هەرێم نیوز
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکایەتی پەرلەمان بەپێی دەستور پابەندە تا لەماوەی مانگێکدا سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، جەختیش دەکاتەوە هەڵبژاردنی جێگری سەرۆک پەرلەمان، "نەفەسێک بو بۆ یەکێتی بەوەی لە پۆستی تردا جێیان دەکرێتەوە."
شاخەوان عەبدوڵا لە گفتوگۆیەکدا لە گەڵ دەنگى ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، "ئێمە 8ی مانگمان بۆ دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاریکردوە، هیوادارین لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن، چونکە دوای پەسەندکردنی دادگای ئیتیحادی دەچینە نێو تەوقیتاتی دەستورییەوە، وەک چۆن لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا، نەمانهێشت تەوقیتی دەستوری بشکێت، دیسان پابەندین لەماوەی مانگێکدا سەرۆک کۆماریش هەڵبژێرین."
دەشڵێت: داوا لە حیزبەکان دەکات ڕێککەوتن ئەنجام بدەن، تا لە تەوقیتی دەستوری دا کەسێک کاندید بکەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، چونکە "دواتر دەبێت ڕێکارەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەت بگرنەبەر کە یەکێکە لە ئەرکە قورسەکان."
پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی یەکڕیزی نێو ماڵی کوردی تێکداوە و بەتەنها چوەتە ڕێککەوتنەوە لەگەڵ سەدر و سوننەکان، لەوبارەیەوە شاخەوان عەبدوڵا دەڵێت، "حیزب خاوەن بڕیاری خۆیەتی، پارتی هەمو هەنگاوەکان چوەتە پێشەوە، تەنانەت دەستنیشانکردنی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان نەفەسێک بو بۆ یەکێتی، ڕەنگە لە پۆستی تردا جێتان بکەینەوە، مادام پارتی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەڵبژارد، واتە تموحی لە شتی تر نیە."
ئەوەشی خستوەتەڕو، "هەندێک حیزب هەیە ڕەنگە ئەو ئیرادەیەی پارتی یان ڕەوتی سەدر هەیەتی ئەو نەیبێت، من لە مەوقعێکدام نامەوێت تۆمەتباری هیچ لایەک بکەم، بەڵام وەکو پارتی سەربەست ترین لە بڕیاردان."
دەربارەی تۆمەتبارکردنی پارتی بەوەی بوەتە بەشێک لە کێشەی نێو ماڵی شیعە، شاخەوان عەبدوڵا وتی، "وەکو پارتی ڕۆڵمان هەبوە تا لایەنەکان بگەنە یەک، بەڵام کە دانیشتن ئەنجامدرا، بەپێی مادەی 4 ناتوانرێت دانیشتن دوابخرێت، ناکرێت خەڵکانێک ڕێگربن لە دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت لەبەر ئەوەی ئەنجامەکانیان بەدڵ نەبوە، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە و ناتوانین دەستور پێشێل بکەین، لەو ڕوانگەشەوە سورین لەسەر پێکهێنانی حکومەت بەزوترین کات، تا دەست بەخزمەت بکات."
جێگری سەرۆکی پەرلەمان باسی لەوەشکردوە، کاندیدکردنی ئەو وەکو کەرکوکیەک لەلایەن پارتیەوە بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، واتای بایەخدانی حیزبەکەیەتی بەکەرکوک، "پارتی یەکەم پۆستی سیادی دابە کەرکوکیەک، چونکە پۆستەکە جیا لەوەی سیادیە، ڕۆڵیشی دەبێت لەدەرچواندنی یاساکان و کەرکوک پێویستی پێیەتی، بەتایبەت کێشمەی موڵکداری و مادەی 140 و ئیداری لە کەرکوک زۆرە، ئەم پۆستە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت، لەپەیوەندیەکی تەلەفۆنیشدا، جەنابی سەرۆک جەختیکردەوە، دەبێت هەوڵبدەین و هاوکاری باشبین بۆ جێبەجێکردنی دەستور و هیچ بۆشاییەک جێنەهێڵین."