دکتۆرە ژیان خلیل احمد پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک
خانمان لە هەموو تەمەنەکان تووشی ئازاری مەمک یان مەمکئێشە دەبن، کە گرفتێكی خانمانە و دەکرێت لە پێش یان لەدوای ماوەی بێهیوایی دروستببێت، بەڵام بە زۆری لە خانمانی گەنج زیاترە و یەکێک لە گرفتەکانی ئازاری مەمکیش ئەوەیە کە زۆربەی خانمان شەرم دەکەن لای پزیشك، دایک و تەنانەت خوشکەکەشی باسی بکەن.
هەرچەند لە 70%ی خانمان تووشی مەمکئێشە دەبن لە یەکێك لە کاتەکانی تەمەنیان، بەڵام لەو رێژەیە تەنیا 15%یان پێویستیان بە چارەسەری پزیشكی دەبێت.
هۆکارە باوەکانی ئازاری مەمک ئەمانەن:
1. کیسی مەمک
مەمکی خانمان کۆمەڵێک قەبارە و شێوازی جیاوازی هەیە و مەترسی دروستبوونی ئازاری زیاترە، هەروەها لەکاتی دروستبوونی رژێن و جۆگەکانی شیرگواستنەوە لەنێو مەمک، مەترسیی دروستبوونی کیسەکانی مەمک زیاددەکات.
2. دەرمان
کۆمەڵێک دەرمان هەن کە ئازاری مەمک دروستدەکەن، لەوانە:
• دەرمانەکانی نەزۆکی
• هۆڕمۆنەکانی رێگریکرن لە منداڵبوون
• ئیستڕۆجین و پڕۆجیستڕۆن لەدوای تەمەنی بێهیوایی
• دەرمانەکانی خەمۆکی
• دەرمانەکانی میزکردن
3. نەشتەرگەری مەمک
ئەنجامدانی نەشتەرگەری و دروستبوونی برین و مانەوەی شوێنەواری برین هۆکارە بۆ ئازاری مەمک.
4. هەوکردنی شانە کڕکڕاگەییەکان
هەوکردنی شانە کڕکڕاگەییەکانی کە پەراسووەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەرچەندە ئەمە پەیوەندی بە مەمک نییە، بەڵام زۆربەی خانمان بۆیان جیاناکرێتەوە.
5. هەوکردنی مەمک
ئەمانە چەند حاڵەتێکی بە ئازارن، زیاتر تووشی خانمانی شیردەر دەبن بەهۆی مانەوەی شیر و هەوکردنی روودەدات و زۆرجار لەگەڵیدا ئازار، تا، بێهێزی و ئەستووربوونی مەمک روودەدات.
6. سوخمەیەکی ناڕێک
هەبوونی سوخمەیەکی زۆر تەسک، یان زۆر شل پاڵپشتی مەمکەکان لاواز دەکات و بەمەش ئازار دروستدەکات.
7. شێرپەنجەی مەمک
زۆربەی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی مەمک بێ ئازارن، بەڵام لە هەندێكیان ئازار و ناڕەحەتی دروستدەکات و پێویستیان بە پشکنین دەبێت.
پێویستە خانمان هۆشیاربن و لەکاتی دروستبوونی ئازار سەردانی پزیشكی تایبەتی خۆیان بکەن، تاکو لە هۆکارەکەی دڵنیاببنەوە کە دەکرێت یەکێك لەمانەی سەرەوە بێت.