دواین هەواڵ

کلتور‌

 12/09/2021

ئەزمونگەری حەبی پاراستۆڵ نیە

سدیق عەزیز

ئەزمونگەری میتۆدێکی زانیستیە،کەسی ئەزمونگەر خاوەن تێروانین و پاشخانێکی مەعریفی گەورەیە ،کە دەیەوێت لە ڕیگای تیۆری و پراکتیکەوە بگاتە دەرئەنجانی کۆمەڵێک پرسیار،کەواتە کەسی ئەزمونگەر خاوەنی پرسیار و خوڵقێنەری تێروانینی تازەو پرسیاری تازەیە،ئەم پرسیارانە لەدایک بووی گەڕان و قوڵبونەوەو تاوتوێکردن و شرڤەکردنی پرۆسەیەکی دورودرێژی ناو میتۆدەکانی پێش خۆیەتی، کەسی ئەزمونگەر نەیتوانیەوە وەلامی ئەوپرسیارنەی لە مێژوودا بدۆزێتەوە.

ئەزمونگەری بەمانای تازەگەری،بەمانای دۆزینەوەی نهێنیەک کە پێشتر پەیپێنەبراوە،بەمانای شۆڕشیک بەسەر میتۆدێکی باودا ،بەمانای رەفزکردنی ئەوەی بووە و زۆرجارانیش ئەوەی لە دەوری خۆی ولەسەر دەمەکەی خۆیدا دەگوزەرێت. ئەزمونگەری و تازەگەری پەیوەستە بە ئاستی هۆشیاری ،هۆشیاری کەلتوری و کۆمەلایەتی و سیاسی،بەو مانایەی کە هەموو ئەو کارە ئەزمونگەریانەی لە ئەوروپادا سەریان هەڵداوە و کاریگەریان لەسەر ئاستی کەلتوری و هونەری هەبووە،

رەنگدانەوەی ئاستی هۆشیاری کەلتوری و سیاسی و ئازادی و ئازادی تاک هەبووە،ئازادی بیر و ئازادی جەستە. ئەزمونگەری حەبی پاراستۆل نیە ،هەرچی ئازاری سەری هەبوو بیخوات و چارەسەریکات. گواستنەوەی ئەزمونگەری لە کۆمەلگەیەکەوە بۆ کەۆمەلگەیەکی دیکە، لە کەلتورێکەوە بۆ کەلتورێکی دیکە ،دەشێت هەمانکاریگەری و هەمانگۆڕنکاری دروستنەکات. ئەو کارە ئەزمونگەریانەی لە فەرنسا وبەریتانیا و ئەڵمانیا،تەواوی ژیانی کەلتوری و هونەری گۆڕیەوە ، ناکرێت لە شوێنێکی دیکە هەمان کاریگەری دورستکات.

کاتێک لە کوردوستان گوێمان لە هەندیك دەرهێنەردەبێت دەڵێت ،من لەسەر میتۆدی فڵان شانۆکاری جیهانی کارمکردووە،بەبڕوای من لە میتۆد تێنەگەیشتووە. بە کوردی و بە کورتی، هێچ دەرهێنەرێک ناتوانێت کاری دەرهێنان ئەنجامبات ، ئەگەرخاوەن پاشخانێکی مەعریفی گەورەی مێژووی میتۆدە شانۆییەکانی جیهان نەبێت،میتۆدەکان دەمانکەنە خاوەن خەیاڵ و دنیابینی و تێروانین بۆ چۆنیەتی کارکردنمان لە دەقێکی شانۆیدا.

دەرهێنەر زۆر جاران سود لە میتۆدەکە وەرناگرێت، هێندی سود لە چۆنیەتی مامەڵکەکردنی دەرهێنەرێک وەرنەگرێت ،هێندەی دەرهێنەرێک باس لە ئەزمونی خۆی لەگەڵ دەقێکدادەکات.دەشێت ناوەرۆکی میتۆدکەی کرۆتۆفسکی بۆ من هێندە کاریگەری نەبێت،هێندەی ئەوەی کە باس لە چۆنیەتی مامەڵکردنی خۆی دەکات لەگەڵ تێکستی شانۆگەری دکتۆرفاوستدا، پیتەربرۆک لەوەدا بۆ من گرنگە کە باس ئەزمون تێروانی خۆیدەکات لە سینگرافیەی شانۆگەری زەریدا،

ئەو گۆرانکاری و هۆکاری چەندجار گۆڕینی خەیاڵی لە سینگرافیەدا. میتۆد فێرمان دەکات چۆن بتوانین پەیوەندیەکی تازەی نێوان بینەر و نمایش بدۆزینەوە، میتۆد زیاتر پەیوەستە بە خودی گەشەی توانای ئەکتەر لە ڕووی جەستەو دەنگ و دۆزینەوەی پەیوەندیەکانی نێوان خۆی و ئەکتەرەکانی تری ناو نمایش و بینەران.

میتۆد فێرمان دەکات کە چۆن بتوانین کەشێکی شانۆیی باڵا لە ڕووی چیژوو ئاستێکی باڵای هونەریدا بخولقێنین.میتۆد کۆپیکردن و نەقلکردن و لا سایی کردنەوە نیە،وەک ئەوەی کۆمەڵیک جوڵەی بایۆمیکانیکی مایرهۆلد بیدەیتە ئەکتەرێکی کوردو بڵێیت،من لەسەر میتۆدی بایۆمیکانێک کارم کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP