هەرێم نیوز
دوای دۆزینەوەی
تەرمی منداڵێك لە گوندی سیاوی سەربە پارێزگای هەولێر، ئۆمێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر
و باوكی دانەر نەوزادی 10 مانگ ئەو منداڵەی كە لە لافاوەكەی هەولێردا خنكا و تەرمەكەی
بێسەروشوێن بوو جەختیان لەوە كردەوە، كە تەرمی ناوبراوە.
ئومێد خۆشناو لە
كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، جل و بەرگی منداڵەكە و بەشێك لە جەستەی كە كەلەسەرێتی
دۆزراوەتەوە و تەمەنیشی ئەوە دەسەلمێنێت كە تەرمی دانەرە، ئێستاش تەرمەكەی لە پزیشكی
دادوەرییە و دوای رێكارە یاساییەكان دەنێژرێت.
رونیشیكردووەتەوە،
دوركەوتنەوەی تەرمی دانەر لەماڵەكەی 30 كیلۆمەترە و بەهۆی زۆری ماوەكەی بەو شێوەیە
شێواوە و ئەوانیش هەر رێگایەك هەبێت بۆ سەلماندنی دڵنیابوونەوە لە تەرمەكە دەیگرنە
بەر.
پارێزگاری هەولێر
جەختی لەوەش كردووەتەوە، سوپاسی هەموو تیمەكان و رێكخراو و خێرخوازان دەكەن كە لەم
گەڕانە لەگەڵیان بوون، لەگەڵ ئەوەی ئەم روداوە كارەساتێكی زۆر گەورە بوو، بەڵام بینینەوەی
تەرمەكەی كەمێك لەخەمی ئەوان و خانەوادەكەی كەم دەكاتەوە و هاوخەمی خۆیان بۆ خێزانەكەی
دەردەبڕن.
لای خۆشیەوە
باوكی دانەر باسی لەوەش كردووە، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەكەن كەپێیانەوە
ماندوو بوون، كوڕەكەیان بووە موڵكی هەموو كوردستان، ئەمڕۆ لە گۆڕستانی قوشتەپە بەخاك
دەستپێردرێت و پرسەكەی لە ماڵی خۆیان دەبێت.