هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، ئەو تاسانەی لە گەڕەک و شەقامەکاندا لەلایەن هاونیشتمانییانەوە بە نایاسایی دروستکراون زێدەڕۆیین و لایاندەبەن.
زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانى ڕایگەیاند، "ئەو تاسانەی نایاسایین بە زیادەڕۆیی دادەنرێن و لایان دەبەین. ئێمە بەردەوام هەڵمەت بۆ لابردنی ئەو زێدەڕۆییانە رێکدەخەین کە دەکرێنە سەر شەقامەکان."
دەشڵێت: "ئەگەر بەهۆی فشاری ئۆتۆمبێل و باران و بەفرەوە شەقامەکان چاڵیان تێکەوتبێت ئەوە ئێمە تیمێکمان هەیە کە بەشێوەیەکی کاتی بە قیری سارد چاکیان دەکەینەوە. هەموو ساڵێک لە مانگی ئایارەوە دەست بە هەڵمەتی نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان دەکەین."
ئاماژەشى بەوەکردوە، ئەگەر کۆمپانیایەک بۆ کارێکی تایبەت شەقامەکە هەڵبکەنێت، ئەوە ئەرکی سەرشانیانە چاکی بکەنەوە. شارەوانییش کە شەقامێک نۆژەندەکاتەوە بەسەر چاککردنەوەکەی کۆمپانیاکانیشدا دەچنەوە.
ئەوەشى خستۆتەڕو، "رێگەکانی دەرەوەی شار سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانن. ناوشار لە رۆژهەڵاتەوە تاوەکو بازگەی عەربەت سەر بە ئێمەیە، لە رۆژئاوایشەوە تاوەکو بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی تاسڵووجە."