دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 29/09/2021

بۆ دوانزەهەمین جار بەرزترین ئاستى توانەوە لە جەمسەرى باکورى گۆى زەوى تۆمار کرا

هەرێم نیوز

تازەترین گرتەكان و لیكۆڵینەوە زانستییەكان ئاماژەیان بە دووبارەبوونەوەیەكی دیكەی زۆر بەرزی ئاستی توانەوەی رووپۆشی سەهۆڵیی جەمسەری باكوور داوە.

(سەنتەری گۆداردی ئاسمانیی) سەر بە ئاژانسی (ناسا) و بە سوود وەرگرتن لە داتاو وێنەكانی تایبەت بە (پێوەری پێشكەوتووی تیشكیی و رووماڵكردن بە شەپۆلە كورتەكان – AMSR2) ی مانگی دەستكردی (GCOM-W1) ی سەر بە (ئاژانسی بۆشاییگەریی ژاپۆنیی – JAXA) دەریخست كەوا توانەوەو كەمبوونەوەی رووپۆشی سەهۆڵیی دەریایی لە جەمسەری بەستووی باكوور لە 16 ی ئەیلوولی ئەمساڵدا ژمارەیەكی دیكەی پێوانەیی تۆماركرد دوای ئەوەی لە بەهارو هاوینەوە هەست بەو توانەوە زۆرە كرابوو.

ئەمساڵ ئاستی توانەوەی رووپۆشی سەهۆڵیی دەریایی لەو ناوچەیەدا گەیشتە 4.72 ملیۆن كیلۆمەتر چوارگۆشەو سەهۆڵی دەریاییش بەوە پێناسە دەكرێ كە بریتییە كۆی گشتیی ئەو رووبەرەی كە چڕیی سەهۆڵ تیایدا نابێ لە %15 كەمتر بێت.

بە شێوەیەكی گشتیی، نێوەندی نزمترین تۆمار لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ نزمبوونەوەیەكی یەگجار زۆری بەخۆیەوە بینی لەوەتەی مانگە دەستكردەكان لە ساڵی 1978 ەوەو و تاوەكو ئێستا بە شێوەیەكی جێگیرو رێك و پێك دەستیانكردووە بە تۆماركردنی ئاست و رووبەری رۆپۆشی سەهۆڵی دەریایی جەمسەرەكانی باكوورو باشوور، بەڵام لە ماوەی 15 ساڵەی دوایی، واتە لە 2007 تا 2021 دا رێژەیەكی نامۆو خێرای توانەوەی تیایاندا تۆماركراوە.

بەم واتایە، پسپۆڕان لە ماوەی43 ساڵی رابردوودا 15 كەمترین ئاستی توانەوەی سەهۆڵی جەمسەری باكووریان تەنها لە نێوان 2007 تا 2021 تۆماركردووە، كە ئەمەش هێمایەكی مەترسیدارو مایەی دڵەڕواكێییە.

 

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP