دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 2 هەفتە

گەشتێك لە شاری ڕووناكبیری و داهێناندا

محەمەد ئەمین پێنجوێنی

ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێن

بە هاوڕێیەتی بولبولێکی شەیدا، ڕۆژێکمان تەرخان کرد بۆ گەڕان بەناو (شار) دا. ڕاستە سلێمانی هێشتا زۆر شتی ماوە بۆی بکرێت، بۆ ئەوەی شایانی ئەوە بێت، کە پێی بگووترێت: پایتەختی ڕۆشنبیری و داهێنان، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو کەموکووڕیانە و بێبەشکردنی لە خزمەتگوزاری کەللتووری، ئەم شارە هەر لە زۆر کۆنەوە نازناوی مەڵبەندی ڕۆشنبیری بۆ خۆی وەرگرتوە .

لەو زەمانەوە کە بووە بە پایەتەختی بابانەکان و مەدرەسەی تەسەوفی (مەولانا خالید، کاك ئەحمەدی شێخ، حوجرەکەی نالی، سالم، کوردی، حووکمداری مەلیك مەحموود، مەڵبەندی کۆمەڵەی زانستی، قوتابخانەی ڕوشدیە، قەلەندەرخانەکەی پیرەمێرد، فاکولتەی شیعری گۆران، شێخ نووری، دیلان ، کامەران موکری و هەتا دەگاتەوە شێرکۆ بێکەس و لەتیف هەڵمەت)، ئەمانە تاپۆی ڕەشی پایەتەختی ڕۆشنبیریین، خۆ ڕۆڵی ژن، (حەپسەخانی نەقیب، ئەختەر، خانم زوهدی و زەکیە بابان) ئەوانە چرایەکی گەشیی شارەکە بوون، نموونەی ئۆپۆزسیۆنبوون بەرانبەر بە دەسەڵات (جەمال عیرفان، عارف سائیب، عەبدولواحید نوری، حەمدی و مەحوی) منەوەری ڕەخنەگری سیاسی و جڤاکی زەمانی خۆیان بوون.

ئەوەی سلێمانی پێشکەش بە مێژووی کوللتووری کوردی کردوە، لە هەموو کوردستاندا کەموێنەیە.

ئایا ئەم نەوە نوێیە، چەند کەس دەرۆێش عەبدوڵای دەفژەن و سۆزی شمشاڵەکەی (دەروێش عەبدوڵڵا، جەمال بەختیار، ئەحەی ناسر و حەمەی بەکر) دەناسێت؟ هەرچەندە ئێمە لە حەفتاکاندا لە زۆر میهرەجان و وێنەدا بەشێك لە مێژوو و کوللتوور و ئەدەبی ئەم دەڤەرەمان بەنەوەی حەفتاکان ناساند، بۆ یە دەڵێم لە ڕووی هونەر و ئەدەبەوە پڕ بە پێستی خۆی بەرانبەربەر ئەو دوڕوگەوهەرانەی کە شارە حەیاتەکە پێشکەشی کوردی کردوە هێشتا کەمە .

من بە هاوڕێیەتی بولبولی ئاشق و شەیدای هونەر و ئاوازی کوردی (هۆمەری دزەیی) بە بەشێك لە شارەکەدا گەڕاین، سەرسام بووم بەو پەیکەر و وێنە دیواریانەی سەرمایەداری ڕووناكبیر (زاهیری کەریمەڕەش) لەسەر ئەو باڵەخانانەی کە بە شێوەیەکی کۆنی کوردەواری دروستی کردوە، بە وێنەی کەسایەتی مێژوویی، هونەری، ئەدەبی و نیشتیمانپەروەران ڕازاندویەتییەوە .

من یادەوەریی بەنرخم لە بازاڕە بچکۆلەدا هەیە لە ساڵانی ۱۹٤۸_ ۱۹٤۹ کە پێنجوێن بوومەلەرزە لێی دا و وێران بوو، ئێمە ساڵێك لە ماڵی حاجی عەلی بەگی باوکی هونەرمەند (حەمەجەزا)دا وەکوو ئاوارە ماینەوە، لە یادمە و قەتیش لەیادم ناچێتەوە کە ڕۆژی دە فلس ڕۆژانەم وەر دەگرت ولەو بازاڕە بچکۆلەیەدا خەرجم دەکرد و مەسکەت و لەبزینەم پێ دەکڕی .

هەر ئەو ڕۆژە سەرێکمان لە مۆزە خانە تایبەتییەکەی دکتۆر( لەتیف ڕەشید) دا، کە خانووەکەی باوکی کردووە بە مۆزەخانە، نایابترین و جوانترین تابلۆی جیهانی و کوردی و عێراقی تێدا نمایش کراوە ،جگە لە مانە گوێمان بەو ساز و ئاوازانە کە لەسەرشەقام و بەردەرکی سەرادا دەزرنگایەوە دڵخۆش بووین، بەو لاوە هونەرمەندە مۆسیقا ژەنانەی کە بە ئاوازەکانیان گەنجێکی زۆریان لە خۆیان کۆ کردبووەوە زۆر شاد بووین، ئەم دیمەنانە شارە کلتوریەکانی ئەوروپایان هێنایەوە یادمان گووتمان ئۆخەی شارە حەیاتەکەمان بوو بە پایەتەختی ڕۆشنبیری و هونەر و داهێنان.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP