عەقڵێكی پڕ لە وشەوی نا دیارەوە، بەدیار كۆمپیتەرەكەیەوە بیر لە گەردوون دەكاتەوە، دەڵێم خۆزگەم بە خۆت كە هەموو شتێك لەلای تۆ بەهای نییە، پارە و ماڵ و دەستكەوت بۆ تۆ ناكاتە هەندێ دێڕی پڕ لەمانا.
صلاح جەلال بۆ من ئەو مرۆڤەیە كە هیچ مرۆڤێكی تر لەم وڵاتەدا لەو ناچێت، بە هەموو ژیانی ئەم پیاوە لە مەردایەتی خۆیدا نەیزانیوە پارە چییە، نەیزانییوە تامی خواردن و لەزەتی شتەكان چییە، بە قەدەر هەموومان ساردی و نەداری چەشتووە تا بە ئێستا دەگات كەس بە قەدەر صەلاح جەلال بێكەس و نەدار و بێ ماڵ و سامان نییە، ئەو باش دەزانێت كە كات و مێژوو سفرە و هیچ بەهایەكیان نییە، جوانی و مەردایەتی ئەم مرۆڤە لەمەدایە.
 ئەو نازانێت جل و بەرگ و خواردن و شار چ جوانیەكیان هەیە، لە ژێر بەرگە سادە وڕەنگ كاڵەوەبۆكانیدا بۆ وشەی ئەو كتێبانە دەگەڕێت كە مرۆڤ دووبارە لەسەر وێنەی خۆی دەخوڵقێننەوە، صەلاح لە هیچ نووسەرێك ناچێت، وەكو زۆر نووسەری تر نییە بە گیرفانی پڕەوە باسی كتێب و نووسین بكات، وەكو زۆر نووسەری تر درۆناكات، نازانێت بچێتە ناو گەمە مەرگهێنەرەكانی كۆیلەبوونەوە، وەكو زۆر نووسەری تر بە شوێن ئاگردا ناگەڕێت تا خەڵكی تری پێ بسووتێنێت.
صەلاح هەوارێكی بێدەنگە لە ڕۆحی خۆیدا بە ئاگری ئازارەكانی ناخی دەیەوێـت دووبارە لە خۆڵەمێشی گیانی خۆی كەسێكی تر دروستببێتەوە.
هەزارجار ئافەرم كە هیچ شتێك لەلای تۆ بەهای نییە، ئەوانەی وەكو تۆ شتەكان بێ بەها دەبینن وجوویان نییە لەم شارەدا، شار بۆ تۆ ئەو قەسابخانەیەیە كە تێیدا بەبەرچاوتەوە زۆر لە نووسەرەكان بە خوێن وشەی كتێبەكانیان دەنووسنەوە، بەڵام تۆ لەم قەسابخانەیەدا وشەكان فرمێسك و ئاهەكانی ڕۆحتن... خۆزگەم دەخواست زوو ئەم وشانەم بۆ بنووسیبایە، خۆزگە منیش وەكو تۆ بوومایە وەكو تۆ تەمێكی سپی سپی بوومایە... خۆزگە هەموومان وەكو تۆ بووینایە.
صەلاح گیان:
دەزانم چەند لە هەموومان بە گلەییت
چەند نەداریت
چەند بێكەس و بێ ماڵ و بێ دۆستیت
چەند مەردانە دەژیت
چەند بێ ویژدانانە پشتیان لە گیانی پڕ لە ئازاری تۆ كردووە
برام ژیانە ڕاستەقینەكە تۆ هەڵت گرتووە
برام هەر ئاوا بژی تا وەكو ئێمە داخل بە لیتاوی مەرگ نەبیت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP