هەرێم نیوز
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئێستا ھیچ بەربەستێک لەبەردەم بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستاندا نەماوە دەشڵێت: کار بۆ کاراکردنی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی دەکرێت بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەکاریی ھەڵبژاردن بکرێت.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای دەرکردنی فەرمانی ھەرێمی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، فراکسیۆنی پارتی ھەڵوێستی خۆی دیار کردووە و ئێمە ھەموو ھەوڵێک دەدەین تاکوو ھەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە بچێت، چونکە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا مافی یاساییی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە.''
دەشڵێـت: "ئێستا ھیچ بەربەستێک لەبەردەم بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستاندا نەماوە و تەنیا کاراکردنەوەی کۆمسیۆن پێویستە، لەبەر ئەوەش کار بۆ ئەوە دەکرێت بەپێی یاسا، کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان کارا بکرێتەوە و دەست بە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بکرێت.''
ئاماژەشى بەوەکردوە، "یاسای ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ھەموارکردنەوە نییە، بەڵام ئێمە ڕێگر نابین لە ھەموارکردنەوەی ئەگەر کات بەردەست بێت بۆ ھەموارەکە، چونکە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن پێویستی بە کاتی زیاترە.''